کاتێک بابەتەکە دێتە سەر کورد، ئۆپۆزسیۆن خراپتر لە ئاکەپە مامەڵە دەکەن’

231
0
هاوبەشی :

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومید رەخنەی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا گرت و وتی، “کاتێک باسەکە بێتە سەر کورد، پرسی ئازادی و هەبوونی کورد، لە ئاکەپە خراپتر مامەڵە دەکەن”.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومید بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەر کرد. هێلین ئومید باسی لەوەکرد کە ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا بە کوردان دەڵێت ئەوان دژی ئاکەپەن، بەڵام لەراستیدا ئەوان خۆیشیان دژایەتی کورد دەکەن و وتی، “ئۆپۆزسیۆن کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پرسی کورد ، پرسی هەبوون و ئازادی کورد و دۆخی ئەو کەسانەی لەو چوارچێوەدا تێدەکۆشن، راستەوخۆ لە ئاکەپە خراپتر هەڵوێست وەردەگرن”.

هەندێک لە بابەتە سەرەکیەکانی هەڵسەنگاندنەکانی هێلین ئومید بەم جۆرەیە:

سەرەتا خۆشەویست و تامەزرۆییمان بۆ رێبەر ئاپۆ دەردەبڕین کە بۆ ٢٨ مانگ دەچێت ناتوانی هیچ هەواڵێکی بزانین. نوسینگەی یاسایی سەدە رایگەیاند، بە دژوارترین قۆناغی گۆشەگیری سەر رێبەرایەتیدا تێپەڕدەبین، بەراستیش ئەوە دەستنیشانکردن و پێناسەیەکی راستە. ئەوانە بە دروستی سیستمی پاکتاوی ئیمراڵی دەخوێننەوە دەتوانن لە رێگەی ئەوەوە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک بخوێننەوە.

لە تورکیا ئەو شوێنەی سیاسەت تیایدا دیاری دەکرێت، رژێمی پاکتاوی ئیمراڵییە. هەڵبەت لە دژی ئەوەش ئیمراڵی ناوەندی بەرخودان و چەقی تێکۆشانە. بەرخودانی رێبەرمان لە دژی راستی قڕکردن لە ئیمراڵی لە مێژوودا هاوتا و هاوشێوەی نییە. ئێمە بە پێداگرییەوە سەرنج بۆ سەر رژێمی پاکتاوکردنی ئیمراڵی و کردەوەکان لەوێ رادەکێشین. ئەم سیاسەتە تەنیا بەسەر رێبەرمان پەیڕەو ناکرێت. دەبێت باش لەوە تێبگەین.

سیستمی دەوڵەتی تورک، رژێمێکی قڕکردن و کۆمەڵکوژییە

هەر کەس هەوڵ دەدات بە گوێرەی خۆی رژێمی دەوڵەتی تورک پێناسە بکات. هەندێک بە رژێمی کۆشک، هەندێک بە رژێمی دیکتاتۆری، هەندێک بە رژێمی تاکەکەسی، هەندێکیش دەڵێن رژێمی پیلانگێڕی و هەندێکیش بە رژێمی فاشیست ناوی دەبەن. گەڕانێک بە دوای پێناسەکردندا هەیە. سیستم لە تورکیا چییە؟ ئاشکرایە کە نادیموکراتیکە، بەڵام هەموو کەس لە هەوڵدان پێناسەیەک بخەنەڕوو.

ئەم راستیە لێرەدا راستی پاکتاوکردن لە ئیمراڵی ئەوە دەخاتە روو کە سیستمی دەوڵەتی تورک بۆ کوردان رژێمێکی قڕکەر و کۆمەڵکوژکارە. لەبەر ئەوەی لە ئیمراڵی سیاسەتی قڕکردن و پاکتاو بەڕێوەدەچێت. تا ئەو راستیە نەبینرێت و بەهەند وەرنەگیرێت، نە لە سەر ناوی کورد و نە لەسەر ناوی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی لە تورکیا دەتوانرێت سیاسەت پەیڕەو بکرێت. وەستانەوە یاخود هەڵوێستێک نایاتە ئاراوە. دەبێت درک بەوە بکرێت.

رووی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رێگەی سیستمی قڕکردنی ئیمراڵیەوە زیاتر ئاشکرا بوو

خاڵی دووەم ئەوەیە کە لە رێگەی سیستمی پاکتاوی ئیمراڵییەوە مرۆڤ دەتوانێت سیستمی جیهانی بخوێنێتەوە. ئاشکرا دەبێت کە سیستمی ئیمراڵی چەندە ساختەیە و چەندە لە سەر درۆ دامەزراوە و بێ بەهایە. بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا هەن، ئێستا راگەیەندراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە لە بارەی دەوڵەتی تورکەوە کە دەبێت رێگە بە دیداری رێبەر ئاپۆ و پارێزەران بدات، بەڵام ئەوانە لە راگەیەندراو تێناپەڕن. لەم رووەوە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە هەوڵ دەدات بەشێوەی مافی مرۆڤ، ئازادی و مافی تاکەکەسی گوزارشت لە خۆی بکات و خۆی وەک بژاردەیەک بە جیهان بناسێنێت، لە تاوانی پاکتاوکردن لە ئیمڕاڵی تێوەگلاوە و ئەوەس بۆ هەموان ئاشکرا بووە.

