ھێرشی سەر ھەدەپە

239
0
هاوبەشی :

ژینا زاگرۆس

ھێرشی سەر ھەدەپە، ھێرشی سەر ھیوای تێکۆشانی ئازادیە. بۆ ھەڵبژاردنەکانی تورکیا و لە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تورکیا، ھێرشێکی ڕەشکردن و قین لە دڵانە دژی ھەدەپە و ئەنجامی دەستێوەردراوی ھەڵبژاردنەکان سەر ڕێخراوە.

باشور کە شوێنێکی گرنگی لە تێکوشانی گەلی کورددا ھەیە، بەبەرنامە ھێرشێکی گەورەی شەڕی تایبەت بۆسەر تێکۆشانی گەلی کورد ھەیە. ئەم گۆڕەپانەی باشور گرنگی گەورەی ھەیە. بۆیە کاتێک دێتە سەر ھاوکاری تێکۆشانی ئازادی و تەڤگەرە شۆڕشگێڕیەکەی ھەموو ھێرشی بێدەنگ کردن دەست پێدەکەن. بەڵام کاتێک دێتە سەر نیشاندانی ھێرش و لێدان لە ھیواو ئیرادە، ھەموان پێکەوە دەکەونە ھێرش بۆسەر دەسکەوتەکان و بچوک دانان و ڕێگەو شوێن دانان بۆ شۆڕشی باکور.

شۆڕشی ئازادی خاوەنی پارادیگما و ھێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕیە. کە بەرنامە و ھێڵی ستڕاتیجی و تاکتیکی خۆی پێناسە کردوە و بەگوێی ھەموانیدا ھەڵداوە. ئەم تێکۆشانە خاوەنی ڕێبەری سیستەم و سودبینیە لە ھەموو گۆڕەپان و کایەکانی تێکۆشان. خۆی بە کایە و گۆڕەپانێکەوە قەتیس نەکردوە، خاوەنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و لێکگرێدانی ئاستی تێکۆشانی گەلەری و کۆمەڵگەیە. بۆیە خاوەنی پرانسیپ، ھێڵ و زێبازی تێکۆشەرانەی خۆشیەتی.

ئەو ھێرشەی ئەمڕۆ دەکرێتە سەر ھەدەپە گوایە، لە ھەلبژاردنەکاندا شکستی ھێناوە و گەڕانەوە دواوەی تۆمار کردوە. لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە. لە گۆڕەپانی باکوردا، ناوماڵی فاشیزمی تورکی پارچەکردوە. ھێزە شۆڕشگێڕ و چەپگەراکان و فیمینیست و ژینگەپارێزەکانی کردوەتە شێوەیەک لە ھاوپەیمان و تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی. لەناو تورکەکاندا ئاڵوگۆڕی تێڕوانینی لەسەر تێکۆشانی گەلی کورد دروست کردوە. لە گۆڕەپانی سەربازی و ھێرشی چەکداری ھۆڤانەدا، فاشیزمی تورکی ڕاگرتوە. لە گۆڕەپانی خۆرئاوا، باشور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەسکەوتی گەورە بەدەستھاتوە. لە گۆڕەپانی دبلۆماسی و ھاوپەیمانی نێونەتەوەییدابەرەو پێشچونی گەورە ڕویداوە. دبلۆماسیەتی کوردی ئازاد مۆری خۆی لە گفتوگۆ و پەیوەندی وناکۆکیەکان داوە.

ئەوەی لەباشوری کوردستان ھاواری لێھەستاوە، تەنگاوی ھێڵی خیانەت و داگیرکاری و تەسلیمیەتە. بۆیە دەیانەوێت شکستەکانی خۆیان کە لە باشوری کوردستاندا لەپەیوەند بە دۆسیە و پێگەی ھەڕێمی کوردستان، سیاسەتی نەوت و غاز، موچە و بەڕێوەبەری کۆمەڵگە، تەسلیمکردنی باشور بەداگیرکەرانی نوێی کوردستان و خیانەت کردن لە خەون و خەیاڵی گەل لەباشور لە پەیوەند بە حکومەتی فیدراڵی عیراق و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی عیراق و باشوری کوردستاندا بەسەری ھەدەپەدا بڕێژن.

