کەژەکە لە پێناو ژنانی شەنگال و ئەفغاندا کەمپینێکی راگەیاند

240
0
هاوبەشی :

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە لە دژی هێرشەکانی سەر ژنانی شەنگال و ئەفغانستان کەمپینێکی بۆ ٣ تا ١٥ی ئاب راگەیاند.

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە لە ١٥ی ئاب، لە نێوان ٣-١٥ی ئاب کەمپینێکی راگیەاند. کەژەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە کەمپینەکە بە دروشمی “‘لە دژی هێرشەکانی پیاوی هەژمووخواز، ئێمە لە گەڵ ژیانی شەنگال و ئەفغانستانداین” بەڕێوەدەچێت.

کۆمەڵکوژی شەنگال

راگەیەنراوەکەی کەژەکە بەم جۆرەیە:

“٩ ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژی شەنگال تێپەڕدەبێت، کە لە ٣ی یابی ٢٠١٤دا لەلایەن داعشەوە ئەنجامدران، تەواوی جیهان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بینەری بوو، بەڵام دەستوەردانیان نەکرد، هێزە سەربازییەکانی پەدەکەش هەڵاتن. سەرەتا بە رێزەوە یادی ئەو ژن، پیاو و منداڵە ئێزدییانەمان دەکەینەوە کە لە کۆمەڵکوژیدا ژیانیان لەدەستدا. هەروەها هێرشەکانی ئەو هێزە دڕندانە کە دوژمنی ژن و ژیانن بە توندی شەرمەزار دەکەین. سڵاو لەو تێکۆشان و بەرخودانەش دەکەین کە لەپێناو پاراستنی ناسنامە و هەبوونی خەڵکی ئێزدیمان بەڕێوەدەچێت. وەک قۆناغی کۆمەڵکوژی، لە ئێستا بەدواوەش لە هەموو هەلومەرجێکدا ئێمە لەگەڵ گەل و ژنانی ئێزدیدا دەبین.

لەسەدەی ٢١دا بە بەرچاوی جیهانەوە، هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە کە لە شەنگال بەرپرسیاربوون بە ئەوەی بەرگری بکەن خەڵکی ئێزدی ئێمەیان بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی جێهێشتن. لە ئەنجامدا شەنگال وێرانبوو، بە هەزاران مرۆڤ بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران، بە هەزاران ژن و منداڵ رفێندران، لە بازاڕەکانی کۆیلەداری فرۆشران، هێرشی دەرونی، کولتوری، جەستەیی و رەگەزی کرایە سەریان، بە سەدان هەزار کەس بۆ ئەوەی ژیانیان رزگار بکەن هەموو شتێکی خۆیان جێهێشت و ملی رێگەی کۆچبەرییان گرتەبەر. بەهۆی هێرشەکانەوە ٥٠٠ هەزار کەس لە شەنگال ئاوارەبوون. هێشتاش ٢٥٠ هەزار ئێزدی دوور لە زێدی خۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، تورکیا، سوریا و بەشێک لە ئەوروپان. داعش لە شەنگال هێرشی کۆمەڵکوژی بۆ سەر کۆمەڵگای ئێزدی بە شێوەی سیستماتیک بە سیاسەتی جینۆسایدی ژنان بەڕێوەبرد. لەو ناوچانەی داگیریکردن نزیکە حەوت هەزار ژن و منداڵی رفاند، بەسەدان کەسیشی کوشت. ژنان وەک کۆیلەی سێکس لە بازاڕەکاندا فرۆشران، کردەوەی دژە مرۆڤایەتی بەرامبەریان ئەنجامدرا. داعش هەروەها گۆڕینی ئایینی بەسەر ئەو ژن و مداڵانەدا سەپاند کە رفاندبوونی. دوای ئەوەی منداڵەکانیان کرد بە مسوڵمان لە شەڕە تاریکەکەی خۆیاندا وەک شەڕڤان بەکاریان هێنان، بە شێوەی سیستماتیک ناوەندە ئایینیەکانی ئێزدییەکانیان وێران کرد. کردەوەی کوشتن، گۆڕینی زۆرەملێی ئایین، بەکۆیلەکردن، بازرگانی بە مرۆڤ، دەستدرێژی، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ و پەروەردەکردنی منداڵانی ئێزدی لە کەمپەکانی تیرۆری داعش وەک سەرباز، تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن کە دەبێت ئەنجامدەرانیان دادگایی بکرێن. ٨٧ گۆری بەکۆمەڵی ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکراون دەستنیشان کراون، بەڵام تەنیا ٣٦ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە.

