کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی ئۆسکار ستێنستۆرم سەرۆکی شاندی سوید بۆ تورکیا دایەوە

272
0
هاوبەشی :

لە ستێرك تیڤی وەرگیراوە

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە هەڵوێستى خۆی بەرامبەر لێدوانەکانی ئۆسکار ستێنستۆرم سەرۆکی شاندی سوید بۆ تورکیا ڕاگەیاند و سەرجەم ئەو تۆمەتانەى ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەى پەکەکەی کردوەو دەڵێت” ئەو لێدوانەی سترێنسترۆم ڕاست نییە، هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە و ئەو تاوانبارکردنانەی لە خۆییەوە بۆ ڕازیکردن و دڵخۆشکردنی ئەو بەردەنگە تورکانە وتوە”.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە هەندێک لەدەسەڵاتدارانی سوید، حزب و جوڵانەوەی ئێمەیان بەچەند شتێکی نادروست تۆمەتبارکردووە تاوەکو بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بە تاوانبار نیشان بدەن، پەکەکە پارتێکی سیاسیە، کە بۆ ڕزگاری و ئازادی کورد و کوردستان تێدەکۆشێت و بۆ ئەوەش قوربانیی زۆر قورسی داوە. حیزبەکەمان، بزووتنەوەیەکە، کە بە بەها ئەخلاقی و ویژدانی و دیموکراسییەکانەوە پەیوەستە.

پەکەکە دەشڵێت، حیزبەکەمان لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە (١٩٧٨) تاوەک ئێستا، کە ماوەی ٤٥ ساڵە، بەو بەها و نرخانەوە سیاسەت دەکات. حیزبەکەمان هیچ پەیوەندیەکی بە کەس و لایەنە  تاوانبارەکانەوە نییە و لە دژی ئەو لایەنانەشە، هەرچەندە ڕاستییەکە ئەوەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک و دەوروبەرە هاوکارەکەی، بۆ ئەوەی حیزبەکەمان تاوانبار بکەن پەنا دەبەنە بەر هەموو درۆ، فێڵ و چەواشەکاری و نەبوونییەک.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ماوەیەکە باڵیۆز ئۆسکار سترێنسترۆم سەرۆکی شاندێکە و بە ناوی سویدەوە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەکات، چووە بەشداریی لەو تاوانبارکردنە ناڕاستانەدا کردووە و سترێنسترۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی سوید وتی، هەندێک تاوانبار لەسوید تاوانی زەوتکردن، چەک و ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دەدەن و گوایە ئەوانە هاوکاریی دارایی پەکەکە دەکەن و باسی لە ناوێک بەناوی “ڕێویی کورد” کردوە.

کۆمیتەى پەیوەندیەکانى پەکەکە لەسەر ئەو تۆمەتە دەڵێت”ئەو لێدوانەی بەڕێز سترێنسترۆم ڕاست نییە، هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە و ئەو تاوانبارکردنانەی لە خۆییەوە بۆ ڕازیکردن و دڵخۆشکردنی ئەو بەردەنگە تورکانە وتوە، کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدات. ئێمە نازانین ‘ڕێویی کورد’ کێیە، نایناسین و هیچ پەیوەندییەکەمان پێوەی نییە. لە تورکیا لێدوان و قسەکردن بۆ پشتیوانی لە پەکەکە تاوانە و خەڵکی لەسەر زیندانی دەکرێت. زۆرکەس هەیە، کە بەهۆی قسەکردن لەسەر پەکەکە، یان ناندانێک بە پەکەکەییەکان، تاوانبارکراون و لەبەر ئەوەش لە تورکیا هاتوون و داوای پەنابەرییان لە دەسەڵاتدارانی سوید کردووە”.

هەروەها پەکەکە ڕوونیکردوەتەوە، کە بە وتەی سترێنسترۆم ‘ڕێویی کورد’ لەبەر ئەوەی تاوانی کردووە لە سویدا بە دوایدا دەگەڕێن و لە سوید یارمەتیی پەکەکەی داوە، بەڵام هەڵهاتووە بۆ تورکیا و لە تورکیا بە ئازادی دەسوڕێتەوە، ئەمە لێدوانێکی بێ نرخ و ناڕوونە.

هەر لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش ئاماژەى پێکراوە کە، ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها لەلایەن سترێنسترۆمەوە نادرێن، بەڵکو لەم دواییانەدا، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ، بۆ ڕازیکردنی حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان، بەرپرسانی حکومەتی سوید، وەک تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لێدوانی لەو شێوەیەی دابوو، دەشڵێت”ئێمە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە. ڕەنگە حکومەتی سوید گەشە بە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بدات،  بەڵام با سەودا و مامەڵە لەسەر ئێمە و لەسەر کورد نەکەن، نەبنە پشتیوانی ئەردۆغانی دەستخوێناوی، کە لە وڵاتی ئێمە تاوانی جەنگی  دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات”.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا کۆمیتەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى پەکەکە ڕایگەیاندوە، دۆستایەتیی نێوان کورد و گەلی سوید لەمێژە بوونی هەیە، ئەم دۆستایەتییە بۆ ئێمە گرنگ و هێژایە، ئێمە گرنگیی پێ دەدەین و دەمانەوێت بەرەو پێش بڕوات، گەلی سویدی خاوەن ویژدان دەزانن و دەبینن، کە ئەو لێدوان و تۆمەتانە بۆ چی دەخرێنە پاڵمان، کێ چی دەڵێت با بیڵێت، ئێمە داکۆکی و پاراستن لە بەها مرۆیی، ئەخلاقی و دیموکراسییەکان دەکەین، ئێمە بە ڕۆیشتن و رێکردن بەو ڕێگایەدا، کە ئێمە بڕوامان بە ڕاستبوون و ڕەوابوونی هەیە، وڵاتەکەمان لە داگیرکاری ڕزگار دەکەین و گەلەکەمان ئازاد دەکەین”.

هاوبەشی :