بەیاننامەی ئەنجومەنی هەرێمی راپەرینی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەبۆنەی ٤٩ هەمین ساڵ رۆژی بۆمبارانی شاری قەڵادزێ

240
0
هاوبەشی :


بەیاننامەی ئەنجومەنی هەرێمی راپەرینی تەڤگەری ئازادیی  کۆمەڵگەی کوردستان بەبۆنەی ٤٩ هەمین ساڵ رۆژی  بۆمبارانی شاری قەڵادزێ

کۆمەڵکوژیی ١٩٧٤/٤/٢٤ی شاری قەلادزێ زامێکی قوڵی لەبیر نەکراوە و پەڵەیەکی رەشی دیکەیە بەتەوێڵی دەوڵەت-نەتەوەی عێراق کە  لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو ئەنجامدرا.

دەڤەری پشدەر، وەک ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیجیی لەرووی ئاسایشی نیشتیمانیی و خۆپاراستنەوە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەپاراستن و ژیاندنی شۆڕش و شۆڕشگێڕانی کوردستان، لە ساتەمێژوویی و سەختەکاندا، خەڵکی دەڤەری  پشدەر  خاوەن فەرهەنگ و رەسەنایەتیی کوردەواریین، ئەو دەڤەرە  لەمێژووی دوورو نزیکدا هەمیشە  سەنگەری لەشکان نەهاتووی دژ بەداگیرکەران و پشتوپەنای شۆڕشگێڕانی هەرچواربەشی کوردستان بووە.

