کورکچو: پارتی چەپی سەوز پڕۆسەیەکی نوێ لەسەر پرسی کورد دەستپێدەکات

241
0
هاوبەشی :

 

ئەرتوغروڵ کورکچو سەرۆکی فەخریی هەدەپە و ئەندامی فەخریی دەستەی پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا وتی، شکستی ئاکەپە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بانگەوازی پشتیوانیکردنی بۆ پارتی چەپی سەوز کرد.

ئەرتوغروڵ کورکچو سەرۆکی فەخریی هەدەپە و ئەندامی فەخریی دەستەی پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایارەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

کورکچو وتی، هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار لە ئاستی ستراتیژیدا گرنگن و وتیشی، “چونکە ئێمە، یان ڕێگری لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی دیکتاتۆریەتێکی فاشیستی دەکەین، یان ئیمە بەرەو ئەو هەوڵە دەڕۆین. نابێت ئێمە ڕێگە بە شکست بدەین. پێویستە ئێمە لەم تێکۆشانەدا سەربکەوین، چونکە دوای ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠١٦، دوای سەرکەوتنی گەورەی هەدەپە، ئێمە هەوڵەکان بۆ چۆکپێدادان بە گەلی کورد، بە دیموکراسی لە تورکیا و دیموکراتەکانی تورکیا ڕاگرت. ئێستاش ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتێکی گرنگمان دەستکەوتووە بۆ لابردن و دوورخستنەوەی تەیب ئەردۆغان، مەهەپەی هاوکاری، ئەرگەنەکۆن و هاوپەیمانێتییەکەیان لە دەسەڵات.”

‘پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ی کورد دەست پێدەکات’

کورکچو وتی، شکستپێهێنانی ئاکەپە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و وتیشی، “هاوسەنگیی ئێستا لە دژی دەسەڵاتە و ڕووی لە ئۆپۆزسیۆنە. ئێمە لە نزیک هەڵبژاردنداین و دەمەوێت ڕایبگەیەنم، دوای ئەم هەڵبژاردنە ڕاستەوخۆ و بە خێرایی لەلایەنی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە لە تورکیا گۆڕانکاری ڕوو نادات، بەڵام ڕەوایبوونی ڕژێمی تاک کەسی لەناودەبرێت. ئەمە دەرفەتی ئەوە بە گەلی کورد، دیموکراتەکان، هەژارانی تورکیا ، زەحمەتکێشان و کرێکارانی تورکیا و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەبەخشێت، کە مافی ئەوەیان هەبێت لە تێکۆشانی خۆیاندا ئازادیی ڕادەربڕین، کاری ڕێکخراوەیی و پشتیوانی و هاوپشتییەکی گەورە بەدەست بهێنن، بەڵام سنووری ڕژێم هەیە. گرنگترین شت، کە ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا چاوەڕوانی دەکەین ئەوەیە، کە ڕێگا بۆ سەردەمێک و قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشان بکەینەوە. سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد، دەمانەوێت بەردەنگ و موخاتەبی نوێ بدۆزینەوە، پرۆسەیەکی نوێ دەستپێبکەین و بەو یاسایانە، کە لە پەرلەماندا ئامادەیان دەکەین، بە هەوڵی دەستووری نوێ، دەرفەتی ئەوەمان بۆ مەیسەر ببێت، کە وتەکان و دەربڕینەکانمان بە بەهێزی باس بکەین و بڵاویان بکەینەوە. ئێمە خەبات بۆ هەلومەرجی نوێ و گونجاوتر دەکەین. ڕزگاری بەندە بەو ئەنجامانەوە. بەرپرسیاری ئێمە ئەوەیە، کە دەبێت ئەم پرۆسەیە سەربخەین”.

کورکچو ڕایگەیاند، ئاکەپە دەیەوێت پرۆسەی هەڵبژاردن تێکبدات، بەڵام هەر هەوڵێک لەم چوارچێوەیەدا لەبەردەم خواست و ئیرادەی گەل دا شکست دەهێنێت.

‘بە دڵنیاییەوە فاشیزم دەڕوخێت’

کورکچو لە وتەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی دەنگدان لە ئەوروپا کرد و وتی، “هەر دەنگدانێک لە ئەوروپا بە پارتی چەپی سەوز بدرێت دەبێتە هۆی رووخاندنی فاشیزم و دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگاکانی تورکیا.”

کورکچو ڕاشیگەیاند، کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا سوود بە دەسەڵاتداران دەگەیەنێت و ئەوەشی وت، “هەدەپە لە سایەی دەنگ لە ئەوروپا ٢ پەرلەمانتاری زیاتری ڕەوانەی پەرلەمان. نزیکەی ٣ ملیۆن دەنگدەر لە ئەوروپا هەیە. زۆربەی ئەو دەنگانە هی پارتی دەسەڵاتدار نین، بەڵام کەمتەرخەمی و خەمساردیی وەک ‘بە دەنگێک هیچ نابێت’ لە ناو ئۆپۆزسیۆندا، سوود بە دیکتاتۆریەت دەگەیەنێت. پێویستە ئەمە پێچەوانە بکەینەوە. دەتوانین تەنها بە یەک دەنگیش ڕێگای هەڵوەشاندنەوە و ڕووخانی فاشیزم دیاری بکەین.”

هاوبەشی :