ئەگەر ئێمە هەوڵ دەدەین رژێمی پاکتاوکردن و سیاسەتەکان لە ئیمراڵی لە دۆخی سیستمی نێونەتەوەیی و راستی تورکیا بخوێنینەوە، ئەو کاتە دەردەکەوێت کە سیستمی جیهانی چەندە لاوازە. ئەو دامەزراوانەی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کە لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروستکراون چەندە لاوازن، ئەگەرچی خۆشیان وەک تاکە بژاردەی ئەم سەردەمەش نیشان بدەن. مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بژاردەیەکە بەڵام خاوەنی رێکخستن و پێکهاتەی پێویست نییە. ئێمە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، شارستانیەتی ئەوروپا و مۆدێرنیتەی رۆژئاوا وەک هەنگاوی بچوک، سیستمی هەژمونیکی پارچەکراو پێناسە دەکەین. کاتێک باسی سیستمی قڕکردنی ئیمراڵیش دەکەین ئەوە دەبینین. سیستمی دەوڵەتی تورکیش ئەوە وەک بۆشاییەک دەبینێت و بەکاری دەهێنێت. بەردەوام دەڵێن، قەیرانێکی پێکهاتەیی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناتوانێت هەبوونی خۆی بەڕێوەببات، پەنا بۆ شەڕ، گوشار و چەوساندنەوە دەبات. جیالەوە هەموو رژێمە فاسیستەکانی جیهان هەوڵ دەدەن خۆیان بەهێز بکەن. رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هەم لە ناوچەکە و هەم لە تورکیا ئەوە بۆ خۆی بە دەرفەت دەبینێت و ئەو بۆشاییانە دەقۆزێتەوە.

تێکۆشانی جەوهەری گەلەکەمان ئەو دامەزراوە ناچار دەکات رۆڵ بگێڕن

کاتێک بابەتەکە تورکیا بێت، کاتێک بابەتەکە دەبێتە ئەو هێزانەی هەڵقوڵاوی نەریتی بەهێزی دەسەڵاتداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ئێمە رووبەڕووی راستییەکی کۆنترۆڵنەکراو دەبینەوە کە ناچێتە چوارچێوەی هیچ یاسایەکەوە. بەم جۆرە سیستمی پاکتاو بە شێوەیەکی بێباکانە هەڵدەکوتێتە سەر ئیمراڵی. ئەو بڕیارەی کە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان بە تورکیای راگەیاندووە دەبێت لەو چوارچێوەدا هەڵبسەنگێندرێت. نابێت زۆر هیوا و چاوەڕوانی لەسەر هەڵبچندرێت. بەڵام ئەو بڕیارە لەهەمان کاتدا گرنگە. نابێت بە کەم سەیر بکرێت. بۆ ئەوەی دەزگا و دامەزراوەی دیموکراتیک کە بە تێکۆشانی دیموکراسی لە جیهان، تێکۆشانی یەکێتی گەلان دروست بوون، دەبێت لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا گوڕ بە تێکۆشان بدرێت و بەردەوام بێت.

بەڵام ئەوەی کە ئەو دەزگا و دامەزراوانە دەخاتەگەڕ تێکۆشانی گەلەکەمانە. دەبێت زۆر لە مافناسانی ئەوان بێ هیوا نەبین، رەنگە لە ئیمراڵی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو پێکنەیات، بەڵام دەبێت بزانین کاتێک هێزە دیموکراتیکەکان بە تایبەتی گەلی کورد بکەونە جوڵە، چالاکی ئەنجام بدەن، کەمپین رێکبخەن، خۆیان لە رێبەرایەتی نزیک بکەنەوە، رێگە و رێبازی دەوڵەمەند بگرنەبەر، ئەو کاتە تێکۆشانێکی راستە. گەر ئێمە بەم جۆرە مامەڵە بکەین و تێکۆشانمان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو بنەمایە ببەینە قۆناغێکی دیکەوە، ئەو دامەزراوانە دەبنە خاوەنی واتا. ئەو کاتە ئەو دامەزراوانە زیاتر خاوەنداری لەو بڕیارانە دەکەن. لە سەر ئەو بنەمایە بەرەوپێشچوون دێتە ئاراوە. بەر لە هەموو شتێک لە هەڵوێستی رێبەرایەتیدا بەرخودان هەیە.

ئامانج لە سیستمی پاکتاو کردنی ئیمراڵی ئەوەیە کە گەلی کورد بێ سەرۆک بهێڵنەوە و بیخەنە ژێر دەسەلاتی هێزەکانی دیکە و بەم جۆرە پرۆسە کۆمەڵکوژی بەرەوپێش ببەن. ئامانجی دووەمیشیان ئەوەبوو کە رێبەرایەتی وەک بارمتە لە بەرامبەر گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی بەکاربهێنن، پرۆسەی پاکتاوی ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ لەسەر ئەو بنەمایەبوو.

