دەستەی فەرماندەیی هەپەگە رایگەیاند، “ساڵی ٢٠٢٢ لە مێژووی گەلەکەماندا بووە ساڵی دژوارترین و بەرفراوانترین شەڕ. بۆ ئەوەی پراتیکی شەڕی ٢٠٢٢ بە قوڵی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، تاکتیکەکانی سەرکەوتن بە شێوەیەکی داهێنەرانە دەستنیشان بکرێن، کەموکورتی و ئەو کێشانەی لە بەجێگەیاندنی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ دێنەئاراوە و بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە و لەسەر بنەمای ئەو پێرسپێکتیڤە پلانی تێکۆشانی ساڵی دواتر دیاریبکرێت، ئێمە کۆبوونەوەی ئاسایی ساڵانەی کۆمیتەی بەرگریی پەکەکە و دەستەی فەرماندەیی هەپەگەمان لە نێوان ٢٠-٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣ بە بەشداری ژمارەی پێویست لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە نوێنەرانی فەرماندەیی دامەزراوە، ئەیالەت، گۆڕەپان، کارگێڕی سازکرد”.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی دەستەی فەرماندەیی هەپەگەدا هاتووە:

“کۆبوونەوەکەمان لە وەها کەشێکدا سازکرا کە بومەلەرزەی شەشی شوباتی بازارجخ و ئەلبیستان لە رۆژەڤدابوون، بە قوڵی هەست بە ئازارەکانی گەلەکەمان دەکرا. بابەتێکی کۆبوونەوەکەشمان هەڵسەنگاندنی ئەو بومەلەرزەیەبوو. وەک دەزانرێت، بزوتنەوەکەمان بە هۆی لێکەوتە دژوارەکانی بومەلەرزەکەوە وەک هەڵوێستێکی ئەخلاقی، مرۆیی و کۆمەڵایەتی بریاری راگرتنی چالاکییەکانی لە ١٠ی شوبات راگەیاند. ئێمە وەک هەپەگە راستەوخۆ پشتگیری بڕیارەکەمان کرد. بەڵام دەوڵەتی تورک کە دوورە لە هەستە مرۆییەکان، ئەو هەڵوێستەی ئەخلاقیەی ئێمە و رێزی ئێمە بۆ ئەو کەسانەمان کە گیانیان لەدەستداوە، بە نەبینراو داینا و درێژەی بە هێرشەکانیدا. بەڵام ئەو هەڵوێستە بە پرەنسیپانەمان کە لە چوارچێوەی هەڵسوکەوتی رێبەرایەتیمان و پارتەکەمان لەگەڵ گەل و پێودانگە ئەخلاقییەکانمان گیرایەبەر، هێشتاش بەردەوامە. لەسەر ناوی پێکهاتەکانی کۆبوونەوەی دەستەی فەرماندەیی ئێمە سەرەخۆشی لەو بنەماڵانەی کەسوکاریان لە بومەلەرزەکاندا لەدەستداوە، لە تەواوی گەلانی کورد، تورک و عەرەب دەکەین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. ئێمە داوا لە گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین کە هاوکارییەکان زیاتر و زۆرتر بکەن.

ساڵی ٢٠٢٢ مۆری خۆی لە مێژووی ئازادیدا

لەوەها کاتێکدا کە تێکۆشانی ئازادیمان بە قۆناغێکی مێژوویی و ستراتیژیکدا تێپەڕ دەبێت، ئێمە کۆبوونەوەکەمان سازکرد و ساڵی تێکۆشانی ٢٠٢٢مان بە بەرفراوانی تاوتوێ کرد. لەم قۆناغە گرنگەدا کە ساڵێکی بەرخودان و تێکۆشانی گەورە بوو، لەسەر بنەمای ئەوەی وانە لەو قۆناغە گرنگە وەربگیرێت، نەهێشتنی کەموکوڕییەکان بواری ئەوەی رەخساندووە کە دوورنمای تاکتیکیمان کە راستی و دروستی بە کردەوە سەلمێندراوە بە شێوەیەکی داهێنەرانەتر و سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت. هێڵی تاکتیکیمان کە تائێستا لە رووی تیۆرییەوە گوزارشتی لێدەکرا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە کردەوە راستیەکەی سەلمێندرا. لەسەر بنەمای ئەو وانانەی لە ساڵی ٢٠٢٢ وەرگیران، بناغە و کۆڵەکەکانی پراتیک و دوورنما و پێرسپێکتیڤی سەرخستنی ساڵی ٢٠٢٣ روون بووەوە. کۆبوونەوەکەمان کە بە کاریگەری گیانبازانی ئازادیمان هاوڕێیان سارا و روکەن، شەهیدانمان لە زاپ، ئاڤاشین، مەتینا، جودی، گابار، بەستا، دێرسیم، سەرحەد، گارزان و ئامەد و بە پێویست زانینی پراتیکێک کە شایەنی ئەوان بێت، ساز کرا، ئەوەی دەستنیشان کرد کە ساڵی ٢٠٢٢ بە نمونەی قارەمانێتی بێ هاوتا و بەرزترین ئاستی گیانبازیی پراتیکی شەڕ مۆری خۆی لە مێژووی ئازادی داوە.

کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەرگریی پەکەکە و دەستەی فەرماندەیی هەپەگە ئەوەی دەستنیشان کرد کە ئەو ساڵانەی تیایداین نابێت هەرگیز وەک ساڵی ئاسایی دابنرێن، ساڵانێکی هەستیارن کە وەک ساڵانی نائاسایی دەتوانرێت پێناسە بکرێن. بەتایبەتی ئەو قۆناغی شەڕەی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا هاتەئاراوە، هەم بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان هەمیش بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلان و دۆکتۆرین و تێزی شەڕی گەریلا سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد. سەلمێندرا کە گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی کاتێک تاکتیکەکانی شەڕی تونێلەکان و تیمە گەڕۆکەکانیان بە شێوەیەکی راست و کاریگەر جێبەجێ کرد، ئەو کاتە گۆڕەپانە ئازادەکان دەتوانرێن بپارێزرێن. ئەو دۆخە لە ناو هێزەکانی شەڕڤان و فەرماندەکاندا بڕوای بە سەرکەوتن، بڕوابەخۆبوون و پێداگریی لەسەر سەرکەوتنی پتەو کرد. هەربۆیە ئەو ئەنجامانەی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا هاتنە ئاراوە هەم بۆ داهاتوو و دەستەکەوتەکانی گەلەکەمان و هەمیش بۆ گەلانی هەرێمەکان و هێزە بەرهەڵستکارەکانی سیستم کە دەیانەوێت لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان خۆڕاگری بکەن، ئەنجامی زۆر گرنگی بەدوای خۆیدا هێنا. بە شێوەی بەرجستە ئاشکرابوو کە لە سەدەی ٢١دا گەریلا چۆن دەتوانێت لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای مۆدێرنی سەردەم خۆڕاگری بکەن، هەروەها بەرامبەر بە چەکی قەدەغەکراو چۆن دەتوانن خاکی ئازاد بپارێزن.

خۆپاراستن دەبێت لە هەموو شوێنێک بەهێزبکرێت

تایبەتمەندی ‘ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێری دەبێت بە شێوەیەکی گشتیی و یەکگرتووانە بەڕێوەببرێت’، یەک لەو بابەتانە بوو کە لە کۆبوونەوەی ئێمەدا زۆرترین هەڵسەنگاندنی لەبارەوە کرا. شەڕی گەلی شۆڕشگێری لەهەمان کاتدا بە واتای ئەوەیە کە پێودانگەکانی کۆمەڵگای ئەخلاقی-سیاسی، وەک شەپۆلێک لە بناغەوە لەناو گەلدا بڵاوبکرێتەوە. هەربۆیە ئافراندنی راستی گەلی شەڕکەر کۆنسێپتی قڕکرندی دوژمن لەناو دەبات. گەلەکەمان دەبێت برگرییکردنی لە خاکەکەی لە لایەن خۆیەوە وەک بابەتێکی شکۆمەندی و هەبوون ببینێت.ئەو شەڕەی ئەمرۆ دەکرێت شەڕێکی ئاسایی نییە، شەڕی هەبوون و ئازادی گەلەکەمانە. کۆبوونەوەکەمان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت گەلەکەمان بەو وشیاریەوە ژیانی خۆی رێکبخات، لە هەر شوێنێک بێت با ببێت لە بەرامبەر شێوازەکانی شەڕی دەرونیی دوژمن خۆپاراستن لە هەموو شوێنێک بەهێز بکات.

ئازادی جەستەیی رێبەرایەتی تاکە پێودانگی سەرکەوتنە

بۆ ئازادی گەلەکەمان ئێمە لە وەها قۆناغێکداین کە چارەنوسسازە. کۆبوونەوەکەمان بە گفتوگۆی قوڵ و بەرفراوانی ٨ رۆژە، بڕیاری مێژووییدا کە ئەو بڕیارانە بۆ سەرخستنی ساڵی ٢٠٢٣ زۆر گرنگن. کۆبوونەوەکەمان لە وەها کاتێکدا ئەنجامدرا کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی پێینابووە ٢٥ەمین ساڵەیەوە، وێڕای رەخنەدانی کەموکوڕی لە هاوڕێیەتی جارێکی دیکە ئازادی جەستەیی رێبەرایەتی وەک تاکە پێوانی سەرکەوتن دەستنیشان کرد و بڕیاریدا لە سەر ئەو بنەمایە دەبێت مامەڵە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکان بکرێت.

وەک فەرماندە و شەڕڤانانی هەپەگە و یەژاستار، بە گیانی فیدایی ئاپۆیی شەهیدانی نەمرمان سارا گۆیی، روکەن زەلال، باگەر گەڤەر، ئاڤزەم چیا، دەلیل زاگرۆس، مزگین رۆناهی، چیاگەر مەلازگرت، روبار رۆژهەڵات، ماوا رۆژ، نوری یەکتا، هەڵبەست کۆچەرین، باز مۆردەم، دۆغان ژیرکی، فەدایی کۆبانێ، تێکۆشەر ئێزدی، کارکەر، رۆژدا، نالین، رەحیمە، خەبات، زانا، ئەڤیندار، ئاسۆ، هارون و رۆژبوونەکان، لە پێناو مسۆگەرکردنی ئازادی رێبەر و گەلەکەمان، ئێمە بە خواستێکی گەورە، بە ئیرادەیەکی پتەو، بە بڕوایەکی لەبننەهاتوو، بە ئیرادەی سەرکەوتن و پێداگرییەکی بەرز رێدەکەین. لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لەتێکۆشانی ئازادیدا سەرکەوتن بۆ هاوڕێیانمان، گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکە شۆڕشگێڕەکان دەخوازین”.