لە دەلاقەی زامێکەوە

248
0
هاوبەشی :

لە قەڵەمی كۆڵبەرێكەوە

ترس لە هەڵدێران هۆش و زەینی داگیر کردووم. چاوەکانم زەق و زیت کردوونە کە نە کات پێم لە جێگایەکی خراپ دابنێم. بە لەرزەوە پێم لە سەر بەردە خز و خشۆکەکان دادەنێم ودەستم بە چڵە گوێنی روواوی سەر بەردەکە دەگرم.ترس لە هەڵدێران چۆکی سست کردووم و تفم لە زاری دا ئیشک بووە، بە هەڵە لێم تێمەگەن کەسێکی ترسەنۆک نیم بەڵام چاوانی چاوەڕوانی هاتنەوەم و دەنگی ئاوێتەی ترسی خووشکم لە گوێم دا دەزرینگێتەوە؛ (کاکە ئاگات لە خۆت بێت ها تا نەیەیتەوە ناخەوم و پاروێکیشم نان بە گەرووی دا ناشتەخوار) قسە زلەکانیم دێتەوە بیر، ئێستا ٥ ساڵی تەواو نەکردوە کەچی وەها قسە زلە. هێنانەوە بیری (نیان)ی ٥ساڵان زەردەخەنەیەکم دێنێتە سەر لێو و لە دڵەڕاوکێم کەم دەکاتەوە.
پاشی چەن چرکە وادیسان لەگەڵ خۆم ورتەورتمە و بیرەوەری کۆن و نوێ بە مێشکم دا تێپەڕ دەبن. دەڵێم کاتی سەرەمەرگە و ئینسانەکان هەموو سات و کاتی خۆش و ناخۆشی ژیانیان وەبیر دێتەوە. هەناسەیەکی قوڵی لێ هەڵدەکێشم خۆم دەسپێرمە چارەنووس. بارەکەی سەر پشتم قورسایی دەکات و شانەکانی ملم دێشێنێ و واخەریکە دەیبڕێتەوە و برینی جاری پێشوو کە ئێستاش خۆش نەبۆتەوە، سەر لە نوێ دەیکولێنێتەوە.
بارەکەم پشتەوشکێن بووە و جێگایەکی باش نابینم تاکوو پشوویەک بدەم و بارەکەم راست بکەمەوە.
زگم قووڕە قووڕیەتی و برسیم بووە، بەشکم چەن بابۆڵەیەکم پێمابێت، دەکەومە حیساب کیتابێ، دایکم هەمیشە دە بابۆڵان دەپێچێتەوە، نیوەڕۆ پێش ئەوەی وەڕێگاکەوم لەگەڵ خەیارە سیسەکان سێم خواردن، لە نیوەی رێگاش دووی تر و دوو دانەشم دان بە کوڕە کراس رەشە شەرمێونەکە کە تەمەنی هەر ١٥ ساڵ دەبوو، پێش هەڵکشانیشم بەو تەلانەدا هەر لەسەر پێیان بابۆڵێکی ترم خوارد، بە حیساب دەبێت دوو بابۆڵەم پێمابێت.
لەو هەورازە نەدەوێرم چاو لە خوارەوە کەم و نەلەسەرەوە، کە چاو لە خوارەوە دەکەم سەرم لە گێژەوە دێ و کە سەیری سەرەوەش دەکەم وەک جارانی پێشوو دەڵێم قەت قەت ناگەمێ و تا گەیشتن بەسەرەوە دەجاران هەڵدەدێرێم. ناوەراستی وەرزی بەهارە و لە ناو ئەو شاخ و داخەدا رێواسێکی زۆر روواون، بە کاتی سەرکەوتنم زۆرجار خۆم بە چڵە رێواسێک گرتووە و یا چڵە هەڵزێک بە بەرپرسیاریەوە خۆی هاویشتۆتە ناو لەپی دەستم و نەیهێشتووە هەڵدێرێم. لە هەڵکشانم دا منەت باری تەواوی ئەو پەلە گوێنی و گۆشە بەرد و چڵە رێواسەم کە دەستیان گرتووم.
