کەنەکە: ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز بێت
دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە:
1 ـی گوڵان (ئایار) رۆژی کرێکارانی جیهان پیرۆز بێت
کرێکاران و رەنجدەران بە تێکۆشان و خۆڕاگریی خۆیان، بە ئارەقەی نێوچەوان و رەنجی خۆیان 1 ی گوڵانیان کردە رۆژی یەکێتیی، تێکۆشان و هاوپشتیی کرێکارانی جیهان. ئەم جەژنە لە ئێستادا لە سەرانسەری دنیا وەک رۆژێکی تایبەت و واتادار پیرۆز دەکرێت. با رۆژی یەکی گوڵان لە سەرجەم کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان و دنیا پیرۆز بێت.
رۆژی یەکی گوڵان جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. کوردستانیان سەدان ساڵە لە پێناو ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی لەخۆیدا رەنجێکی گەورە و بەهادارە. لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان کرێکار و رەنجدەری ئازادی و رزگارین. هەر بۆیە کوردستانیان پێکەوە و بە شانازییەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و بە جەژنی خۆیانی دەزانن.
با ئەم جەژنە لە تەواوی خەڵک و گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانان، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی و رزگاری کوردستان پیرۆز بێت.
رژێمە سەرکوتکەرەکان، هەمیشە یادی ئەم جەژنەیان قەدەغە کردووە. هەزاران لەمپەر و بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و رەنجدەران، تا ئەم رۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن، بەڵام خەڵکی بێ سلەمینەوە، بەردەوام درێژەیان بەخەبات و تێکۆشان و رەنجی خۆیان داوە و لە دیوی خەباتدا ئەم جەژنەیان کردۆتە حەقیقەت و ساڵانە پیرۆزیان کردووە. گەلی کوردیش هەر لە سەرەتاکانی بوونی ئەم رۆژە بە جەژن وەک جەژنی خۆی قەبوڵی کردووە و بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە ئاهەنگی گێڕاوە.
ئەمساڵ، ئێمە کورد و کوردستانیان لە دۆخێکی هەستیار و جدیدا پێشوازی لە 1 ـی گوڵان دەکەین. لە چوار لای کوردستان هێرش و پلانی دژ بە گەلی کورد بەردەوامە. دوژمنان پرۆژەکانیان گەورەن، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەژێر مەترسیی گەورەدان. بۆیە دەبێ هەموو هێزە کوردستانیەکان یەکدەنگی و یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن و لەیەک سەنگەردا دژ بەو پلانانە بووەستنەوە و پوچەڵی بکەن.
لەئێستادا لە تورکیا و باکوری کوردستان هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز لە رۆژەڤدایە. کورد لەگەڵ دۆستانیاندا لیستەیەکیان ئامادەکردووە و بەشداری هەڵبژاردن دەبن. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن. لە سەرانسەری تورکیادا پێشبینیی گۆڕانکاری دەکرێت. لەم هەڵبژاردنانەدا ئامانجی هاوپەیمانی کوردستانی شکستپێهێنانی رژێمی شەڕخواز و فاشیستە و ناردنی ژمارەیەکی زۆری نوێنەرانە بۆ پەڕلەمان.
ئێمە وەکو ک ن ک، پشتیوانی لیستی کوردی (هەدەپە HDP – پارتی چەپیی سەوز) دەکەین و بانگ و داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بە جۆش و خرشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.
بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین لەهەر شوێنێک بن بەشداری لە ئاهەنگەکانی 1 ی گوڵاندا بکەن و لە دژی هێرش و پلانەکانی داگیرکەران دەنگی نەڕازیبوون و قەبوڵ نەکردن هەڵبڕن و لە تەنیشت هێزەکانی پاراستنی کوردستان جێبگرن.
ک ن ک، 1 ی گوڵان (ئایار) لە هەموو خەڵکی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکات. پیرۆز بێت یەکی گوڵان، جەژنی کرێکارانی جیهان.