ڕێبەرێک لەناو داخوازیەکانی خەڵک

296
0
هاوبەشی :

نوسینی: سوهاد هەولێری

دوژمنایەتی دەستەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی تورک، دژی گەلی کورد، بە ئاستێک گەیشتووە، کە زۆرینەی تورک، وەک بەرداشی دەوڵەت، بوونەتە ڕەگەزپەرست و حاشا لە بوونمان دەکەن.
هەڕەشەی نەمان لەسەر کوردانی باکور و دواتریش لەسەر هەموو بوونی کورد، گەیشتبووە خاڵێک، کە تورکان لە سەرکەوتن دڵنیا بوون. زمان چی وای نەمابوو، ببێتە ئاردی ناو دڕکان. داب و نەریت و جلوبەرگ هەروا. زۆرینە خۆیان بە دەست چارەنووسەوە دابوو. کەمینەیەکیش لە پەلکێشیی و سەرکێشییەک دەدوان، کە لە پەلەقاژەی دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەکات.
لەو بارودۆخەدا، ئەگەر ڕێبەر ئا/پۆش دەرنەکەوتبایە، خەڵکی دەبوایە دروستی بکەن، چونکە سەردەمەکەی وەدرەنگ کەوتبوو.
ڕێبەر ئا/پۆ ئەو کەسە لەخۆبووردووە بوو، کە توانی میللەتەکەی لە باکور ببوژێنێتەوە، زمانەکەی لە نەمان بپارێزێت. زمانی کوردی لە باکور گەیشتە ئەو ئاستە، کە دوژمنیش بۆ جوێندان بەکاریدێنێت و کەنالی ئاسمانی تەلەفزیۆنی پێ دەکاتەوە.
سەرکەوتن هەر بە ژمارەی گوندە ڕزگارکراوەکان ناژمێردرێت، بەڵکو بە ژمارەی مرۆڤە ڕزگارکراوەکان لە دیلی و ژێردەستەیی دەژمێردرێت. ئەم ژمارەیەی ڕێبەر ئا/پۆ، هەموو ساڵێ لە یادی نەورۆز، خۆی بە هەموو دنیا پیشاندەدات.
ئیدی ئەو لەسەر لوتکەی قەندیل وەستابێت، یان وەک لەو ٢٤ ساڵە لە کونجی زیندانێکی دابڕاو بووبێت، توانیویەتی ڕێبەرایەتیەکی وشیار بەجێبێڵێت، کە هەموو ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن. ڕێبەر ئا/پۆ ئازاد بێت یان زیندانی، مردوو بێت یان زیندوو، هیچ حکومەتێک چیدی ناتوانێت خەون بە نەمانی گەلەکەیەوە ببینێت. میللەتێکی لە گیانەڵادا زیندوو کردەوە، ئەوانیش بە ئەمەکەوە دوای پەیامەکەی کەوتوون. (أکملت لکم دینکم) و ئیدی هەمووان دەزانن دەبێت چی بکەن.

هاوبەشی :