کورد لە لۆزانەوە: پلانی جینۆساید بەردەوامن، رێگرییان لێدەکەین

265
0
هاوبەشی :

بەشداربووانی کۆنفرانسی دژی پەیمانی لۆزان رایانگەیاند، “کورد ئیتر وەک کوردی پێشوو نییە، بزوتنەوەی ئازادیی کورد بەهای گرنگی ئافراندووە”، بەشدرابووان ئەوەشیان خستەڕوو کە پلانی جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامە.

پەیمانی لۆزان کە کوردستانی بۆ چوارپارچە دابەش کرد و جینۆساید و کۆمەڵکوژی بەسەر کوردان و گەلانی هەرێمەکەدا سەپاند، لە سەدەمین ساڵەیدا لە شاری لۆزانی سویسرا شەرمەزار دەکرێت. لەو چوارچێوەدا لە هۆڵی کۆنگرەی بیۆلیۆی لۆزان بە بەشداری ٦٠٠ نوێنەری چوار بەشی کوردستان کۆنفڕانسێکی دوو رۆژە بەڕێوەدەچێت.

لە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە، لە یەنەکەوە بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی کەنەکە فیکرەت ئیگرەک، سیاسەتمەداری کورد موسا فاریسئوگیولاری، هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا عەبدولکەریم عومەر لەبارەی واتا و گرنگی کۆنفراسەکەوە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

بڵێسە جەبار فەرمان: تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت

بڵێسە جەبار فەرمان رایگەیاند کە وەک یەنەکە ئەوان لە پێوان ئازادی گەلی کورددا تێدەکۆشن و هەربەو ئامانجەشەوە بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد کە تێکۆشانی خۆیان لە پێناو ئازادی چوارپارچەی کوردستان درێژە پێدەدەن.

ئیگرەک: ستراتیژی هاوبەش دیاریدەکەین

ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی کەنەکە فیکرەت ئیگرەک ئەوەی خستەڕوو کە رژێمی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت لە سەد ساڵی دووەمی لۆزاندا سەرجەم دەستکەوتەکانی کورد لەناوببات و وتی” دەوڵەتی تورک دەیەوێت سنوورەکانی میساقی- میللی فراوان بکات، لە رۆژئاوا و باشوور دەستکەوتەکان لەناوببات. رێککەوتنی ٢٠٢٠ لە بارەی شەنگال و داگیرکردنی سەرێکانی و عەفرین بەهەمان مەبەست ئەنجامدران. هەروەها هێرشەکانی سەر باکوور، گۆشەگیری دژوار لەسەر بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان، لە چوارچێوەی لۆزانێکی دووەمدا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێن.

ئیگرەک هێمای بۆ ئەوەشکرد کە ئامانجی ئەم کۆنفڕانسەی لە لۆزان بەڕێوەدەچێت دیاریکردنی ستراتیژێکی هاوبەشە لە دژی دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست و باسی لەوەکرد، ” گەلی کوردستان بە بەرخودانی خۆی، بە تێکۆشانی خۆی، دەستکەوتی گرنگی خوڵقاندووە. لەئێستا بەدواوە بە بەرخودان لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک دەوەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ستراتیژێکی سیاسی دابڕێژرێت”.

فاریسئۆگیولاری: ئەم کۆنفڕانسە رۆلێکی مێژوویی دەگێڕێت

سیاسەتمەداری کورد موسا فاریسئۆگیولاری پەیمانی لۆزانی وەک لەناوبردنی کوردان پێناسەکرد و وتی، “ئەم کۆنفڕانسە ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی پەیمانی لۆزان. هەڵسەنگاندنەکانی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە مێژوویین. ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی گفتوگۆکان لێرە بگۆڕین بۆ دەرکردنی بڕیار”.

فاریسئۆگیولاری وتی، “گەلی کورد ئیتر بە هێزی خۆی، لۆزان رەتدەکاتەوە. لەو چوارچێوەدا ئێمە پەیمانی لۆزان هەر لە شاری لۆزان رەتدەکەینەوە”.

فاریسئۆگیولاری دەستنیشانی کرد کە دەبێت سەدەی نوێ بکەنە سەدەی ئازادی گەلی کورد و وتی، “بۆیە ئەم کۆنفڕانسە ئەرکێکی مێژوویی رادەپەڕێنێت”.

ئۆزتورک: بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە قۆناغەکە دیاریدەکات

هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک ئەوەی خستەڕوو کە بڕیارەکانی پەیمانی لۆزان پەڵەیەکی رەشە بۆ مرۆڤایەتی و وتی، “ئامانجی سەرەکی کۆنفڕانسەکە لەناوبردنی پەیمانی لۆزانە. لە دژی لۆزان، لە دژی ئەو لایەنانەی کە مۆری خۆیان لە ژێر پەیمانی لۆزانی داوە دەبێت ئێمە تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببەین. لەگەڵ لۆزان کۆمەڵکوژی کولتوری و جەستەیی کورد دەستیپێکرد. ئەو کۆمەڵکوژیە هێشتا بەردەوامە”. بەردان ئۆزتورک ئەوەی خستەڕوو کە کۆنفڕانسەکە مێژووییەوە و قۆناغی ئێستا بەدواوە دیاریدەکات.

باسی لەوەشکرد ئەو هێرشانەی ئێستا لە دژی هەر چوار پارچەی کوردستانن و دەستنیشانی کرد کە لەگەڵ گەلەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان وەڵامی سەدەی نوێ دەدەینەوە.

عومەر: کورد ئیتر کوردی پێشوو نییە

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی ئەنجامە قورسەکانی ١٠٠ ساڵی دوای واژۆکردنی پەیمانی لۆزان کرد و وتی، “دەوڵەتی تورک لە رێگەی لۆزانی دووەمەوە دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببات. هەربۆیەش بە هەموو جۆرێک هێرش دەکات. بەڵام ١٠٠ ساڵ تێپەڕبوو، نەیانتوانی لەناوی ببەن. هەرگیز لەناو ناچن. کورد چیتر وەک کوردی بەر لە ١٠٠ ساڵ نییە، کورد هێز و دۆستی زۆری هەیە. ئەو بڕیارانەی لەم کۆنفڕانسەدا دەدرێن خمەت بە یەکێتیی کوردستان و ئایندەی گەلی کوردستان دەکەن”.

هاوبەشی :