ئەو شەڕە تایبەتە دەیەوێت، کۆمەڵگەی باشور ھەست و سۆزی بۆ ھوشیاری دیموکراتیک و بەرنامەڕێژی ستراتیجی شۆڕش و تێکۆشانی ئازادی نەچێت و ھەر لەژێر ھەژمونی بیرکردنەوە و کرداری پارچەگەری سیاسەتی کلاسیکی کوردایەتی خێڵەکی و بنەماڵەییدا بمێنێتەوە. ئەوەی تەنگاوە ترسە لە دەسکەوتەکانی ھەدەپە و باکوری کوردستان و بونە ھوشیاری شۆڕشگێڕیە لە باشوری کوردستاندا.

بۆیە گرنگە مرۆڤ نەکەوێتە ناوداوی ئەو سیخوڕ و بەکرێگیراوو پێھەڵخوێنانەی شیرینکەرانی داگیرکەرانی کوردستانەوە. وەرە بێنە بەرچاوت و سەیری قسە ناکۆکەکانی نێوان کەسایەتیەکانی ناو ئەو قسەکەرانە بکە. بزانە چەندە لەگەڵ داگیرکەراندا تەباو پێکەوەبوون، چەندە پارە و پوڵیان لێوەرگرتون! داگیرکەران ئەو پارانەیان لەپای چی داوە؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە وەڵامەکەی دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە: لەبەرامبەر دژایەتی، شەڕ و ھێرش بۆسەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا وەریان گرتوە.

بۆ پارچەکردن، بێھێزکردن و نانەوەی دوبەرەکی و چەندبەرەکی لەناو کورداندا وەریانگرتووە.

بۆ ڕەشکردن و ڕێگری لە تێگەیشتن لە دەسکەوتە بەدەستھاتوەکان و نەبونە ھوشیاری کۆمەڵایەتیە لە کۆمەڵگەی باشوردا.

بۆ لێدانە لە ئیرادەی ئازاد و چاندنی ھەرچی زیاتری تۆوی گومان و بێھیواییە.

بۆ ئەوەیە کە ھەرخۆیان، ئاغا، کوێخا و قسەکەر و دەوڵەمەندوو بازرگان بن.

بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگەی باشور بە ئاستی تێگەیشتنی نەتەوەیی و دیموکراتیک نەگات و نەبێتە نەتەوەیەکی ئازادی خاوەن پێگە.

بۆ ئەوەیە کە ھەرچی سەرمایە و دەوڵەمەندی ئەم کوردستانەیە بیدەنە داگیرکەران و ئەوانیش، وەک سواڵکەر لەبەرامبەر بەکرێگیراوی چەند قسەی بێبنەمادا پارەیان بدەنێ.

بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگەی باشور بەئاستی ھوشیاری کۆمەڵگەیی نەگات و ھەر لەسەر جۆگە ئاوێک یەکتر شەڵاڵی خوێن بکەن.

بۆ ئەوەیە لە باشور ھێڵێکی سیاسی ڕێکخستنی سەربەخۆھو ئازاد دروست نەبێت.

بۆیە گەلی ئێمە لەباشور پێویستە نەکەوێتە ناو ئەو داوە چنراوەی کە لەڕێگەی دەمووچاوە بەکرێگیراوە کوردەکانەوە دەکرێتە مێشک وھوشیاریانەوە. پێویستە گەلی باشوری کوردستان بە ئاستی ھوشیاری و خۆڕێکخستن بگات و ئامانجی شۆڕشی کوردستان بکاتە تێکۆشانی خۆیی و لێپرسینەوەی مێژویی لەم بەکرێگیراوو سیخوڕانەی داگیرکەران بکات.

