کەنەکە بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

254
0
هاوبەشی :

کەنەکە بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی کورد و هەموو موسڵمانانی جیهان پیرۆز دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە، کە دووبارە لە دۆخێکی دژواردا جەژن دەکەین و تائێستا قڕکردن و داگیرکاری سەر گەلەکەمان بەردەوامە.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، پەیامی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی ئاڕاستەی گەلی کورد و گشت موسڵمانانی جیهان کرد، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دووبارە لە دۆخێکی دژوار و سەختدا جەژن دەکەین، جینۆساید بۆ سەر گەلەکەمان بەردەوامە، سروشتی وڵاتەکەمان لەناو دەبرێت، داگیرکاری و هەڕەشەکانی دوژمنان لەسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان تادێت زیاتر دەبێت.

باس لەوەشکراوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپاش سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” فشارەکانی دەوڵەت بۆسەر هاوڵاتیان زیادی کردووە و ڕۆژبەڕۆژ کێشە کۆمەڵایەتییەکان قوڵتر دەبنەوە، لە باشووریش قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوامە، تائێستا کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان چارەسەر نەبووە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر بووە، لە هەمان کاتدا هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامن.

بۆیە دوا دەکات، هەموو هێزە کوردییەکان لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا بووەستنەوە، هەموو کورد و کودستانیان دژایەتی داگیرکاری و لەشکرکێشییەکان بکەن، هەروەها دەنگیان بەرامبەر داگیرکەران بەرزبکەنەوە و لە ڕیزی هێزەکانی پاراستنی کوردستان جێگەی خۆیان بگرن.

دەربارەی هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان و تورکیاش رایگەیاندووە، لە باکووری وڵاتەکەمان هەڵبژاردنێک لە ئارادایە و لیستی نیشتمانپەروەرانی کورد و دۆستەکانیان لەژێر ناوی “هاوپەیمانی نیشتمانی” هەیە، وەک کەنەکە پشتیوانی یەکڕیزى نیشتمانی کوردستان دەکەین و داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین لە ناوخۆ و دەرەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن و پشتگیری ئەو یەکێتیە بکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، تەنانەت لەم هەلومەرجەشدا هیوادارین و باوەڕمان هەیە، کە گەلەکەمان لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ئارامی و ئازادی جەژن و ئاهەنگەکانی لەسەر خاکە ئازادەکەی بەڕێوە ببات، بەم بۆنەیەوە جەژنی ڕەمەزان، لە زیندانیان و ئازادیخوازان، لە خەڵکی کوردستان و بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین.

هاوبەشی :