كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەمساڵ بۆ یادی تاوانی ئەنفال و ڕۆژەکانی ئەو یادە، ڕێگە نادەن هیچ بەرپرسێکی حکومی و حزبی بەشداری ئەو یادە بکەن
لە ستێرك تیڤی وەرگیراوە
بەیانی ئەمڕۆ، لەسەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لەگوندی دێبنەی سەر بە شارەدێی ڕزگاری لەسنوری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕاگەیەنراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
بەختیار ڕەوف، ڕاگەیەنراوەکەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە و وتی: ئێمە کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی جینۆساید و چالاکی مەدەنی و خەڵکی خەمخۆری گەرمیان، ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە ئەمساڵ بۆ یادی تاوانی ئەنفال و ڕۆژەکانی ئەو یادە، ڕێگە نادەین هیچ بەرپرسێکی حکومی و حزبی بەشداری ئەو یادە بکەن.
داواین لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و ئەوانەی چەند ساڵە بایکۆتی یادەکەیان کردووە، ڕۆژی یادەکە لەگەڵیان بن، بۆ ئەوەی هەمووان بەیەک دەنگ پیشانی بدەن، کە ڕێگا بەهاتنی هیچ بەرپرسێکی حکومی و حزبی نادەن.