لە ساڵی ٩٩ەوە کە رێبەرایەتی بە دیل گیرا تا ئەمڕۆ بەرخودان دەکات، لە ساڵی ٢٠١٠ بووە خاوەنی هەڵوێست و وتبوو ‘ ئیتر گەمەکە کۆتایی هات’.دوای بەرخودانی مانگرتن لە خواردن دوژمن چووە بەردەم پێڵاوەکانی رێبەرایەتی. خۆیان بە راستگۆ نیشاندا ، بەڵام رێبەرایەتی وتبوو ئەو گەمانە کۆتاییان هات و ناهێڵم کەس بمخەڵەتێنێت. لە ٢٠١٠ەوە رێبەرایەتی خاوەنی هەڵوێستێکی بەم جۆرەیە. سەرنج بدەن لەم ماوەی رابردوودا پرۆسەی هەڵبژاردن هەبوو. پێشتریش هەڵبژاردنی هەرێمی هەبوو، بەردەوام ویستیان رێبەرایەتی بەکاربهێنن، بەڵام رێبەرایەتی بەرامبەر بەوە هەڵوێستی وەرگرت. ئەم هەڵوێستەی رێبەرایەتیمان راستی قڕکردن لە ئیمراڵی دەگۆرێت بۆ لاوازی تورکیا.

سیستمی ئیمراڵی چیتر ناشاردرێتەوە

ئەوەی بە شێوەی گشتی لە بارەی سیستمی پاکتاوی ئیمراڵییەوە دەوترێت، دەرخەری راستین. وەک من وتم، ئەوە بە ئیرادەی خۆیان نییە، لەبەر ئەوەیە کە ئەو سیستمە چیتر ناشاردرێتەوە و پەردەپۆش ناکرێت. لە تورکیا سیستمی زیندان هەیە و لە یاسادا جێیکراوەتەوە. دەڵێت کە ئەوە لە ئیمراڵی جێبەجێ ناکرێت. مەردان یانارداغ دەڵێت ئەو بابەتە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ تورکیا و هەوڵ دەدات تورکیا بپارێزێت. بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئیمراڵی رێبەر ئاپۆ بەدیل گیراوە، شێوەی بابەتە گۆڕدرا. بەراستیش ئەو شەپۆلە لەگەڵ هەڵبژاردندا هەندێک زیاتر بووە. بەشێک هەن کە خۆیان وەک دیموکرات، ئۆپۆزسیۆن ناودێر دەکەن، دەڵێن من دژی ئاکەپەم و لە رێگەی دژایەتی ئاکەپەشەوە هەوڵ دەدات جێپێ قایم بکات. دەیانەوێت کوردیش پەلکێشی لای خۆیان بکەن. بۆ ئەمەش گەمەی ئالیجەنگیز دەکەن. لەلایەکەوە بە کوردان دەڵێن دژی ئاکەپەین، وەرن لەلای ئێمە بن. بەڵام ئۆپۆزسیۆن کاتێک باسەکە دێتە سەر پرسی کورد، پرسی هەبوون و ئازادی کوردەکان و دۆخی ئەو کەسانەی لەو بارەوە تێدەکۆشن، راستەوخۆ لە ئاکەپە خراپتر هەڵوێست دەگرن. پێویستە ئەقڵیەتی کۆمەڵکوژی لە تەواوی تورکیا ببینرێت. ئەگەر قاچێکی ئەو کۆمەڵکوژیە ئاکەپە-مەهەپە بێت، قاچەکەی دیکە ئەوانەن کە بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن، لەبنەڕەتدا بەشداری لە کۆمەڵکوژکردنی کورداندا دەکەن. لە سیاسەتی تورکیادا راستیەکی بەم جۆرە هەیە. هەربۆیە من مەردان یانارداغ هەم وەک ئەکتەر وهەمیش وەک قوربانی ئەم گەمەیەی شەڕی تایبەت دادەنێم. وەک کەمالیست وەک نەتەوەپەرست لە دژی ئاکەپەیە، لە دژی حکومەتی ئاکەپەیە. بەڵام ئەویش لە دڵ و گیانەوە لەگەڵ پرۆژەی کۆمەڵکوژی کوردانە کە کەمالیزم لە سەرەتاوە بونیادی نا. لە دژی ئەو سیستمە کورد خاوەنی بەرنامەیەکە کە لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا خۆی نیشان دەدات، نەخشەڕێگەی خۆی دیاری دەکات لە رێگەی رێکخستنی خۆیەوە خۆی پێدەگەینێت. تائێستا سەرباری ئەو هەموو هێرش، گوشار و قەدەغەیە گەلی کوردی بەدەستهێناوە. بەڵام لێرەدا ئۆپۆزسیۆن هەیە، باڵێک هەیە کە دەڵێت ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکاری ئاکەپەیە، بەڵام زۆر جار لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێناوە زۆر جار رووبەڕووی دابڕان لە کۆمەڵگای تورکیا بووە و لەم بوارەدا هیچ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک نەهاتووەتە ئاراوە.

درێژەی هەیە…

هاوبەشی :