٤٩ ساڵ لەمەوبەر ئەوشارە رەنگین و خۆڕاگرە لە٢٤/٤/١٩٧٤ڕووبەرووی بۆمبارانێکی نامرۆڤانەی گەورەو سەخت بۆوە، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژێمی بەعسی دژ بەکورد کە بەچەکی ناپاڵم و قەدەغەکرا و ناوەندی شارەکەیان بۆمبارانکردو کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان لەبەرامبەر دانیشتوانی خۆڕاگرو کورد پەروەری  شاری قەڵادزێ ئەنجامدا، کە بووە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە ١٥٠ هاووڵاتیی کە نیوەیان زیاتر ژن و منداڵ و بەساڵاچووبوون. هەر لەو بۆمبارانەدا ٩ خوێندکاری زانکۆی سلێمانی شەهید بوون، ژمارەیەکیش لە خوێندکارو مامۆستای زانکۆی سلێمانی بریندار بوون کە لەوکاتەدا وەک پەناگەیەکی ئارام بۆبەردەوام بوون لە خوێندن  هاتبوونە ئەوشارە، قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر لە مێژوو خەباتی بزوتنەوەی وئازادییخوازیی گەلی کورددا، هەمیشە بە ماڵی گەورە و سەنگەری نەتەوەیی  تێکۆشەران و نیشتیمانپەروەران و شۆڕشگێڕانی کوردستان ناسراوە،  هەربۆیەش دووژمنانی گەلی کورد بەردەوام ویستوویانە تۆڵەی لێبکەنەوە و ئەو هزرو هێزو ئیرادەیە بشکێنن و خەڵکە قارەمانەکەی لەشۆڕش وتێکۆشان دوربخەنەوە، بەڵام هەرچییەکیان کرد نەیان توانی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی دلێری ئەم دەڤەرە بشکێنن، لە ٢٤/٤/١٩٨٢ خەڵکی کۆڵنەدەری  قەڵادزێ پشەنگایەتی خۆپێشاندانەکانی کردو جارێکی تر ئیرادەو هێزی بۆ گەل ژیاندەوە،  لەبەرامبەردا بەعسیەکان وەک تۆڵەیەک سیاسەتی خاپورکردن و راگواستن و چۆڵکردنی دەڤەری پشدەریان لە ١٩٨٨ – ١٩٨٩  دا لە بەرامبەر ئەو دەڤەرە ئەنجامدا، بەڵام نەوەک هەرنەیان توانی ئیرادەی گەل بشکێنن، بەڵکو خەڵکی وڵاتپارێزی دەڤەری  (بتیوێن و پشدەر) لە ئازاری ساڵی ١٩٩١دا بە راپەڕینی جەماوەریی و سەرتاسەریی وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دایەوە و کۆتاییان بە داگیرکاریی و ستەمی بەعسیەکان هێنا و لەکوردستانیان وەدەریان نان، لەرۆژگاری ئەمڕۆدا کە یادی ئەوڕۆژە تاڵانەدەکەینەوە سەرەڕای ئەو دەسکەوتانەی بەخوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتوون بەهۆی ناکۆکیی و ململانێی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و دورکەوتنەوەیان  لەبەرژەوەندییەکانی گەل دوای نزیکەی ٣٢ ساڵ لە بەڕێوەبردن و دەسەلاتدارییان نەبوونەتە وەڵام بۆ ویست وداخوازییەکانی گەل بەڵکو  ئەوەندەی تر نەھامەتیی و کێشەکانی خەڵکیان قوڵتر کردۆتەوە، داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام  سنورەکانی ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکەن و دەیان ھاووڵاتیی بەو ھۆیەوە شەھیدو بریندار بوون،  لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران باشور بێدەنگ و بێهەڵویستن و ئەوەش ئەوەندەی تر خەڵکی ئەو ناوچانەی تووڕەو نیگەرانکردووە، لە ئێستاشدا دووژمنانی گەلی کورد بەهەمان عەقڵیەتی شۆڤێنیستیی و داگیرکاریی بەردەوامن لە کاولکاریی و کۆمەڵکوژیی لەسەر گەلەکەمان  بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک  لە رۆژئاواو باشور و باکوری کوردستان چەندین تاوان و کۆمەڵکوژییان لەسەر گەلی کورد ئەنجامداوە، هەربۆیە داگیرکەرانی کوردستان بەسودوەرگرتن لە ناکۆکیی هێزەسیاسییەکان و بێدەنگیی نێودەوڵەتیی تیرۆرو کاولکاریی وکۆمەڵکوژیی زیاتر لەسەر گەلی کورد ئەنجام ئەدەن، لەدوای کارەساتی ٢٤/٤/١٩٧٤ گەلی کورد رووبەرووی چەندین کۆمەڵکوژیی بۆتەوە هەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالەوە تا دەگات بەکۆمەڵکوژکردن و بێسەروشوێنکردنی بەهەزاران ژن و منداڵی ئیزدی لەشانگال  لەلایەن تیرۆریستانی داعش هێرش و داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی وگرێسپی  و تاڵانکردن و دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی بەبەرچاوی دنیاوە نمونەی ئەوتاوانە دژبەمرۆڤایەتییانەن کەلەسەر گەلی  کورد ئەنجام ئەدرێن، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە بە دەنگی بەرز هاواربکەین بابەسبێت داگیرکاریی وکۆمەڵکوژیی بابەسبێت ناکۆکیی و دووبەرەکیی و خۆخۆریی و وابەستەبوون بە داگیرکەران، سیاسەتی دیموکراتیی و پێکەوەبوون و بەهێزکردنی یەکیەتی نەتەوەییمان تاکە رێگایە بۆپاراستنی گەلەکەمان لە شەڕوکۆمەڵکوژییەکان، ئەرکی دەسەلاتدارانی حکومەتی هەرێمە ئاوڕێک لەوشارە بێناز و خۆڕاگرە بدەنەوەو پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی جێبەجێبکەن و قەرەبوو زیانلێکەوتوانی بکەنەوە.

وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پەیمان ئەدەین بەردەوام بین لەتێکۆشان تابەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادیی وسەرفرازیی کوردستان و بنیاتنانی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەر و  دیموکرات کە گەل تێیدا خاوەن سەروەریی و ئازدیی و خۆفەرمانی بێت.

نەمری وشکۆمەندی بۆ شەهیدانی ٢٤/٤ ی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادیی  کوردستان.                                                                       

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ ئەنجومەنی هەرێمی ڕاپەرین

                                                                        ٢٤ /٤/٢٠٢٣

 

هاوبەشی :