ژمارەیەک پۆلیسیان کردووە بە پاسەوانی وێنەیەکی ئەردۆغان!

262
0
هاوبەشی :

 

کاتێک کاسبکاران و پیشەوەرانی وان نەیانخواست وێنەیەکی ئەردۆغان بە بینای شوێنی کارەکەیاندا هەڵبواسرێت، پارێزگاری وان بەزۆر وێنەی ئەردۆغانی هەڵواسی و چەند پۆلیسێکیشی داناوە، کە ٢٤ کاتژمێر پاسەوانی لە وێنەکەی ئەردۆغان بکەن.

بڕیارە ٥ی ئایاری ٢٠٢٣ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی جەماوەری و بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی شار وان بکات و بۆ ئەوەش بە پەلە ڕێوشوێنی ئاسایشی نائاسایی لە شارەکە گیرایەبەر. هەموو فەرمانگە و دامەزراوە گشتییەکان خراونەتە کار تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان دا دەکەن.

لە چوارچێوەی ئەو کارانەدا، سەرۆکایەتیی ئاکەپە لە شاری وان، پارێزگاری وان و سەرۆک شارەوانیی وان، کە لەلایەن قەیومێکی ئاکەپەوە بەڕێوەدەبرێت، دەستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێن و جموجوڵ کردووە و داوایان کردووە پۆستەرێکی گەورەی وێنەی ئەردۆغان، کە لەسەری نووسراوە ‘کاتی گونجاو مرۆڤی گونجاو’ لە قەرەباڵغترین شوێنی شارەکە و ڕێگای پەڕینەوەی ئەردۆغان لەسەر شەقامی مەرەش هەڵبواسرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کاسبکاران و پیشەوەرانەوە پارێزگاری وان و ئاکەپە نەیانتوانی بینایەکی گونجاو بۆ هەڵواسینی وێنەکەی ئەردۆغان بدۆزنەوە، لە کۆتاییدا دیوارێکی بەتاڵیان دۆزییەوە و ویستیان پۆستەرە گەورەکەی ئەردۆغانی تیادا هەڵبواسن، بەڵام خاوەنی بیناکە، دانیشتوان و پیشەوەران لە دژی هەڵواسینی وێنەکەی ئەردۆغان بوون بەسەر دیواری بیناکەیانەوە.

ئاکەپە و پارێزگاری وان لە بەردەم باڵەخانەکەدا پۆلیسێکی زۆریان کردەوە و بەزۆر وێنەکەی ئەردۆغانیان هەڵواسی. کاسبکاران، پیشەوەران و دانیشتوانی بیناکە هەڕەشەیان ئەوەیان لێکراوە، کە ‘ئێوە بەهۆی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار دادگایی دەکرێن’. پارێزگاری وان سکاڵای لە دژی کاسبکاران و پیشەوەران تۆمار کردووە و داواکاری گشتی وێڕای ئەوەی سکاڵاکەی پەسەند کردووە، بە پارێزگاری وتووە، ‘هەڵواسینی ئەو وێنە بۆ داهاتووی سەرۆک کۆمار کارێکی دەستووری و یاساییە!’.

ئەو کەسانەی بەزۆر وێنەکەی ئەردۆغانیان هەڵواسیبوو، پۆلیسیان بۆ پاراستنی وێنەکە خستووەتە جوڵە. پۆستەرەکە نزیکەی سێ ڕۆژ لەو شوێنە هەڵدەواسرێت ژمارەیەک پۆلیسیش ئەرکدار کراون، کە بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری پاسەوانی لە وێنەکە بکەن!.

هاوبەشی :