یەکێتی ئەوروپا ژمارەیەک کەس و دامەزراوەی تری ڕژێمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانیەوە
دوێنێ دووشەممە، یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکیدا ٣٢ کەسایەتی و دوو دامودەزگای ڕژێمی ئێرانی سزا دا، کە تێوەگلاون لە سەرکوتکارییەکانی سەرهەڵدانی گەلان.
لە ناو ئەو لیستەی یەکێتی ئەوروپادا، هەریەکە لە یوسف نوری وەزیری پەروەردە و محەمەد مەهدی ئیسماعیلی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ڕژێمی ئێران خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
هاوکات ژمارەیەک بەرپرسی ناوەندی ئەمنی و سەربازیش لە ناو لیستەکەدا جێگیرکراون.
یەکێتی ئەوروپا، گەمارۆی سەپاندوە بە سەر بنکەی هاوکاریی فەرماندەیی جێبەجێکردنی یاسای ڕژێمی ئێران و ئینستیتۆی زانستەکانی جێبەجێکردنی یاسا و لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی فەرماندەیی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو سزا نوێیانەی یەکێتی ئەوروپا بریتین لە بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشت بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە.
تا ئێستا بەگشتی ١٩٦ کەس و ٣٣ دامەزراوەی ڕژێمی ئێران لە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپادا جێگیر کراون.