ئەو شەڕە تایبەتە نیشانەی شکستی ھەدەپە نیە، نیشانەی ترسی ھێڵی خیانەت و داگیرگاریە لە ھوشیاری و خۆڕێکخستنی کۆمەڵگەی باشور و ناردنی ئەو ھێڵەیە بۆ سەرەلوێنکی مێژوو و جیاکڕدنەوەی ھێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی باشورە لەو ھەموو بەکرێگیراوو لۆمپەن و خەساوەی ناو کوردایەتی کلاسیک و میللیگەرا. ترسی تێگەیشتنە لە سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی ھەدەپە و شۆڕشی کوردستان.

ئەم ساڵ، ساڵی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی جیھان و دیاریکردنی ناسنامەکانە. سەدەی یەکەمی لۆزان بە ئینکاری گەلی کورد و دەوڵەت نەتەوەی یەکڕەنگ، ڕەنگڕێژ کرا. سەدەی دووەم واتە دەستپێکی سەدەی دووەمی دەوڵەت نەتەوە کۆتایی سیستەمەکەیی و بێ ناسنامە ھێشتنەوەی کورد و بێ پێگە ھێشتنەوەی کوردستانە. دەبێت لە دووەمین دەسپێکی سەدەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریدا لۆزان لە گۆڕ بنرێت و سیاسەتی ئینکار، قڕکردن و کۆمەڵکوژی کوردان کۆتایی بێت. ئەوانەی لەدژی ھەدەپە، تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد قسە دەکەن، دەیانەوێت لۆزانی قڕکەری کوردان بەردەوامی بکات.

نەسیحەتەکانیان بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ ئەکەپە مەھەپە و دەوڵەتی تورک ھۆکارەکەی ھاوکاری و ھێشتنەوەی لۆزانی قڕکەرە! بۆیە پێویستە گەلی کورد لە ئاستی پەیمماننامە و ڕێککەوتننامەکاندا ھوشیار بێت و مانایان پێبدات و ھەستیار بێت. ھەر ھاوکاریەک لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا واتە ھێشتنەوەی لۆزان بە ناوەرۆکی سیاسی ئینکاری گەلی کورد و قڕکردنی. دەبێت ئەو ھاوسەنگەیە لەسەر دەستی کوردی ئازاد و تێکۆشان و ڕێبەرێتیەکەی بگۆڕێت. ھاوسەنگی ئێستە و مانەوە لە ناو ئەو ھاوسەنگیەی باڵادەستی داگیرکەراندا، ڕۆح کردنەوەیە بە بەری سیستەمی داگیرکاری تەنگاو کراودا.

بۆیە ئەوەی ئەم ھێز و کەسانە دەیکەن لە ھەرێمی کوردستان ڕەوایەتی دانە بە داگیرکردنی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورک و بەوە دەیانەوێت ھاوکاری سەدەی دووەمی تورکەکان بن لە ئاواکردنی عوسمانیەتی نوێدا.

بێگومان تێکۆشانی گەلی کورد پەیوەندی بە یەکیەتی ھێزە سیاسیەکان، گەل و کۆمەڵگەی کوردیەوە ھەیە. بۆیە ئەرکی تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگە کوردی و کوردستانیەیە بە ھەستیاریەوە بەشداری بکات لە بەدەستھێنانی ناسنامەو پێگەی ئازاد بۆ کورد و کورستان. ئەرکی سەرشانی کوردستانیان و گەلانی ناوچەشە کە بیر لە ئاشتی و ئارامی ناوچەکە و گەلانیان بکەنەوە و لەژێر سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکدا پێکەوەژیانی گەلان بکەنە ڕێگەی چارەسەری کێشە و شەڕو خوێنڕێژیەکان.

کوردستان واری زاگرۆسیانە، ھیچ ھێزێک ناتوانێت داگیریبکات و ڕۆحی زاگرۆسی تێدا بکوژێت. زاگرۆس ژن بنیاتی ناوە و ھەر ژنیش سەلەنوێ بنیاتی دەنێتەوە.

 

هاوبەشی :