سەرباری تێپەڕبوونی ٩ ساڵ بە سەر جینۆسایدی شەنگال، هێشتاش چارەنوسی ٢٧٠٠ ژن و منداڵی ئێزدی نازانرێت کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، وەک کۆیلە فرۆشران و بە دیلگیران. خاکی شەنگال کە نیشتمانی پاراستنی کولتوری، ئایین، هەبوون و ژیانی خەڵکی ئێزدیمانە، هێشتاش مەترسی کۆمەڵوژی و جینۆسایدی لەسەرە. ئەو هەڕەشە و مەترسیە هێشتاش کۆتایینەهاتووە. دەوڵەتی تورک بەنزیکەیی هەموو رۆژێک بە هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەکی شەڕ پێشەنگان و رۆڵەکانی گەلی ئێزدیمان تیرۆر دەکات. پەدەکەش هەموو رۆژێک بە درۆ، پرۆپاگەندەی ناوزڕاندن و چەواشەکاری دەیانکاتە ئامانج و هەڕەشەیان لێدەکات.

ئەقڵیەت و کردەوەکانی داعش-تالیبان هاوشێوەی یەکتر

لە ئەفغانستانیش بەهەمان شێوە هێرش دەکرێتەسەر ژنان. لە ئەنجامی ئەو دانوستانەی ئەمریکا لەگەڵ تالیبان لە ساڵانی رابردوودا بەڕێوەی برد بە مەبەستی کشانەوە، لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠ لە دۆحە رێککەوتنێکی لەگەڵ واژۆ کردن. لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنەدا لە ٢٩ی نیسان بەدواوە ئەمریکا و ناتۆ دەستیان بە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان کرد. تالیبان هەنگاو بە هەنگاو وڵاتەکەی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و لە ئابی ٢٠٢١دا دوای ئەوەی کابۆلی پایتەختی کۆنتڕۆڵ کرد، سەرلەنوێ دەسەڵاتی دژە ژن و دژە کۆمەڵگای خۆی راگەیاندەوە. ئەقڵیەت- ئەندێشە و دەسەڵاتداری-کردەوەی داعش – تالیبان هاوشێوەی یەکترن. دەسەڵاتداری تالیبان لەسەر دوژمنایەتی و دژایەتی ژنان دامەزراوە، دواکەوتوانەترین کردەوەکان، دژایەتی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بە پاڵپشتی هێزە نێونەتەوەییەکان درێژەپێدەدات. رووداوی هاوشێوەی شەنگال، لە ئەفغانستانیش روویاندا. جیهان لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان ئەمریکاو تالیبان، دوای ئەوەی تالیبان گەیشتەوە دەسەڵات تەنیا سەیری کۆمەڵکوژی تراژیدیای مرۆڤایەتی کرد. بەر لە هەمووشتێک راستی هەژموونی جیهانی رۆژئاوا کە هەوڵ دەدات دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان بشارێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەش شەنگال رادەستی داعش، ئەفغانستانیش رادەسی تالیبان کرا، بەرجستەبوو. هەردووکیان کۆمەڵکوژییەکە، کۆمەڵکوژی و پاکتاو لە دژی ژنان بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستی پیلانگێڕی جیهانیدان. ئەنجامی بەرجستەی ئەو کۆمەڵکوژیانەش هەموو رۆژێک بەردەوامە. پیاوسالاریی هەژموونگەرا و مێشکی پیاوی دوژمنی ژنان کە پشتی بە هاوکێشەی بەرژەوەندی، دواکەوتوانەترین هاوپەیمانی دەسەڵاتە. هەربۆیە سڵاو لە بەرخودانی رەسەنی خوشکەکانمان لە ئەفغانستان دەکەین کە لە دژی هەموو کردەوەیەکی نامرۆڤانە، قەدەغە، گوشار و ستەمی رژێمی تالیبانی دواکەوتوو پاشەکشێ لە بەرخودان ناکەن.