ئەوە جاری پێنجەمە دێم بۆ کۆڵێ و لە ئازایەتی دا ناگەمەوە جەماعەتی دیکە و لەو هەورازە بەجێ دەمێنم؛ هەڵبەت ئەوەش بڵێم هەمیشە چەند کەس تا کاتی هەڵکشانم، جا چەندە درەنگیش بێت لە سەرەوە چاوەروانم دەبن. دوای سەرکەوتنم بەسەر تەختە بەردێک دا جێگایەکی گونجاو بۆ پشوودان لەسەر تەختە بەردێک دەبینمەوە. دادەنیشم و پاڵ ئەدەم بە بارەکەمەوە، دوای چەند چرکە کە هەناسە کێشانم ئاسایی بۆوە تورەکەی برینجی سەر بارەکەم دەکەمەوە، دوو بابۆڵەم پێماون لەگەڵ قوتووە نوشابەکە دەریان دێنم، نێوی قوتوو نوشابەیە ئەگینا بۆخۆشی بیری نایات کەنگێ نوشابەیەکی بەخۆوە بینیوە. پێشی کۆڵبەری لە کارگەیەکی پەلاستیک سازی کارم دەکرد و ئەو قوتوولکە نوشابە هەر لەو کاتەوە لەگەڵمە. شەوانە تا بەیانی دەمخستە ناو یەخچاڵ و بەیانان کە لەگەڵ خۆم دەمبرد بۆ سەر کار یەکپارچە سەهۆڵ بوو و لە گەرمایی هاویین و کوورەی داگیرساوی کارگاکە تا ساعەت ١٠ی بەیانی من و هاورێکانمی فێنک دەکردەوە، کە لەسەر کار دەرکرام، خوێنەری بەڕێز لێرە پێویستە بۆت روون بکەمەوە تا بە هەڵە لێم تێنەگەی، هۆکاری دەرکردنم تەنیا ئەوە بوو داوای مافی ئەو چەند کرێکارم دەکرد کە بە یەکەوە کارمان دەکرد و لێمان زەوت کرابوو، ئەوانیش گوتیان گێرەشێوێنی دەکەی و دەریان کردم. جا دەمگووت ئەگەر لەسەر کار دەرکرام ئەو قوتوو نوشابەشم وەک رێز لێنان لەو هەموو خزمەتەی کە کردوویەتی دوور نەخستەوە و لەگەڵ خۆم هێنام بۆ کۆڵێ، لە سایەی سەری فێنکی چیا و کوێستانی کوردستان سەهۆڵاوە کە تا درەنگ بە فێنکی دەمێنێتەوە و تا گەییشتن بە کانیەکی هەڵقوڵاوی ناو خیزەڵانی چیا تینویایەتیم دەشکێنێ.
بەڵێ خوێنەری بەڕێز راستە، مێشکێکی ئاڵۆزم هەیە و بیر و هەستم هەر ساتەی سەر بە شوێن و کاتێکی جیا دا دەکات، بەڵام خوێنەری خۆشەویست با لەسەر ئەو تەختە بەردەی ناوەڕاستی چیای هەڵدێر وشاخاوی کە پاڵم داوەتە سەر بارەکە و بە کاتی خۆرئاوا بوون و ئارەقەی ساردەوە بووی سەر نێوچاوانم بۆت بدوێم. دەزانی لێرە چی دەکەم؟
خۆ دەزانم دەزانی بەڵام با بۆخۆشم بۆت باس کەم و ئەرخەیان بم، ئاگاداری بارودۆخی هەیی هەی و لەو وەزعە دا من و بە سەدانی وەک من بە لاو و پیر، خوێنەر و نەخوێنەوار، شارستانی و لادێیی کە روومان لەو شاخانە کردوە کە دوژمن پێی دەڵێت سنوور و تێل بەند و مین رێژی کردوە و کۆڵبەری دەکەین، لەبەر ئەوەیە سەرمان بۆ کەس نێوی نەکردوە.

