لە ئاهەنگی پێشوازیکردن لە نەورۆزدا کە لە ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا ئەنجامدرا، مەدالیای شەرەف پێشکەش وتەبێژانی یەپەژە و یەپەگە کرا.
لە ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا، ئاهەنگێک بەبۆنەی نەورۆزەوە، لەلایەن یەکێتی کارسازەکانی کورد – فەڕەنسا رێکخرا. زۆر کەسایەتی و هونەرمەدنی کورد و سیناتۆری فەڕەنسی و شاندی سیاسی و سەربازی رۆژئاوای کوردستان بەشداریان کرد.
لە ئاهەنگەکەدا، مەدالیای شەرەف پێشکەش بە روکسان محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستی گەل (یەپەگە) کرا. لە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣دا، شاندێکی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەردانی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسای کرد.
ماڵپەڕی فەرمی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا باسی قەیرانی ١٢ ساڵەی سوریا و چارەسەری قەیرانەکە کراوە. هەردوو لایەن، ئاماژەیان بە رێگری سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی کە رووبەرووی خۆبەڕێوەبەری دەبنەوە، هەروەها هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کردووە کە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە تێک دەدەن.