فەرەنسا ٣٥ کەسی بەڕەگەز فەرەنسی لە خێزانەکانی چەتەکانی داعش لە كامپی هۆڵ گەڕاندەوە پاریس.
لە بەردەوامی هەوڵەکانى خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش لە كامپی هۆلەوە بۆ وڵاتی خۆیان ئەمڕۆ ١٠ ژن و ٢٥ منداڵی گەڕێندرانەوە بۆ پاریس، ئەوانە ژن و منداڵانە خێزانی چەتەكانی داعش بوون.
لە ڕاگەیاندراوێکدا خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە كرد، ئەو منداڵانە ڕادەستی دەزگا پەیوەندیدارەكان كراون بۆ دابینكردنی چاودێری كۆمەڵایەتی، هەروەها خێزانی چەتەكانی داعش ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری و لایەنی پەیوەندیدار كراون.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا كرد، بەهۆی ئەو هاوكارییە زۆرەی ئیدارەکە لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی فەرەنسا لە كامپی هۆل.