پەکەکە پێوانی مرۆڤایەتی و کوردبوونی بەرجەستە کرد

227
0
هاوبەشی :

سارا ئەحمەدی – فوڕات نیوز

ئەڤریم نودا و تێکۆشین روستەم گەریلایانی یەکینەکانی ژنانی ئازادی ستار باسیان لەوەکرد، ئامانجیان بە زیندوویی راگرتنی رۆحی بەرخودانی خۆڕاگرانی ١٤ی تەمووزە و هەتا بزوتنەوەی ئازادی، سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر بکات؛ ئەم رۆحە درێژەی دەبێت.

ئەڤریم نودا و تێکۆشین روستەم گەریلایانی یەکینەکانی ژنانی ئازادی ستار YJA STAR سەبارەت بە خۆڕاگری ١٤ی تەمووز بۆ ئاژانسەکەمان دوان. هەر دوو گەریلای YJA STAR باس لە رۆحی ١٤ی تەمووز ، بەردەوامی رێبازی بەرخۆدان هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمانیان کرد و لە کۆتایی قسەکانیان‌دا باسیان لە بڕیارداری گەریلایانی ئازادی لە رێبازی بەرخۆدان و تێکۆشان کرد؛ کە هەتا مسۆگەر کردنی ئازادی رۆحی بەرخۆدان لە خۆیان‌دا درێژە پێدەدەن.

“ئەم هەڤاڵانە بە ئیرادەیەکی بێ هاوتا لە دژی داگیرکەران ئەفسانەیان تۆمار کرد”

گەریلای YJA STAR ئەڤریم نودا لە سەرەتای قسەکانی‌دا لە کەسایەتی شەهیدان کەماڵ پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی وەبیرهێنایەوە و وەها باسی لەسەر گرنگی رۆژی ١٤ی تەمووز کرد:” بە گشتی لە مێژووی پەکەکەدا داستانی زۆر مێژوویی تۆمار کراون. ئەم تێکۆشانە هەتا رۆژی ئەمڕۆمان بە قوربانی و رەنجێکی زۆر مەزنەوە هاتووە. ئەم راستییە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ و هاوڕێیانی سەرەتادا بەرجەستە دەبێت. هەڵبەتە ئێمەش قەرزداری رێبەرتی و ئەم شەهیدانەین. لە قۆناخی زیندانی ئامەد زەخت و زۆردارییەکی زۆر لەسەر گەل، رێکخستن و زیندانەکان هەیە. دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە چەپەڵییەک بەڕێوەدەبات و ئەم هەڤاڵانە لە دژی ئەم سیاسەتانە بۆ ئەوەی رۆحی پەکەکە نیشان بدەن، دەستیان بە چالاکی کرد. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا خوازیار بوو هەم لەبواری دەروونی و هەم لە بواری جەستەییەوە هەڤاڵان لەناو ببات. هەڵبەتە هەتا رۆژگاری ئەمڕۆشمان ئەم سیاسەتانە بەردەوامن. ئەم هەڤاڵانە بە ئیرادەیەکی بێ هاوتا لە دژی داگیرکەران ئەفسانەیان تۆمار کرد. لە بواری ئەشکەنجەوە هەر جۆرە تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر ئەم هەڤاڵانە کرد. هەموو ئەم شتانە لە خۆوە ئاوا نەبوون و هەڤاڵان بەم چالاکییەیان ترسێکی مەزنیان لە دڵی داگیرکەران‌دا ئاوا کرد. ئەم هەڤاڵانە هەرگیز بیریان لە خۆبەدەستەوەدان نەکردەوە و سەرلەنوێ رۆحی خۆڕاگری و سەرکەوتنیان بەرجەستە کرد.”

