ڤارتینیس: كۆمه‌ڵكوژییه‌ك كه‌ ده‌خوازرێت په‌رده‌پۆش بكرێت

240
0
هاوبەشی :

 

دادگا و ده‌سه‌ڵاتی تورك، بكوژانی ٩ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌ك، كه‌ له‌ ڕۆژی ٣ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٩٣ له‌ ناوچه‌ی ڤارتینیس كوژران، داڵده‌ ده‌دات و به‌ره‌ ئه‌وه‌ هەنگاو دەنێن، كه‌ ماوه‌ی دۆسیه‌كه‌ به‌سه‌ر بچێت.

٣٠ ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی ڤارتینیس تێدەپەڕێت، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كوردستان و تێیدا به‌هۆی سوتاندنی ماڵه‌كه‌یان، ٩ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌ناوی (ئۆغوت) كوژران. بڕیاره‌ دادگایی كردنی بكوژانی ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌، له‌ ڕۆژی ٣ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ كۆتایی پێبێت.

ڕۆژی ٣ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٩٣، له‌ گوندی ڤارتینیس سه‌ر به‌ ناوچه‌ی تێلی، پارێزگای موش، ٩ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی ئۆغوت به‌هۆی سووتاندنی ماڵه‌كه‌یان گیانیان له‌ده‌ستدا. ١٦یه‌مین دانیشتنی دادگا په‌یوه‌ست به‌ “دۆسیه‌یی ڤارتینیس”، كه‌ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵا، جارێكی دیكه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌، رۆژی ٥ی ته‌مووز له‌ لقی یه‌كی دادگای تاوانه‌ قورسه‌كانی كڕككاله‌ی به‌ڕێوه‌چوو.

بكوژی هه‌ڵاتوو، بوڵه‌ند كارائۆغڵو، كه‌ فه‌رمانی كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی داوه‌، ٣٠ ساڵه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ داڵده‌ ده‌درێت. كارائۆغڵو به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بووه‌. سه‌رباری بڕیاری “به‌ڵگه‌ی سوور”، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٢٢ درابوو و له‌ مانگی شوباتی ٢٠٢٣، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داد په‌سه‌ندكرابوو، ئاماده‌ی دانیشتنی دادگا نه‌بوو، دۆسیه‌كه‌ بۆ ڕۆژی ٨ی ئاب دواخرا.

ئه‌گه‌ر بكوژ، كارائۆغڵو ده‌ستگیر نه‌كرێت و نه‌خرێته‌ به‌رده‌م دادگا، مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌”دۆسیه‌یی ڤارتینیس” له‌ ڕۆژی ٣ی تشرینی یه‌كه‌م ماوه‌كه‌ی به‌سه‌ر بچێت.

کۆمەڵکوژی ڤارتینیس

بانگەشەی ئەوە دەکرا، کە پله‌دارێك لەو شەڕ و پێكدادانه‌ی کە لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ لە ده‌وروبه‌ری ڤارتینیس هاته‌ئاراوه‌، كوژراوه‌. ئەو سەربازانەی دوای پێكدادانه‌كه‌ هاتبوون ته‌رمی پله‌داره‌كه‌ ببه‌ن، كاتێك به‌ناو ڤارتینیسدا تێپه‌رده‌بوون، تەقەیان به‌ ئاسماندا كرد و به‌ وتنی “ئەمشەو دێین گوندەکەتان ده‌سوتێنین”، ناوچه‌كه‌یان به‌جێهێشت.

رۆژێك دواتر واته‌ ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ ئه‌و سه‌ربازانه‌ چوونه‌ گوندەکە و به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی “هاوكاری ڕێكخستیان كردووه‌”، ئاگریان لە گوندەکە بەردا. لە ئەنجامی ئاگركه‌ش، دوو هاوسه‌ر به‌ ناوه‌كانی ناسر و ئەشرەف ئوغوت لەگەڵ ٧ منداڵیان گیانیان لەدەستدا.

له‌و بنه‌ماڵیه‌ تەنیا ئایسه‌ل ئۆغوت، کە له‌و كاته‌دا لە ماڵەوە نەبوو، ڕزگاری بوو. دواتر ئۆغوت چه‌ندین سکاڵای تاوانکاری لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە تۆمار کرد.

هاوبەشی :