لە ٢٢ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٩ گەریلا و هونەرمەندی میوزیک ژەن و گۆرانیبێژ، هۆزان سەرحەد، لە هەرێمی بۆتان شەهید بوو

631
0
هاوبەشی :

٢٢ساڵ پێش ئێستا هونەرمەندی مەزنی نەتەوەیی و ئازادی گەلان لە ٢٢ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٩ گەریلا  و هونەرمەندی میوزیک ژەن و گۆرانیبێژ، هۆزان سەرحەد، لە هەرێمی بۆتان لە باکوری کوردستان لە بۆسەیەکی دەوڵەتی تورک شەهیدبوو، بەڵام شوێنپەنجەی بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکی باشوری کوردستان و چیاکاندابووەیادگارییەکی پیرۆزو مایەوە.

سولێمان ئالی دۆخان، ناسراو بە هۆزان سەرحەد، لە ٢٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٠لە شارۆچکەی ئەلەشکیردی سەر بە ناوچەی ئارارات، لە باکوری کوردستان لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەژێر کاریگەریی براگەورەکەی، خولیای هونەر لە ناخیدا چەکەرە دەکات و هەر بەوجۆرە دەست بە ژەنینی ساز دەکات.

 

لە ساڵی ١٩٨٨ لە ناو هەزار و ٨٠٠ خوێندکاردا لە زانکۆی شاری ئزمیر لە بەشی میوزیک پلەی دووەمین بە دەست دێنێت و لەوێدا لەبری ساز بەشی تار لە میوزیکی ئازەری دەخوێنیت و هەر دوابەدوای ئەوە فێری ژەنینی پیانۆ، شمشاڵ و گیتار دەبێت.

ئاوێتە بوونی بە دونیای هونەر و میوزیک، دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی سەرکێشیی بکات بە دوای سیاسەت و هونەرە ڕەسەنەکاندا بگەڕێت، بۆیە لە زانکۆدا بە گرنگییەوە باس لە هونەر و گۆرانیی کوردیی دەکات، کە دەبێت لێکۆڵینەوەی باشی لێبکرێت و هەر لەو پێناوەشدا چەند گۆرانییەکی کۆنی کوردی دووبارە زیندوو دەکاتەوە.

 

هۆزان سەرحەد، لە ساڵی ١٩٩١ لە گەڵ خوێندکارێک بە ناوی یەڵدز، هاوسەرگیریی دەکات و لە تەممووزی هەمان ساڵدا پێکەوە ئاشنای بیرو ڕێبازی پەکەکە و ئۆجالان دەبن، یەڵدز دوای ماوەیەک لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانی شاری ئەماسیە و ١٢ ساڵ زیندانی کردنی بە سەردا دەسەپێنرێت.

دوای ئەو ڕووداوەش، سەرحەد  ڕوو لە شاخ دەکات و سەرەتا دەچێتە هەرێمی هەفتانین و دواتر لە ئەکادیمیای مەحسوم قۆرقماز پەروەردە دەبینێت و بەهۆی بەهرەداربوونی لە بواری موزیک لە ئەوروپا چوارساڵ کاری هونەری لە چوارچێوەی موزیک و شانۆ درێژە پێدەدات و گرنگی بە هونەریڕەسەن و زیندوو کردنەوەی دەدات.

سەرحەد، ساڵی ١٩٩٦ لە ئەوروپاوە دەگەڕێتەوە کوردستان و دوای چەند مانگێک مانەوە لە زاپ، ڕوو لە باشوری کوردستان و مەڵبەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا لە هەولێر دەکات، دواتر لە سلێمانی درێژە بە کارەکەی دەدات.

دوای ئەوەی لە ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ لە لایەن پارتییەوە هێرشدەکرێتە سەر مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا لە شاری هەولێر و چەند هونەرمەندێک شەهید دەبن،هۆزان سەرحەد، گۆرانییەکی بە ناوی(هەولێر) تۆمار کرد وەک هاوخەمییەک بۆ لە دەستدانی ئەو هونەرمەندانە، کە دواتر ئەو گۆرانییە هێندەی دیکە ئەو هونەرمەندەی بە باشور ناساند.

شەهید سەرحەد، لە شاری سلێمانی، نزیکەی سێ ساڵ ماوەتەوە و لە گەڵ زۆرێک لە هونەرمەندانی وەک ئیبراهیم خەیاتی کۆچکردوو، تاراڕەسوڵ، تەحسین تەها، ئەرجومەن هەورامی، نیان عەبدوڵا و بەشێک لە میوزیک ژەنەکان کاری هونەریان پێکەوە ئەنجامداوە.

 

هۆزان سەرحەد، لە ٢٢ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٩ بۆ تۆمارکردنی کلیپێک لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی لە هەرێمی بۆتان لە باکوری کوردستان دەکەوێتە بۆسەی جەندرمەی دەوڵەتی تورکەوە و شەهیددەکرێت.

هاوبەشی :