دەبێت دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێت

لە ئەفغانستان هەوڵ دەدرێت کە هەنگاو بە هەنگاو ژنان بکرێنە دەرەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆیلایەتی ناو ماڵیان بەسەردا دەسەپێندرێت. لە شەنگالیش هەڕەشە لە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری و خۆپاراستن، بە ناسنامەی خۆوە ژیان دەکرێت و هێرشی دەکرێتەسەر. ئەو دەوڵەت و کاراکتەرانەی لە کۆمەڵکوژیەکانی ئەفغانستان و شەنگالدا رۆڵ و بەرپرسیارێتیان هەیە، چاوی خۆیان نوقاندووە، دەبێت لەبەردەم ژنان و مرۆڤایەتیدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و باجەکەی بدەن. هەروەها مایەی شەرمەزاریە بەتایبەتی تورکیا کە پشتیوانی لە رێکخستنی تیرۆریستی داعش کرد و هێرشەکانی رێکخست، هەروەها وڵاتانی دیکە کە بەرپرسیارێتیان هەیە دادگایی ناکرێن. لە هەمان کاتدا هەڵوێستی بەرچاوە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دیکە.

نەتەوەیەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و چەندین پەرلەمانی وڵاتان دڕندەیی لە شەنگالیان وەک جینۆساید قەبوڵ کرد. بەتایبەتی داوا لەو دوڵات و دامەزراوانە دەکەین کە جینۆسایدیان بە فەرمی ناسیوە، بۆ دادگاییکردنی بەرپرسیاران هەنگاو بنێن.

بۆ ئەوەی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی کە تائێستا بە دیلی لە ژێر دەستی داعشدان، ئازاد بکرێن، دەبێت لە ئاستی نێونەتەوەییدا کاربکرێت. لەهەمان کاتدا بۆ ئەو ئێزدیانەی بەهۆی فەرمانی ٧٤ەمینەوە ناچاربوون خاکی خۆیان جێبهێڵن و لە هەلومەرجی دژواردا ناچارن لە کەمپەکاندا بمێننەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، دەبێت رێگرییەکان نە‌‌ێڵدرێن. بانگەواز ئاراستەی هێزەکانی وەک پەدەکە دەکەین کە رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی ئێزدی دەکەن، دەست لەو هەڵوێستەیان هەڵبگرن. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو مرۆڤانەی زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو ناوچانەی لەلایەن چەتەکانەوە مینڕێژ کراون پاکبکرێنەوە و شاری شەنگال سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوە، ئێمە بانگواز لە سەرجەم هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەین.

خۆپاراستن بەرامبەر ژینۆساید و ژن کوشتن

لە دژی جینۆساید و کوشتنی ژنان رایدەگەیەنین کە گەل، کۆمەڵگا و ئایینەکان کە گوشاریان دەخرێتەسەر مافی خۆپارساتیان هەیە و خۆپاراستن بۆ ژنان و گەلی شەنگال مافێکی رەوایە. ئەوە دەخەینەڕوو کە هەموو پێکهاتە و فرەرەنگییەکان مافی خۆرێکخستنیان هەیە و ئەمەش مافێکی بنچینەیی و رەوایە. هەربۆیە داوا لە ژنانی لایەنگری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە پشتیوانی لە راستی خۆبەڕێوەبەری خەڵکی شەنگال بکەن.

