کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە ٣٥ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفال ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

234
0
هاوبەشی :

دەقی راگەیەندراوەکە

“لە٣٥ ساڵیادی ئەنفالکردنی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسی فاشیستدا؛ سەری رێز و نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانی ئەنفالکراودا دادەنوێنین. رژێمی بەعسی فاشیستی لەمیانەی پلانێکی داڕێژراوی جینۆسایدکردندا، بە هەشت قۆناخ، زیاتر لە دووسەد هەزار کەسی ئەنفال کرد و بە چەکی کیمیاویش چەندین شار و شارۆچکە و گوندی کیمیاباران کرد، هەزاران گوند و قەزا و ناحیەی سووتاند و وێرانکرد. ئەو رژێمە فاشیستە بەم کۆمەڵکوژییە هەوڵی قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمانیدا، ئەمە لەکاتێکدا بوون و مافەکانی گەلی کورد لەڕووی دەستوورییەوە دانیپیدانرابوو و خاوەن ئۆتۆنۆمیەکیش بوو. بەڵام رژێمی بەعس بە ئەقڵییەتێکی شۆڤێنیستی و فاشیستییەوە، هەڵسوکەوتی لەگەڵ دۆزی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردمانی لە باشووردا کرد و سەدان هەزار کەسی مەدەنی کۆمەڵکوژ و ئەنفال کرد. بەڵام گەلەکەمان بە ئیرادە و باوەڕییەکی پۆلایینەوە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩١دا راپەڕینێکی سەرتاسەری بەرپا کرد و ئەو رژێمەی لە باشووری کوردستان نەهێشت. دواجار ئەو رژێمەی کەوا بە ئاگر و ئاسن، کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گەلی کورد خۆی لەسەرپێیان راگرتبوو، رووخا و کۆتایی پێهات.

 

ئەو کۆمەڵکوژیی و قڕکارییەی رژێمی بەعس پەیڕەوی دەکرد، لە رۆژی ئەمڕۆماندا رژێمی داگیرکاری تورکیاش بەهەمان ئەقڵییەتی شۆڤێنیستی و فاشیستییەوە پێداگری لەسەر کۆمەڵکوژیی و قڕکردنی گەلەکەمان دەکاتەوە لە باکوور، رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا. بەهەمان ئەقڵییەتی داگیرکارییەوە، گوند و وارگەکانی کوردان وێران دەکات و بە نوێترین چەکی کیمیاوی و کۆکوژییەوە هێرش و پەلاماری گەلەکەمان دەدات و هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، لە کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکاندا هاوکاریی داعشی کرد و هەتا ئێستاش بۆردمانی ئەو دەڤەرە دەکات. لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپیشدا وێڕای داگیرکردن و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکەکەی، دیمۆگرافیای ئەو ناوچە کوردنشینانەی شێواندووە.

 

ئێمە لەکاتێکدا؛ بەئازارێکی قووڵ و خەمگینییەکی زۆرەوە ئەو یادە دەکەینەوە، دەبینین کەوا هێشتا زام و برینی خەڵکی ئەو ناوچە ئەنفالکراوانە ساڕێژ نەکراوە و تەنانەت روفاتی زۆربەیان لە بیابانەکاندا هێشتا نەگەڕێنراوەتەوە و قەرەبووی ماددی و مەعنەویان نەکراوە. بەڵام دەبێت هەموو لایەک ئەو راستییە دەرک پێبکەین کەوا هێشتا گەلەکەمان لەهەموو کوردستاندا رووبەڕووی نکۆڵیکردن و قڕکردن و کۆمەڵکوژی و توانەوەی کولتووری و راگواستن دەبێتەوە، بۆیە پێویستە بۆئەوەی گەلەکەمان لەهەموو کوردستاندا بە ماف و ئازادییەکانی بگات و لە داگیرکاریی، نکۆڵیکردن، قڕکردن، کۆمەڵکوژی، توانەوە و راگواستن رزگاری ببێت و بە ماف و ئازادییەکانی بگات، ئەوا بەبێ بەهێزکردنی توانستەکانی بەرگری رەوا و بەرخۆدانی سەرتاپاگیریی گەلەکەمان و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ناتوانرێت هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەنفالکردن و کۆمەڵکوژیی لەسەر خۆمان بەلاوە بنێین. بۆیە دەبێت لەهەموو رووێکەوە ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدانمان زیاتر بەرزبکەینەوە و یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەهێز و تۆکمەتر بکەین، تا بە ماف وئازادییەکانمان بگەین”.

هاوبەشی :