كه‌جه‌كه‌: ڕاستترین هه‌ڵسوكه‌وت خاوه‌نداریكردنه‌ له‌ رێبه‌ر گەلی كورد

231
0
هاوبەشی :

كه‌جه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، كۆنفڕانسی لۆزان و كۆبوونه‌وه‌ی برۆكسێل، بۆ خاوه‌نداریكردن له‌ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد رێبه‌ر گەلی كورد، زۆر واتاداره‌، وتیشی:”ڕاستترین نموونه‌ی خاوه‌نداریكردنه‌ له‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ”.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگه‌یاند، له‌ ١٠٠ه‌مین ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌)، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی سازكرد. نوێنه‌ری زۆریه‌ك له‌ ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان، رۆشنبیران، مێژوونووسان، سیاسه‌تمه‌داران، كه‌سایه‌تی و دۆستانی گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری گه‌لان، ئایینه‌ جیاجیاكانی كوردستانیش به‌شدارییان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كرد. ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ ١٠٠ه‌مین ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان، كه‌ بۆ گه‌لی كورد و كوردستان له‌ ئاستی مێژوویدا گرنگه‌، زۆر واتادار و به‌نرخ لێیده‌ڕوانین.

كه‌جه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، په‌یماننامه‌ی لۆزان په‌یمانێكی قڕكردنه‌، كه‌ گه‌لی كوردی به‌ نه‌بوو دانا و كوردستانی دابه‌ش كرد. ده‌وڵه‌تانی كۆلۆنیالیست له‌ كوردستان پشتیان به‌و په‌یماننامه‌یه‌ به‌ست و ماوه‌ی سه‌د ساڵه‌ له‌سه‌ر گه‌لی كورد سیاسه‌تی نكۆڵیكردن، له‌ناوبردن و كۆمه‌ڵكوژكردن په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. ده‌وڵه‌تانی كۆلۆنیالیستی قڕكه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی تا ئێستا له‌ دژی گه‌لی كورد ئه‌نجامیانداوه‌، هه‌مووی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یمانه‌وه‌ بووه‌. چوونكه‌ ئه‌و په‌یمانه‌ گه‌لی كورد و كوردستانی به‌نه‌بوو دانا. كوشتنی ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ن، ڕه‌وایه‌تی پێدرا. به‌هۆی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌م په‌یمانه‌ دران، هه‌موو جیهان و به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپایی له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵكوژی و قڕكردنی كورد بێده‌نگ بوون. ئه‌وانه‌ی خاوه‌ندارییان له‌و په‌یمانه‌ كرد و واژۆیان كرد، نه‌ له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری و داكۆكیكردن له‌ مافه‌كان، به‌ڵكوو له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ئاوبووریه‌كانیان جوڵانه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا به‌ده‌ستی هیزه‌كانی سیستمی سه‌رمایه‌داری باڵاده‌ست، گه‌لانی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ تایبه‌تی گه‌لی كورد، له‌یه‌ك دابرێندران، دابه‌شكران و ڕاده‌ستی سیستمی كۆلۆنیالیستی قڕكه‌ر كران. تاكه‌ شتێكیش كه‌ هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان له‌ خه‌میدابوون، خزمه‌تكردن به‌و ڕژێمانه‌ بوو كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نۆكه‌ر و كلكی خۆیان بوون”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە دا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش كراوه‌:

“په‌یمانی لۆزان ده‌ره‌نجامی سیاسیه‌تی په‌رت كه‌ و زاڵ به‌-ی ئیمپریالیزمه‌ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یی هه‌یه‌ كه‌ سه‌روه‌ری هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان له‌ جوگرافیایی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا ده‌سه‌پێنێت. درێژكراوه‌ی په‌یماننامه‌ی سایكس پیكۆیه‌، كه‌ له‌سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به‌ نهێنی له‌ نێوان هێزه‌ هه‌ژموونخوازه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاماده‌كرابوو. ته‌واوكه‌ری ئه‌و په‌یمانه‌یه‌. بۆیه‌ په‌یمانی لۆزان به‌ڵگه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی. به‌و په‌یمانه‌ نه‌ گه‌لێك ڕزگار بوو و نه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك سیستمێكی سیاسی بنیادنرا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ڕێككه‌وتنێكی دژه‌ دیموكراتیكه‌، كه‌ تێكۆشانی گه‌لان له‌ پێناو ئازادی و ڕزگاریدا سه‌ركوت ده‌كات و سه‌دان ساڵه‌ به‌سه‌ر گه‌لان مێشك و سیاسه‌تێكی كۆلۆنیالیستی قڕكه‌ر ده‌سه‌پێنێت.

