ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێپەڕ ئەبێت، كە تێدا كوردستان دابەشكرا

761
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ ٢٤ تەموزی  ٢٠٢١ ساڵیادی پەیماننامەی لۆزانە كە ٩٨ ساڵ پێش ئێستا لە شاری لۆزان بەسترا و تێدا مافە نەتەوەییەكان و ئازادیە مرۆڤایەتیەكانی نەتەوەی كورد پشت گوێ خرا،  وڵاتانی براوەی جەنگی یەكەمی جیهان گەورەتین تاوان و ناهەقیان بەرامبە بە دێرنتین و گەورەتین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین كرد و بێبەشیان كرد لە پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لە سەدەی ڕابوردودا كە زۆرێك لە گەلان و نەتەوەی جیاوزای گۆی زەوی قەوارەی سەربەخۆی خۆیان دروست كرد و تەنها گەلی كورد و چەند گەلێكی تر ئەو مافەیان لێزەوت كرا

بەریتانیا لە ساڵی ١٩٢٠ دەیویست لە باكووری كوردستان ( بەشی توركیا) دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكات و باشوری كوردستانیشی (بەشی عێراق / ویلایەتی موسڵ ) پێوە بلكێنێت ، بەڵام سێ ساڵ دواتر واتە لە رێكەوتی ٢٤ تەموزی ١٩٢٣ لە شاری لۆزان لە وڵاتی سویسرا كونگرەیەك بەسترا بە مەبەستی ئاشتی نێوان توركیە و یونان لەو كۆنگرەیەدا پەیمانێك واژۆكرا كە بە پەیمانی لۆزان بەناوبانگە ، كە تێدا مافی گەلی كوردیان پشتگوێ خست و گەلی كوردستان بوو بە قوربانی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز .

پەیمانی لۆزان لە نێوان دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سربیا و كرواتیاسلوانیا و توركیا لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆکرا، سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیارییکرا و پێداچوونەوە بە پەیمانی (سیڤەر)دا کرا، کە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو.

پەیمانی لۆزان لە ئەنجامی ئەوە بوو توركە كەمالیستەكان ئەوكات بەهێز بوو بوونەوە و پەیوەندیان لەگەڵ دەوڵەتی سۆڤیەتدا بەهێز بوو، بەریتانیا لەوە دەترسا پەیوەندی تورك و سۆڤیەت ببێتە هۆكاری بڵاوبونەوەی بیری كۆمۆنیستی لە ناوچەكە. لە هەمان كاتدا کوردیش نەیتوانى ببێتە خاوەنى هێز و بە یەکگرتوویى مامەڵە بکات و سوود لە پەیمانی سیڤەر وەربگرێت، بۆیە فشارەکانى تورکە کەمالییەکان سەریگرت و لە پەیماننامەى (لۆزان)دا خەونەکانی کورد لە باربران.

کوردەکان دژی پەیمانی لۆزان وەستانەوە و ڕاپەڕینیان ئەنجامدا، لەوانە سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسیم و شێخ مەحمودی حەفید، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرهەڵدانەکان چوارچێوەی خێڵ و عەشیرەتەکانی تێنەپەڕاند و کوردەکان یەکگرتوو نەبوون و خیانەتی ناوخۆیی هەبوو، نەیانتوانی شۆڕشەکانیان بگەیەننە سەرکەوتن. دەوڵەتی تورکیش هەوڵیدا بە کۆمەڵکوژکردن کوردەکان بێدەنگ بکات، کۆمەڵکوژیی دێرسیم-یش دیارتریین نموونەیە، کە ئەتاتۆرک لە شاری دێرسیم-ی باکوری کوردستان ئەنجامیدا و ٧٠ هەزار کوردی عەلەویی کۆمەڵکوژکرد.

تورکیای ئەكەپە و مەهەپە دەیەوێت پێش گەیشتن بە ١٠٠ساڵ لە ڕێکەوتنەکە، پەیمانی میساقی میللـی ببووژێنێتەوە و باشوری کوردستان و  ڕۆژئاوای کوردستان بلکێنێت بە دەوڵەتی تورکەوە. پەیمانی میساقی میللی ئەو پڕۆژەیە دەوڵەتی عوسمانیی پێش ڕووخانی بەناوی “میساقی میللیی بۆ ئاشتیی” ئامادەکرد، لە ٢٨ی ١ی ساڵی ١٩٢٠ پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەندکرا. بەپێی ئەو پڕۆژەیە خاكی توركیا بریتیە لە خاکی تورکیای ئەمڕۆ و باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و بەشێک لە یۆنانی ئێستا.

دەوڵەتی تورك بە پێشەنگایەتی ئەكەپە و مەهەپە پڕۆژەیەكی نوێیان ئاماداكردوە بۆ ساڵی٢٠٢٣ بەپێی ئەو پڕۆژە نوێیە دەیانەوێت باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان داگیر بكات و بە توركیاوەی بلكێنێت.

 لە ئێستادا تەڤگەری ئازادی كوردستان بە ڕێبەرایەتی پەكەكە و تەواوی ڕێكخراوە دیموكراتی و جڤاكی و كەلتوریەكانیانەوە  ماوەی ٤٠ ساڵ زیاترە شەڕی ئازادی و هەلوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان دەكەن و پڕۆژەی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ كە ئەویش پڕۆژەی سەرۆك ئاپۆیە پڕۆژەی ئاشتی و پێكەوەژیان و و دیموكراتی گەلانە

هاوبەشی :