بۆ منی خوێنەوار ئەگەر جاشایەتیم قەبوڵ کردبا و وڵامی ئەرێنیم بۆ پیشنیاری ئیدارات و کەسانی دەوڵەتی دابایەوە، ئێستا لە پشت میزێک دانیشتبووم و بە پتە خۆم دەتەکاند و مووچەی مانگانەم بۆ دەبڕایەوە. بەڵام ئەو سەرشۆڕی و خوێڕیایەتیە پێشکەشی خۆیان بێت و ئەو جاشایەتیە بە من و بە سەدان کەسی خاوەن ویژدان ناکرێت کە تۆزێکیان ئەخلاق هەبێت و هەستی وڵات پارێزیان مابێت. یەک دەقەی ئەو هەموو زەحمەتی و ماندوو بوونە بە ملوێن پارەی بۆگەنی ئەو بێ‌شەڕەفانه ناگۆڕمەوە.
خوێنەری بەڕێز کە هێندێکیش توڕە و قسە رەق بووم دەزانم لێم بە دڵ ناگری دەزانی کە دەڵێم چی، جا بۆیە ئێستا من و بە سەدانی وەک من لێرەن و رۆژانە هەڵدەدێرێن و بە تەقەی فیشەکی ئەو خوێڕیانە دەکوژرێین.
خوێنەری بەڕێز دەمهەوێت سەرنجت راکێشم بۆ لای هێندێک هەستی پاراو تا بە تەنیا شاهیدی بێ‌زاری و بێ‌تاقەتی من نەبی و روانگەی جوان ناسانەی منیش بۆ سروشت و وڵات ببینی. لە لاپەڕەکانی پێشوو دا بۆم باس کردی کە زۆر جار چڵە رێواسێک یا پەلە گوێنیەک لە هەڵدێران رزگاریان کردووم، بوونەتە هاوڕێم و دەستیان بۆ درێژ کردووم. زۆر جار هەبووە چاوم لێ قووچاندووە و وامزانیوە هەڵدێراوم، بەڵام تەختە بەردێک خۆی خزاندۆتە بن پێم و گریساومەوە. بۆنی هەڵزی بەهاران و تفتایی رێواسی هێدی هێدی پیر بوو و روونی ئاوی کانیاوی خیزەڵان و خۆرئاوابوونی ئێواران هەر هەموویان ئەو تابڵۆ نەخشینەن کە ژیان سەرەرای ناخۆشیەکانی دەڕازێنێتەوە و تۆوی هیوا دەچێنن. ئەوانە دەبنە بزوێنەری هەستی تۆڵە گرتنەوە لەو ناپاکانەی دەستیان درێژی ئەو سرووشتە ناوازە کردوە. دەبنە بزوێنەری تەواوی شەش هەستی ئینسانی، وەک دەڵێن ئەگەر بە چاوێکی دی لە ژیان بڕوانی ئەوە ناتوانی هەروا بە سووک و هاسان لە تەنیشت ئەو هەموو جوانی و خۆنوواندنەی سرووشت تێپەڕی و ئەوینداری نەبیت. سرووشتی رازاوە هەموو خۆرئاوابوونێک پەلکێشم دەکات کە لە سەر ئەو هەورازە وچانێک بدەم و لەو هەموو جوانیە بڕوانم و شەیدای بم.
مەلی خەیاڵاتم هەموو ئێواران لەسەر ئەو تەختە بەردەوە بۆ سەیرانێکی کت و پڕ و لەناکاو بە نێو ئەو هەموو جوانیە دا خۆی ئامادە دەکات، وەک باڵەندەیەکی روح سووک لەو هەورازە و شان بە شانی گاشە بەردی لەسەر یەک کەڵەکە بوو خۆ هەڵدەدێرێ و کە نێزیکی زەوی دەبێتەوە چەند گوڵی پشکوتوو بۆن دەکاو لە شەقەی باڵ دەداتەوە، لەسەر دارە بی قەڕاغ چۆمەکە سەر بە سەر هێلانەی چۆلەکەیەک دادەگرێ و کە لە سڵامەتی هێلکەکان و لە نەبوونی دایکیان دڵنیا بوو، لەگەڵ پەپوولەیەکی باڵ رەنگین هاوڕێیەتی دەکات و گوێ هەڵدەخات بۆ بەسەرهاتی ئەوڕۆی پەپوولەکە کە یەکەم رۆژی پەپوولە بوونیەتی، پاشان لە خشەی ناو گیاکان دا ورد دەبێتەوە و دەبینێت چۆن مار توێژ دەهاوێت و خۆی نوێ دەکاتەوە، باڵ لێدەدات و هەندێک بەرز دەبێتەوە دەبینێت چۆن لە لێواری چۆماوەکە ژیان شین بووە و شاهیدی دەدات بۆ رێچکەی مێروولەکان کە چۆن لە جموجۆڵ دان بۆ ژیان. گەنم کەروێشکە دەکات و سەرنجی رادەکێشێت کە چۆن پێدەگات و کاتی جوتیار چۆن خزمەتی دەکات تا دەبێت بە پاروویەک نان لە سەر سفرەی ماڵە هەژارێک. کڵپەی سووری ئاگری دەمەو ئێواران پەلکێشی دەکات بۆ لای خۆی و مامە شوانی کۆڵنەدەر کە وا شمشاڵەکەی بە لا لێویەوە ناوە ودەیژەنێت و کاریلە بەرخی ساوا خۆی لەبەر دەلاوێننەوە.
خوێنەری بەرێز جوانی کوردستان لە رادەبەدەرن و لە تەنیشت وی دەردی گەلی ئێمەش زۆرن، بەڵام با کورتە چیرۆکەکەم بە کورتی بمێنێتەوە و لە حەوسەلەی خوێندنەوەش درێژتر نەبێت.
ویستم چەند سات لە هەڵکشان بە سەر هەورازێک دا و پشوودان بەسەر تەختە بەردێک دا هەستی خۆم و بە سەدانی وەک خۆمت بۆ باس کەم تا لە یەک نامۆ نەبین و لە پەنجەرەی ئەم زامەوە بینینی ناحەزی و جوانی، شیرینی و تاڵی، خۆشی و ناخۆشی و دەیان دووانەی دژ بە یەک تەنیشت بە تەنیشت پاڵیان بە یەکەوە داوە.

هاوبەشی :