پاڵپشتی له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانی ئه‌نجامنامه‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌ ده‌كه‌ین

هه‌روه‌ك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌ستنیشان كرا، په‌یماننامه‌ی لۆزان ته‌نیا به‌ یه‌كێتی گه‌لی كورد هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و بناغه‌ی په‌یمانێكی نوێ داده‌نرێت. ئه‌و ده‌ستنیشان كردنه‌ زۆر له‌ جێگه‌ی خۆیدایه‌ و مێژووییه‌. گرنگترین ڕاستی كه‌ له‌ تێكۆشانی گه‌لی كورد له‌ دژی په‌یمانی لۆزان به‌رجسته‌ بووه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و تێكۆشانه‌ به‌ یه‌كێتی و یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌یی مسۆگه‌ر ده‌بێت. ئێمه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ نیو سه‌ده‌یه‌ له‌ دژی سیستمی كۆلۆنیالیستی قركه‌ر تێده‌كۆشین، به‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌جوڵێنه‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ ئه‌و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌ پێكبێت. هه‌وڵدانی ڕێبه‌ر ئاپۆ بۆ پێكهێنانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانرێت. بۆیه‌ هه‌ڵوێستێكی زۆر ڕاست و گرنگه‌ كه‌ بانگه‌واز بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ گه‌وره‌ترین داواكاری گه‌له‌كه‌مانه‌، له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا كرا. هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ ئه‌نجامنامه‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێكراوه‌، به‌تایبه‌تی پرسی كۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی به‌ گرنگ ده‌زانین و پشتگیریان لێده‌كه‌ین. بۆ پێكهێنانیشیان هه‌وڵ ده‌ده‌ین.

له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا خاوه‌نداری كردن له‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ زۆر واتادار بوو

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین، گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئازادی جه‌سته‌یی ڕێبه‌ر ئاپۆ و ڕاگه‌یاندنی له‌ ئه‌نجامنامه‌كه‌دا زۆر واتاداره‌. ڕێبه‌ر ئاپۆ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌ پێناو ئازدی و ڕزگاركردنی گه‌لی كورد كردووه‌. ئه‌گه‌ر گه‌لی كورد له‌ له‌ناوچوون ڕزگاری بووه‌، پارێزگاری له‌ هه‌بوونی خۆی كردووه‌ و ئه‌مڕۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی تێده‌كۆشێت، له‌م بابه‌ته‌دا ڕۆڵی تێكۆشانی ڕێبه‌ر ئاپۆ زۆر گرنگه‌. پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی سیستمی گۆشه‌گیری و ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ ئیمراڵی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ تێكۆشانی ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌ پێناو ئازادی گه‌لی كورده‌وه‌ هه‌یه‌. پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی و سیستمی گۆشه‌گیری و ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ ئیمراڵی درێژكراوه‌ی په‌یمانی لۆزان و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی. هه‌ربۆیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌مجۆره‌ كه‌ له‌ دژی په‌یماننامه‌ی لۆزان ئه‌نجام درا، خاوه‌نداریكردن له‌ رێبه‌ر گەلی كورد زۆر واتاداره‌. هه‌موو پێكهاته‌كانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، كه‌ به‌و تێگه‌یشتن و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان كرد، سڵاویان لێده‌كه‌ین و خۆشه‌ویستی و ڕێزمانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی برۆكسێل مامه‌ڵه‌كردنێكی زۆر گرنگه‌

سه‌ندیكاكانی كرێكاران له‌ ئه‌وروپا له‌ شاری برۆكسێل بۆ شه‌رمه‌زاركردنی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ و هه‌روه‌ها تێكۆشان له‌ دژی گۆشه‌گیری كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام دا. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ زۆر واتادار و گرنگه‌. ڕاستترین نموونه‌ی خاوه‌نداریكردن له‌ رێبه‌ر ئاپۆ و پشتیوانی له‌ گه‌لی كورده‌. به‌ڕێزه‌وه‌ سڵاو له‌ هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ به‌شدارییان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كرد. واتای زۆره‌ كه‌ كرێكاران، ڕه‌نجده‌ران، ژنان، ڕۆشنبیران، نووسه‌ران، هونه‌رمه‌ندان، ئاكادیمی و خوازیارانی ئازادی و دیموكراسی، خاوه‌نداری له‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌كه‌ن. ڕێبه‌ر ئاپۆ نه‌ته‌نیا بۆ گه‌لی كورد، به‌ڵكو بۆ هه‌موو گه‌لان، بن ده‌ستان و مرۆڤایه‌تی تێكۆشان و خزمه‌تی كرد. هۆشمه‌ندی سۆسیالیزمی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، كه‌ پشت به‌ ئازادی ژن و ئیكۆلۆژی ده‌به‌ستێت، مامه‌ڵه‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری. هه‌ڵوێستی هێزه‌كانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری له‌به‌رامبه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ، پیلانگێڕی نیونه‌ته‌وه‌ی و سیستمی گۆشه‌گیری و ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ ئیمراڵی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هەڵوێستەی ڕێبه‌ر ئاپۆیه‌. بۆیه‌ زۆر واتاداره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك ده‌كه‌ن و له‌نێو لێگه‌ڕین به‌دوای ژیانێكی ئازاد دان، له‌ دژی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌یی هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان، خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن. پێگومان ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ كورد و ڕێبه‌ر ئاپۆ مایه‌یی قبۆڵكردن نییه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دوای دیموكراسی و ئازادیدا ده‌گه‌ڕێن به‌تایبه‌تی پێشه‌نگانی كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك، ده‌بێت ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵانه‌ قبول نه‌كه‌ن. ئێمه‌ هه‌ڵوێستی دۆستان له‌ برۆكسێل، كه‌ ده‌رئه‌نجامی مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌و جۆره‌یه‌ زۆر واتادار ده‌بینین و چاوه‌ڕێین ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌ به‌هێزی و تا تێكشكاندنی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌رده‌وام بێت. بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ داوا له‌ گه‌لی كورد و دۆستانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ین، تێكۆشان له‌ دژی گۆشه‌گیری به‌هێزتر بكه‌ن و تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجام به‌رده‌وام بن.

هاوبەشی :