لە یەکی ئایاردا لە فەرەنسا چەندین ملیۆن کەس رژانە گۆڕەپانەکان

243
0
هاوبەشی :

 

بە گوێرەی ئاماری سەندیکاکانی فەرەنسا چەندین ملیۆن کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ١ی ئایاردا کردووە، کەبەمەستی شەرمەزارکردنی چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری خانەنشیندا سازکران. لە زۆر شاریش پێکدادانی دژوار روویاندا.

سەندیکاکان پێشبینیان دەکرد کە یەکی ئایاردا ژمارەی پێوانەیی ٣٠ ساڵی رابردوو تێپەڕێنن. حکومەتی ئیمانوێل ماکرۆن کە تەمەنی خانەنشینبوونی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ بەرزکردووەتەوە، تائێستا بە زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندان شەرمەزار کراوە.

جگە لە شارە گەورەکانی وەک پاریس، نانت، تۆلۆز، بۆردۆ، مارسیلیا و لیۆن، لە شارە بچوکەکانیش بەشداربوون بەرچاو بووە.

سەندیکای سی ئێف تی رایگەیاند کە لە سەرتاسەری وڵاتەکە دوو ملیۆن و٣٠٠ هەزار کەس کە نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەسیان لە پاریس بوون رژاونەتە شەقام و گۆڕەپانەکان.

ئەو ئامارە بە گوێرەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی شەش بۆ حەوت هێندە زیاتر بووە. سەرباری ئەوەی خۆپیشاندان و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە هاوبەشی ٨ سەندیکا رێکخرابوو یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس بەشدارببوون.

لە شارەکانی پاریس، لیۆن و نانت پێکدادانی دژوار روودەدەن. بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ ١٠٨ پۆلیس و جەندرمە برینداربوون و ٢٩١ کەسیش دەستگیرکران. تەنیا لە پاریس ١١١ کەس دەستگیرکراون.

بەرێوەبەری سی ئێف دی تی لۆرێنت بێرگر وتی، “ئەمە بەرخودانێکی کۆتاییە”.

حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی چاکسازی خانەنشینی دوای پەسند کردنی لەلایەن ئەنجومەنی دەستورەوە لە نیوەی نیسان گەیشتووەتە کۆتایی ‘قۆناغێکی دیموکراتیک’. بەڵام سەندیکا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی چاکسازییەکە خۆیان بۆ هەنگاوی نوێ ئامادە دەکەن.

هاوبەشی :