” ئەم هاوڕێیانە بە ئیرادەی بێ‌سنووریان سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد ”

ئەڤریم نودا لە درێژەی قسەکانی‌دا باس لە رۆح و ئیرادەی چالاکوانانی ١٤ی تەمووز دەکات و بەمشێوەیە پێناسەی ئەم زۆڕاگرییە دەکات:”هەڤاڵ عەلی چیچەک وەک هەڤاڵێکی گەنج لە کەسایەتی هەڤاڵ کەماڵ پیردا پەکەکە دەناسێت. هەڤاڵ عەلی چیچەک لە کەسایەتی هەڤاڵ کەماڵ پیردا رۆحی خۆڕاگری پەکەکە دەناسێت و دەڵێت ئەگەر فەرمانداری من دەستی بە چالاکی مانگرتن لەخواردن کردبێ بە دڵنیایەوە شتێک دەزانێت و بۆ ئەمە ئەویش بەشداری ئەم چالاکییە دەبێ. تێکۆشانی ئەم هاوڕێیانە بێ سنوورە و ئاوێتەبوونێکی بێسنوور لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان هەیە. کاتێک هەڤاڵ محەمەد خەیری دورموش دەڵێت:’ کە مردم لەسەر مەزارم بنووسن قەرزداری گەلەکەیەتی.’ دەبینین کە ئەم هەڤاڵانە رۆحی خۆیان پێشکەش کرد، لە بەرامبەر فاشیزم سەریان دانەنەواند و تێکۆشانیان کرد، ویستیان بۆ گەلەکەیان تێکۆشانێکی بێ‌هاوتا بەڕێوە ببەن لەم سۆنگەیەوە؛ هەڤاڵ خەیری دورموش قەت خۆی تێر نەدیت و هەر خۆی بە قەرزداری وڵاتەکەی دانا. ئەم هاوڕێیانە بۆ ئێمە بوون بە مێژووی خۆڕاگری. ئەم هاوڕێیانە بە ئیرادەی بێ‌سنووریان سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد. ئەم هەڤاڵانەمان بەم چالاکییە جارێکی‌تر رۆحی خۆڕاگری پەکەکەیان کە رادەست‌بوون پەسەند ناکات نیشانی هەموو جیهان‌دا. لە کەسایەتی هەڤاڵان کەماڵ پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک‌دا دیتمان کە ئەم رۆحە لە هەموو جیهان بڵاو بۆتەوە.”

“ئامانجی تێکۆشانی ئێمە هەمیشە ژیاندنەوەی رۆحی ئەم هاوڕێیانەیە”

ئەڤریم نودا لە کۆتایی قسەکانی‌دا ئاماژە بە میراتی ئەم رۆحە خۆڕاگرییە لە رۆژگاری ئەمڕۆمان‌دا دەکات و بە جەخت کردنەوە لەسەر خۆڕاگری هەڤاڵآن خەبات و زانا بڕیارداری گەریلایان بۆ سەرکەوتن دەخاتەڕوو و دەڵێ:”رۆحی ١٤ی تەمووز هەتا رۆژی ئەمڕۆمان لە کەسایەتی هەڤاڵانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لەباکوور و بە گشتی لە هەر چوار بەشی کوردستان دەژێندرێت. ئەم رۆحە هەمیشە زیندوو بووە و زیندوو دەمێنێتەوە. لە قۆناخی دواییش‌دا لە کەسایەتی شەهید خەبات و شەهید زانادا ئەم راستییە بەدی دەکرێت. رۆحی پەکەکە کە خۆڕاگری دەکات، تێکۆشان بەڕێوە دەبات و لە سەرکەوتن‌دا خۆی کلید کردووە؛ هەرگیز تێکنەچووە و تێکناچێت. ئێمە ئەم راستییانە لە رێبەرتی، لە هەڤاڵ کەماڵ و هاوڕێیانی شەهید فێر بووین. ئێمە وەک شاگردانی رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد قەرزداری ئەم هاوڕێیانەین و ئامانجی تێکۆشانی ئێمە هەمیشە ژیاندنەوەی رۆحی ئەم هاوڕێیانەیە. ”

