ئەنجامنامەی دووهەمین کۆنفڕانسی ـ پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک لە ئورووپا

256
0
هاوبەشی :

لە بار و دۆخێکدا کە گەلی کورد و کوردستان بە گشتی کەوتووەتە بەر هێرشی داگیرکەرانی کوردستان، و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئێران و تورکییە هەر رۆژ پەلاماری بەشێک لە گەلی کورد دەدەن، ئێمە لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی مانگی ٦ ساڵی ٢٠٢٣دا، دووهەمین کۆنفڕانسی پژاکمان لە ئورووپا بەڕێوە برد. رۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکە جیا لە هەڤاڵان و رێکخستنەکانی پژاک لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵێک کەسایەتی وڵاتپارێز و دڵسۆزی گەلەکەمان بانگهێشت کرابوون و بە خۆشحالییەوە زۆربەیان توانییان بەشداری کۆنفڕانسەکە ببن. هاوکات کۆمەڵێک لە پاڕت و رێکخستنەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفڕانسەکەوە بانگهێشت کرابوون و ئەژمارێک لەو پاڕت و رێکخستنانە پەیامی پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ کۆنفڕانسەکە نارد. لێرەو جارێکیتر سپاسی هەمووی ئەو کەسایەتی و لایەنە بەڕێزانە دەکەین کە وەڵامی بانگهێشتەکەیان داینەوە.

رۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی راپورت و هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و ئەو هەلومەرجەی کە ئیستا جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە تایبەتی تێدایە. بەو پێیەش دوای کردنەوەی کۆنفڕانسەکە لەلایەن هاوسەرۆکایەتی پژاکەوە ، بەشی سیاسی راپورتی مەجلیسی پژاک لە ئورووپا و رێکخستنی ژنانی پژاک لە ئورووپا خوێندرایەوە. دواتر شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بەشداربوانی کۆنفڕانسەکە تا کۆتایی رۆژی یەکەم بەردەوام بوو. کۆی هەڵسەنگاندنەکان جەختیان لەسەر هەستیاری قۆناخەکە دەکردەوە و هەمو دەرفەت و هەڕەشەکانی بەرامبەر بە شۆڕش لە کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی باسی لێوەکرا.

لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکان لەسەر کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە روژهەڵاتی کوردستان و ئێران، و پێشهاتەکانی، دوو بابەتی سەرەکی هەڵسەنگاندنەکانی نێو کۆنفڕانسەکە بوون. هاوکات ئازادی رێبەر ئاپۆ و پێویستی تێکۆشان بۆ شکاندنی سیستەمی ئیمرالی تەوەرێکی تری هەڵسەنگاندنی کۆنفڕانسەکە بوو.

لە رۆژی دووهەمی کۆنفڕانسدا، کە زیاتر تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دۆخی رێکخستنی و دیاریکردنی پلانی یەک ساڵی داهاتوو، بە خوێندنەوەی راپورتی بەشی رێکخستنی مەجلیسی پژاکی ئورووپا و راپورتی بەشی رێکخستنی کار و خەباتی ژنانی پژاک لە ئورووپا دەستی پێکرد. دواتر کار و خەباتی یەک ساڵی رابردوو بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و وێڕای باسکردنی پێشکەوتنەکان، کەماسیەکان و لاوازییەکان، بوون بە مژاری رەخنە و رەخنەدان و جەخت لەسەر دەربازکردنی بە خێرایی ئەو کەماسییانە کرا کە نەیانهێشتووە بە پێی پێویست هەوڵدانەکان ئەنجامگیر بن، تا لە کار و خەباتی یەک ساڵی داهاتوودا شاهێدی ئەنجامی زیاتر و شوێندانەرتر بین.

کۆنفڕانس دوای نرخاندنی دۆخی کار و خەباتی یەک ساڵی رابردوو، و پەیرەو کردنی رەخنەو رەخنەدانێکی تۆکمە لەو بووارەدا توانی ئیرادەیەکی شۆڕشگێرانەی بۆ بەردەوامی کار و تێکۆشانی پژاک لە دەرەوەی وڵات لە درێژەی تێکۆشاندا دەربخاتە مەیدان. لە بەشی کۆتایی کۆنفڕانسەکەشدا‌ کۆمەڵێک خاڵی بنەمایی و کرداری وەک پلانسازییەک بۆ یەک ساڵی داهاتووی کار و خەباتی پژاک لە دەرەوەی وڵات، بوون بە بڕیار و پلاننامەی کۆنفڕانس.

بەشێکی گرینگ لەو بڕیارو پلانسازییانە لەو چەند خاڵانەدا کورت کراونەتەوە.

١ـ تێکۆشانی هەمەلایەنە لە دەرەوەی وڵات لە دژی داگیرکاری لە کوردستاندا.
٢ـ تێکۆشانی هەمەلایەنە بۆ کۆکردنەوەی هێزی پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا.
٣ـ تێکۆشان دژی گۆشەگیری لە ئیمرالی‌ و کارکردن بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ.
٤ـ بەرەو پێشبردنی هەموو جورە کارو خەباتێک بۆ ئەوەی کە کورد لە دیاسپۆرا دا هەم ببێت بە هێزی پاڵپشتی شۆڕشی ناوخۆی وڵات و هەم ئەوەی کە رەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا بە ناسنامەی راستەقینەی نەتەوەیی و نرخە کۆمەڵایەتی، دیموکراتیک و سەردەمیانەی خۆیەوە بناسێندرێت و بژیت.
٥ـ جیا لەو چالاکییانەی کە پژاک لە ئاستی کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی خۆی بەڕێوەیان دەبات ، هەوڵبدات بۆ چالاکی هاوبەشی نەتەوەیی و بە شێوەیەکی پتەو بەشداری چالاکییە نەتەوەییەکان ببێت.
٦ـ لە گۆڕەپانی هاوبەشی گەلانی ئێران و هێزە دیمۆکراتیکەکاندا هەوڵ بدرێت بۆ نزیکبوونەوە و پێشخستنی چالاکی هاوبەش و پێشخستنی چارەسەی دیمۆکراتیک لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی دیمۆکراتیک و ئازادانەی گەلان.
٧ـ لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەی شەشەمی پژاک و کۆنگرەی یەکەمی پژاک لە ئورووپا لە ماوەی ساڵی داهاتوودا گوڕ بە پەروەردە، رێکخستن و چالاکی بدرێت.

بێگومان جیا لەم خاڵە گرینگانە، کۆمەڵێک خاڵی تر و کرداری لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆنفڕانسدا هەن کە پێویستە رێکخستنەکانی پژاک لە ساڵی داهاتوودا هەوڵ بۆ بەکرداری کردنیان بدات. کۆنفڕانسەکە لە کۆتاییدا، دروشمی ( بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پەرە بە رێکخستن دەدەین؛ لە کوردستان و ئێران شۆڕشی گەلان سەردەخەین) وەک دروشمی کۆنفڕانسی پەسەند کرد و کۆنفڕانسەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی پێ‌هات.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ئورووپا
٢٦/٠٦/٢٠٢٣

هاوبەشی :