بەیاننامەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبونی ٣٥ ساڵ لەمەو بەر لەڕۆژێکی وەک ئەمرۆدا کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بەرچاوی جیهانەوە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەعسی عێراقی ئەنجامدرا و بە ھەزاران ھاوڵاتی کورد شەھید و بریندار بوون، ھەر بەو ھۆیەوە ژینگەو زیندەوەری ناوچەکە پاکتاوکران و تائێستاش خەڵکی ناوچەکە و سروشتەکەی پێوەی دەناڵێنن بێ ئەوەی لەبەرامبەر ئەو تاوانە کەم وێنەیەی مێژوودا هیچ کەس و ناوەندێکی جیھانی ناڕەزایەتی نیشانبدات. ئێستاو ئەو کاتیش هێزە ھەژمونگەراکانی جیھانی سەرمایەداری لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دامەزراندووەو بەوهۆیەوە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی کوردان بێدەنگ بوون و تەنانەت خۆشیان ناراستەوخۆ ھاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژیانە بوون، ھەر لەسەر ئەو بنەمایە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە بەردەوامی بە سیاسەتی شەر و کاولکاری و قرکردنی کوردان و گەلانی ھەرێمەکە ئەدەن، کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لەشەنگال و داگیرکاری سەرعەفرین و سەرێکانی و بەکارھێنانی چەکی کیمیای لەچیاکانی کوردستان لەلایەن رژێمی فاشیستی تورکیا دەرئەنجامی ئەو بەرژەوەندخوازی و دووروی و بێ هەڵوێستیەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە لە بەرامبەر سیاسەتی لەناو بردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان، لەکاتێکدا ٣٥مین ساڵی ئەو ئازارە قوڵەی سەرجەستەی نەتەوەکەمان دەکەینەوە ھێشتا برینەکان ووشک نەبوون و سارێژ نەبوون بەڵکو بەھۆی سیاسەتی ناراست و بەرژەوەند خوازی و خۆفرۆشی و وابەستەیی ھێشتا گەلەکەمان لە باشوری کوردستان رووبەرووی قەیران و کێشەی گەورە بۆتەوە و بەو ھۆیەوە شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری لەبری خزمەت و ئاوەدانی کراوەتە پەراوێزترین و بێ خزمەترین شوێنی ھەرێمی کوردستان ،
دەبێت ھەمووان ئەو راستیە بزانیین ئەوانەی لەئەمرۆدا کەوتوونەتە خزمەتی سیاسەتی داگیرکاری وخیانەتەوە بەشدارن لە بەردەوامی دانی ئەو دۆخەی ھەڵەبجە و تەواوی ھەرێمی کوردستان،
لەسەر بنەمای ئەو راستیەدا لەساڵ وەگەڕی ئەو زامەقوڵەدا بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان و دڵسۆزانی نەتەوکەمان ئەوەیە تاکە رێگەمان رێککەوتن و بەھێزکردنی یەکیەتی نەتەوەییمانە بۆ پاراستنی کوردستان و کۆتایی ھێنان بەکۆمەڵکوژی سەر گەلەکەمان و دوبارەنەبوونەوەیان، لەو رۆژەدا بەرێزەو شەھیدانی کیمابارانی ھەڵەبجە بەبیردێنینەوە یادیان لەبەرزیدا رادەگرین .
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