سيناريۆی سوتاندنی مزگەوت لەلایەن ئێزیدییەكانەوە پیلانی هاوبەشی پەدەكە و توركیا بوو

251
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە

پیلانی هاوبەشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە بۆ ناشیرینكردنی ئێزیدییەكان و هەڵگیرسانی شەڕی نێوان مسوڵمانان و ئێزیدییەكان شكستی هێنا.

دەوڵەتی تورك و پەدەكە ویستیان ئەوەی داعش نەیتوانی تەواوی بكات ئەمان تەواوی بکەن و بە ئەنجامی بگەیەنن، بەڵام پەیامی ئاشتیخوازانەی ئێزیدییەكان ئەو پیلانەی لە گۆڕنا.

هەواڵی سوتاندنی مزگەوتێك لەلایەن ئێزیدییەكانەوە، كە وەختبوو فیتنەییەك لە نێوان ئیزیدییەكان و موسڵماناندا دروست بكات، درۆ دەرچوو.

ئێوارەی ٢٧ی مانگ هەواڵی هێرشكردنە سەر مزگەوتێك لەلایەن خۆپیشاندەرانی شەنگالەوە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی تەنی، بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕاست و دروستی هەواڵەكە و وێنە و ڤیدیۆكانی سوتانی ئەو مزگەوتە بكرێت.

پەدەكە وەك ئەوەی پێشتر پلانی بۆ داڕشتبێت لە ڕێگەی میدیاكانیەوە و پاشان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە هێرشیان كردە سەر خۆبەڕێوەبەری شەنگال و ئەوانیان تۆمەتباركرد بەوەی كە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمدا هاتووە: ھەموو ئەو لایەنانەی لێناگەڕێن دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە، بەرپرسی یەکەمی ڕووداوەکەن، کە بەردەوام ڕۆڵیان لە ئاژەوەگێڕی دەڤەرەکەدا ھەیە.

بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشکردنە سەر مزگەوتێکی شەنگال و سوتاندنی، هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شەنگال دژی گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی دەستیان لە کوشتنی ئێزیدیەکانی شەنگال هەبووە  لەسەردەمی هاتنی داعش لەساڵی ٢٠١٤.

ئێزیدییەكان سورن لەسەرئەوەی ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەو كەسانە نەدەن بۆ شەنگال كەدەستیان هەبووە لە ڕفاندن و بێسەروشوێنبوونی هەزاران ئیزیدییدا، بەڵام دەوڵەتی تورك و پەدەكە ویستیان ڕایگشتی لەسەر خۆپیشاندانەكەی شەنگال بە ئاراستەیەكی تردا ببەن، بێ ئاگا لەوەی پلانەكەیان نەك شكستی هێنا، بەڵكو وایكرد داوای ڕەوای ئیزیدییەكان باشتر و زووتر بگات بە ڕایگشتی.

ڕۆژنامەنوس شڤان هەركی، هەرزوو ڤیدیۆ و وێنەكانی سوتاندنی مزگەوتەكەی شەنگالی لەلایەن ئێزیدییەكانەوە بەدرۆ خستەوە و ڤیدیۆی سوتاندنی مزگەوتەكەی لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەلایەن داعشەوە، دووبارە لە ئەكاونتی خۆی دانایەوە.

ئەو ڕۆژنامەنوسە نوسیویەتی: ئەو مزگەوتەی ناو شنگال کە کاتی خۆی لەلایەن داعشەوە سوتێندراوە، ساڵی ٢٠١٦ لەناو ئەو مزگەوتە وێنەو ڤیدیۆم گرتووە، لەو ڕۆژانە هەندێک وێنە و ڤیدیۆی ئەو مزگەوتە بڵاوکرانەوە کە گوایە ئێزیدییەکان وایان لێکردووە و هێرشیانکردوتەسەری، من بەشێک لە وێنە و ڤیدیکان بۆ ئەوکات دەگەڕێنمەوە، دەبێت وریابین و  بەهەمووشتێک باوەڕنەکەین.

پەدەكە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی كۆنی سوتاندنی مزگەوتەكەدا، ویستی ڕایگشتی بجوڵێنێت و بۆئەمەش هەریەك لە وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایانی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیان بڵاوكردەوە و بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی كەوتنە ژێر كاریگەری هەواڵی ساختەی پەدەكە و میدیاكانییەوە.

ڕۆژێك دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی سوتاندنی مزگەوتی ڕەحمان لە شەنگال، بەڕێوەبەری پۆلیسی موسڵ و چەند كەسایەتییەكی ئێزیدییەكان چوونە ناو مزگەوتەكە و دڵنیابوونەوە كە مزگەوتەكە هیچ زیانێكی پێنەگەیشتووە و هەواڵەكانی سوتاندن و زیانگەیاندن بە مزگەوتەكە دوورە لە ڕاستییەوە.

هەوڵی پەدەكە بۆ دروستكردنی ڕایگشتی دژ بە ئیزیدییەكان لە ڕێگەی هەواڵی ساختەوە هەرزوو لەلایەن كەسایەتیی و كەسانی ئاشتیخوازەوە ڕەتكرایەوە و ئەوەیان بەبیر پەدەكە و هێنایەوە، ساڵی ٢٠١٨ كاتێك دەوڵەتی تورك عەفرینی داگیركرد چەندین مزگەوتی وێران كرد، بەڵام پەدەكە و میدیاكانی نەك بە خەیاڵیشیاندا نەهات، بەڵكو ڕەوایەتییان بە داگیركردنی ئەو شارە كوردییەدا لەلایەن دەوڵەتی توركەوە.

پەدەکە ئامادەکاری کردبوو بۆ ڕووداوەکە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی پڕ کرد لە تۆمەتبارکردنی ئێزیدیەکان، هاوکات بە نهێنیش مامۆستایانی ئاینی لە سنوری هەولێر و دهۆک ڕاسپارد لە وتاری نوێژی هەینی باسی ئەو بابەتە بکەن و هەوڵ بدەن سوتاندنی مزگەوتەکە بلکێنن بە ئێزیدییەکانەوە.

هاوبەشی :