مووچەی هەرێمی کوردستان و کەرەکەی مەلا نەسرەدین!‏

515
0
هاوبەشی :

نوسینی: دلێر ئاکرەیی

بەڕاستی داهاتی هەرێم ئەوەندە کەمە کە بەشی قووتی خەڵکەکە ناکات یان ئەمە سیاسەتێکە و ‏دەیانەوێ خەڵکەکە لە سەری رابێنن، هەر وەکو چۆن پێش ئێستا لە سەر هاتن و نەهاتنی ‏کارەبایان راهێنابوون.‏
شارەزایانی بواری ئابووری هەرێم و بەشێک لە پەرلەمانتارانەکانی هەرێم و ئێراقیش بە زمانی ژمارە و ‏لێکدانەوەی زانستی و بە بەڵگ و گەواهی متمانەپێکراو دەیسەلمێنن کە داهاتی هەرێم نەک ‏تەنیا بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات، بەڵكو زۆر لەوە زیاترە و بەشی پرۆژەی ‏گەشەپێدانی هەرێمەکەش دەکات و بە رۆژی رووناک دەدزرێت.‏
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە خەڵکەکە لە بری ئەوە داوای مافی خۆیان لە دەسەڵات بکەن و ‏ناچاری بکەن مل بۆ داخوازیان شل بکات، هەر بە خۆیان و لە نێو خۆیاندا بە سەر چەند ‏بەشێكەوە دابەش بوون. گشتیان ناڕازین، ناڕازیبوونێکی نەزۆک و خرش. بەشێک ‏ئۆباڵیەکەی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات. بەشەکەی دی هۆی دوا خستنی مووچە دەداتە پاڵ ‏حکومەتی ئیراق و ئەو بەشەی کە دەستەوەستانە و چارەی خۆی رادەستی رۆژگار کردووە، ‏بێچارە و بێزازە، بەڵام سەرجەمیان سەرگەردان و بێ پلان و بێ ئامانجن. هەموو شەوێک بە ‏نزا و پاڕانەوە و خۆزگە و خەون بینین بە گەیشتنی پارە بۆ خەزینەی پەتاڵی هەرێم دەخەفن. ‏بەیانیان بە هەواڵی مووچە هات و نەهات، مووچە دیت و نایەت، کەی دەگات و نەگەیشت، لە ‏بەغداوە دێت و نایەت، کەی دابەش دەکرێت و دابەش ناکرێت، داهاتی هەرێم بەشی مووچە ‏ناکرێت، مووچە بە لێبڕینەوە یان بێ لێبڕینەوە دابەش دەکرێت و ناکرێت، پەرلەمان لە سەر ‏پرسی مووچە کۆدەبێتەوە و کۆنابێتەوە، ئەمڕۆش پەرلەمان پرسی دابەشکردنی مووچەی ‏نەخستە بەرنامەی خۆیەوە، خەڵکەکە وەخەبەریان دەبێتەوە.‏
ئیدی وای لێهاتووە هەموو چارەنووسی هەرێمەکە لە وشەی مووچەدا کۆکراوەتەوە، ‏چڕکراوەتەوە و پیرۆز کراوە، پیرۆزیەک کە شکۆی خەڵکەکەی پێشکێنراوە، مێشکیان لی ‏سەندراوە و ژیانیان لێ تاڵکراوە.‏
تا کەی ئەم دۆخە هەر وا بە بێ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی دەمێنێتەوە؟ ئەمە بەندە بە ‏دەنگ هەڵبڕین و بێدەنگی کۆمەڵانی خەڵکەوە! ئەگینا وەکو حیکایەتەکەی مەلا نەسرەدین و ‏کەرەکەی لێدێت.‏
مەلا نەسرەدین ویستی کەرەکەی فێری کەمخۆری بکات و خەڵکەکەیش پێیان سەیری بوو ‏بەوەی کە چۆن مەلا دەتوانێ ئەو کارە بکات! بەڵام مەلا پێش وەختە بیری لەو کارە کرد ‏بووەوە کە هەموو رۆژێ بەشی ئالیکی کەرەکەی لە کا کەم بکاتەوە تا لێی ڕابێت. مەلا بینی کە ‏کەرەکە ناڕەزایی نیشان نادات، وردە وردە کایەکەی کەم دەکردەوە. تا وای لێهات بە تەواوی ‏لێی بڕی و کەرەکەش لە برسان مرد. پاش ماوەیەک خەڵکەکە لە مەلا نەسرەدینیان پرسی ‏ئەرێ کەرەکەت چی بەسەر هات؟ مەلا لە وڵامدا وتی: وەڵاهی زۆر پاش بوو، دەهات عادەتی ‏پێبگرێ کەچی مرد!.‏
ئەگەر نیازی گڵاوی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوە بێت کە بە سیاسەتی برسیکردن خەڵکەکەی ‏دەستەمۆ بکەن و بیانکەن بە دەروێشی گومڕاو و گوێڕایەڵی بنەماڵەکانیان، ئەوە بە هەڵەدا ‏چوونە و خەونەکەیان خاوە وەکو کورد گوتەنی: دەروێشی کەر زەرەرە بۆ شێخ ؟!!‏

هاوبەشی :