نامەیەكی كەنەكە بۆ یەكێتی: كێشەكانتان گەلانی كوردستان و دۆستانی گەل دڵگران و دوژمنانمان دڵخۆش دەكات
هاوسەرۆكانی كەنەكە ڕاگەیاندنێكیان ئاڕاستەی هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرد لەبارەی کێشەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە و رایانگەیاند، ” سەرباری نیگەرانیی قوڵمان، داواتان لێ دەکەین بە ئارامی و پشوودرێژی و ژیریەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوه بکەن، کە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی گەلەکەمانی نیگەران و نەیارانیش دڵخۆش دەکات”.
لە ڕاگەیاندنەكەیاندا ڕوونیان كردۆتەوە “ئەگەر کێشەکان قووڵتر ببنەوە و چارەسەری ریشەیی نەکرێن، یەکێتیی نیشتمانی لاواز دەکات. ئەمەش پارسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق لاسەنگ دەکات. زەرەرمەندی یەکەمیش یەکێتیی نیشتمانی خۆی و خەڵکی هەرێم و تەواوی کوردستان دەبن”.
دەقی راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکانی کەنەکە
بەڕێز / هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
سڵاوی خەبات و تێکۆشان
وەک ئاشکرایه کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و ناروون و پڕ مەترسیدار هەنگاو دەنێت. لە لایەکەوە هێزه هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا خەریکی داڕشتنەوەی سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتانی داگیرکەر وەک هەمیشه خەریکی پیلانگێڕین بۆ لە ناوبردن و بێکاریگەرکردنی کوردستان و دەسکەوتەکانی. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم نێوەدا وەک هێزێکی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان، لە هەر شوێنێک بێت، لەم قۆناغەدا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت بە ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی هەستێت کە لە پێناویدا درووست بووه. رووبەڕووی ئاستەنگەکانی بارودۆخەکە ببێتەوە. لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستاندا، هاندەر و دەسپێشخەریی یەکێتی ناوخۆیی کوردستان و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان بێت.
بەڵام بە داخەوه چەند رۆژێکه دەبیستین، کە هەندێک کێشە و ناکۆکی لە نێوخوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەریهەڵداوه.
سەرباری نیگەرانیی قوڵمان، داواتان لێ دەکەین بە ئارامی و پشوودرێژی و ژیریەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوه بکەن، کە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی گەلەکەمانی نیگەران و نەیارانیش دڵخۆش دەکات. داواکارین بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بگەن بە چارەسەری کێشەکان. ئەگەر کێشەکان قووڵتر ببنەوە و چارەسەری ریشەیی نەکرێن، یەکێتیی نیشتمانی لاواز دەکات. ئەمەش پارسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق لاسەنگ دەکات. زەرەرمەندی یەکەمیش یەکێتیی نیشتمانی خۆی و خەڵکی هەرێم و تەواوی کوردستان دەبن.
بۆ هەر ئەرکێکیش بکەوێتە ئەستوی ئێمە بۆ چارەسەری و لە پێناو سەرکەوتن لە ئەرکەکانتاندا، ئامادەین.
سڵاو و ڕێز
زەینەب مۆراد / ئەحمەد قەرەموس
هاوسەرۆکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
١٠ \ ٧ \ ٢٠٢١ برۆکسل