لەنێوان ٣ و ١٥ی ئابدا کەمپین

ئێمە وەک کەژەکە رایدەگەیەنین کە بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئاپی شەنگال و ١٥ی ئاب کە لە ئەفغانستان تالیبان هاتەوە سەر حوکم، لە نێوان ٣ و ١٥ی ئابدا بە دروشمی ‘لە دژی هێرشەکانی پیاوی هەژمووخواز، ئێمە لە گەڵ ژیانی شەنگال و ئەفغانستانداین’ کەمپینێک دەستپێدەکەین. لە راستیدا ئێمە لە رێگەی رووداوەکانی کوستنی ژنانەوە باش دەزانین کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سەردەستەیی پیاو بەهێز دەکات، جێگەی بۆ دەکاتەوە و ژنان بەرەوە کۆمەڵکوژی دەبات. بۆ ئەوەی ئێمە دژی کۆمەڵکوژی ژنان، ژینگە و ژیان بوەستینەوە، کە ئەمانەش کاری پیاوەتی باڵادەستی هەژمووخوازی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، دەبێت ئێمە وەک ژن ئەوە بۆ خۆمان بە ئامانج بگرین کە لە هەموو گۆڕەپان و ساتەکانی ژیاندا تێکۆشانی رێکخرا پەرەپێبدەین.

ئامانجی کەمپینەکە

ئەو راستیەی کە تائێستاش کوشتن لە دژی ژنان وەک تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی دانانرێت، دەبێتە هۆی ئەوە دەوڵەت و دیکتاتۆرەکان کە بە سیاسەتی قڕکردنی ژنان هەوڵ دەدەن خۆیان بەسەر پێوە رابگرن، لە دادگاییکردن بە هۆی ئەو تاوان و هێرشە بێباکانەوە لە دژی ژنان ناترسن. تا ئەو کاتەی کۆمەڵکوژکردنی ژنان وەک تاوان لە دژی مرۆڤایەتی قەبوڵ نەکرێت، وەک کۆمەلکوژکردن لە دژی سیاسەتەکانی قرکردنی کۆمەڵگاش تێکۆشانێکی مایەی بڕوا و یەکلاکەرەوە ناکرێت. بەم کەمپینە دەمانەوێت سەرنج رابکێشین بۆ سەر سیاسەتی ژنان لە ئەقڵیەتی پیاوی هەژمونخواز و بیخەینەڕوو. بەم هەڵمەتە دەمانەوێت لە کەسایەتی ژنانی شەنگال و ئەفغاندا ببینە دەنگی هەموو ژنان و دژی ئەو تاوانانەی لە جیهاندا دەکرێن هاوار بکەین. وەک کەژەکە بە هەڵمەتی ”لە دژی هێرشەکانی پیاوی هەژمووخواز، ئێمە لە گەڵ ژیانی شەنگال و ئەفغانستانداین’ دەمانەووێت کە کوشتنی ژنان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە شێوەیەکی فەرمی وەک تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بە فەرمی پەسەند بکرێن. بۆ ئەوەی جیهان بۆ ژنان ببێتە شوێنێک بۆ ژیان وادا لە هەموو هێز، رێکخراو و کەسایەتیەکانی ژنان دەکەین کە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی ژنان پەرەبە تێکۆشانی هاوبەش بدەن. ئێمە تێکۆشانی رەوای ژنانی شەنگال و ئەفغانستان وەک تێکۆشانی خۆمان دەبینین و داوا لە هەموو رێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە یەکبگرن و پشتیوانی لەم بەرخودانە بکەن کە لە هەموو هەل و مەرجێکی دژواردا بەڕێوەدەچێت. ئێمە بڕوامان هەیە بە سەرکەوتنی رەهای چالاکی و بەرخودانی یەکگرتووی رێکخستنکراوی ژنان لە دژی سیستمی پیاوی هەژموونخواز و کردەوەکانی لە هەموو کایەکاندا لە دژی تێکۆشان و بەرخودانی ژنان. لە سەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە هەموو ئەو هێزانەی ژنان دەکەین کە تێدەکۆشن بۆ ئەوەی بکەونەخۆ، وەک ژن رایدەگەیەنین کە باشترین وەڵام لە دژی ئەو دڕندەییەی بەرامبەر ژنانی سەنگال و ئەفغانستان دەکرێت، یەکگرتنی ژنان و بەرێکخستنبوونی جیهانییە و ئێمە داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە پێکەوە لە بارەی ژنانی شەنگال و ئەفغانستان لێپرسینەوە بکەن و تۆڵەیان بکەنەوە”.

هاوبەشی :