هاوڵاتییەکی باشووری کوردستان لە لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر لەسەر سنووری دەستکردی باشوور و ڕۆژهەڵات لەلایەن چەکدارانی پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە كوژرا
هاوڵاتییەکی تەمەن ٥٠ ساڵان خەڵکی باشووری کوردستان لە کاتێکدا کە هەوڵی داوە ئاگرکەوەتنەوەیەک لەسەر سنووری دەستکردی باشوور و ڕۆژهەڵات بکوژێنێتەوە، لەلایەن چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، غازی مستەفا ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕ دەوربەری گوندی “کانی پاشا”ی لەسەر سنووری “بەمۆ”ی حەڵەبجە ئاگری تێبەربووە و خەڵکی گوندەکە هەوڵیان داوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.
دوای ئەوەی خەڵک ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە گەڕاونەتەوە گوندەکەیان. بەڵام غازی مستەفا کە لەگەڵیان بووە، بێسەروشوێن بووە. ڕۆژی دواتر خەڵکی ناوچەکە ئاسەواری خوێن و فیشەکیان لەسەر سنوور دیتووەتەوە و دواتر دەرکەوتووە کە چەکدارانی سپا تەقەیان لەو هاوڵاتییە کردووە و دواتر بە برینداری ڕایانکشێاوەتە ناو سنووری ڕۆژهەڵات.
تەرمی ئەو هاوڵاتییە ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بۆ سنووری هەرێم گواستراوەتەوە و لە ناوچەی “زەڕایەن”ی سەر بە شاری حەڵەبجە ئەسپەردەی خاک کراوە.