ئێمە ئەوەندە ژیانمان خۆش دەوێت، کە ئامادەین لە پێناوی‌دا گیانمان ببەخشین

گەریلای YJA STAR تێکۆشین روستەم لە سەرەتای قسەکانی‌دا لە کەسایەتی شەهیدانی بەرخۆدانی ١٤ی تەمووز هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی بەبیرهێناوەیەوە و سەبارەت بەم رۆژە وتی:” لە دوای کودەتای ١٢ی ئەیلول دەوڵەتی تورکیا ویستی بە گرتنەکانی هەموو بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکان لەناو ببەن. بەڵام خۆڕاگرییەک کە لە زیندانەکان بەڕێوەچوو پیلان و بنگەکانی دووژمنی پووچ کردەوە. نە تەنیا بە چالاکییەکەیان بە راوەستە و بە رادەست نەبوونیان هەموو ئەم پیلانانەیان مایەپووچ کردەوە. هەڵبەتە دەوڵەت چەندە ویستی پێش لەم خۆڕاگرییە بگرێت بەڵام، لە کەسایەتی کەماڵ پیران، مەزڵوم دۆغانان، عەلی چیچەکان‌دا هەموو ئەم پیلانانە پوچەڵ کرانەوە. وەک هەڤاڵانمان وتیان:’ئێمە ئەوەندە ژیانمان خۆش دەوێت، کە ئامادەین لە پێناوی‌دا گیانمان ببەخشین.’ هەروەها هەڤاڵ عەلی چیچەک سەرەڕای تەمەنی گەنجی خۆڕاگرییەک کە بە ڕێوەیان برد، بوو بە وڵامێکی هەرە مەزن. بۆ مرۆڤایەتی بوو بە نمونەیەکی بێهاوتا. ئەم هەڤاڵانە لە کەسایەتی خۆیان‌دا دیاریان کرد کە نە تەمەن، نە فاشیزمێک کە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت ناتوانن خۆڕاگری راوەستێنن.”

“هەتا بزوتنەوەی ئازادی، سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر بکات؛ ئەم رۆحە درێژەی دەبێت”

تێکۆشین روستەم لە کۆتایی قسەکانی‌دا بە باسکردن لە رۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەمووز لە رۆژگاری ئەمڕۆمان‌دا جەختی لەسەر بڕیارداری گەریلایانی ئازادی لە تێکۆشان و بەرخۆدان کردەوە و وتی:”پەکەکە پێوانی مرۆڤایەتی و کوردبوونی بەرجەستە کرد، ١٤ی تەمووز ئەم پێوانەی لە خۆیدا پێناسە کرد و بە شێوەیەکی راشکاوانە سەلماندی. هەتا بزوتنەوەی ئازادی، سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر بکات؛ ئەم رۆحە درێژەی دەبێت و ئەمە پێوانی ئێمەیە هەتا کۆتایی. لە رۆژگاری ئەمڕۆشمان‌دا خۆڕاگری بەڕێوە دەچن؛ پێویستە هەرکەس ئەمە بە باشی بزانێت کە بنەمای ئەم خۆڕاگرییانە ١٤ی تەمووزە. لە زیندانەکان لە کەسایەتی سارایان‌، کەماڵان، مەزڵومان، عەلییان و …هتد ئەم پێوانەی کە بەڕێوەچوو هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمان درێژەی هەبووە و هەتا کۆتاییش درێژەی دەبێت. ئەم خۆڕاگرییە لە رۆژگاری ئەمڕۆمان‌دا بە شەڕی تونێلان، بە شەڕی عەرازی و بە تیمە گەڕۆکەکان بە شێوازی جیاوازتر بەڕێوەدەچیت. نمونەی هەرە بەرچاوی ئەمە لە باکووری کوردستان لە کەسایەتی هەڤاڵ خەبات و هەڤاڵ زانا بە خۆڕاگرییەکی ٦ رۆژان بوو. سەڕەڕای هەموو هێرشی تەکنیکی و سەربازی هەڤاڵان هەتا کۆتا چرکەی ژیانیان خۆڕاگرییان کرد و هەتا فیشەکی کۆتاییان شەڕیان کرد و بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشتن. هەروەها لە شەڕی تونێلان‌دا لە کەسایەتی هەڤاڵان: باگەر، ئاڤزەم، نوری، ماردین، چەکدار و هەموو هەڤاڵان رۆحی ١٤ی تەمووز جارێکی تر ژیایەوە. چەند ساڵیش تێپەڕێت هەتا ئازادی مسۆگەر نەکەین بە رۆحی هەڤاڵ سارا، هەڤاڵ کەماڵ، هەڤاڵ نوری و هەڤاڵ ئاڤزەم ئەم چالاکییانە و ئەم بەرخۆدانە درێژە پێدەدەین.”

هاوبەشی :