دادگای تاوانەکانی ڕەسافە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی هیشام هاشمی کەسایەتی دیاری عێراقی و شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی دەرکرد.
ئەمڕۆ، دادگای ڕەسافەی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەحمەد کەنانی بکوژی هیشام هاشمی ڕۆژنامەنوس و شارەزا لە کاروباری ئاسایش دەرکرد.
زیاتر لە دوو ساڵە بەهۆی پاڵپشتیکردنی بکوژەکە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازییەوە نزیکەی ١٠ جار دادگاییکردنی بکوژەکە دواخرا، بەڵام دواجار سزا بەسەر بکوژەکەدا سەپێنرا.
لە ڕۆژی ٦ی تەموزی ساڵی ٢٠٢٠ هیشام هاشمی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا و لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە تەقەی لێکرا و گیانیلەدەستدا.
١٠ ڕۆژ دواتر و لە ڕۆژی ١٦ـی تەموزیدا هێزەکانی ئاسایشی عێراق کەسێکیان بەناوی ئەحمەد کەنانی بە تۆمەتی کوشتنی هیشام هاشمی دەستگیرکرد و دوای لێکۆڵینەوە دانی بەوەدانا کە ئەو بەو کارە هەستاوە.