بانگەوازی بۆ ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری كۆڵن لە ئەڵمانیا

261
0
هاوبەشی :

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی ۴۳ ساڵە که بە شێوەی جۆراوجۆر، خەڵک دەچەوسێنێتەوە و مافی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەریان لێ زەوت دەکات. لەم پێکهاتە ستەمکار و پڕ لە هەڵاواردنەدا کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دایمەزراندووە، ژنان، نەتەوە بندەستەکان (بەلووچ، عەرەب، کورد، تورک و …هتد)، چینی کرێکار و هەژار و کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکان، ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوەیەکی گەورەتر بوونەتەوە و پەراوێز خراون. ئەم ڕژیمه پیاوسالاره هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکارییەوە ژنانی سەرکوت کردووه، حیجابی زورەملی بەسەردا سەپاندوون و گەلێک نادادپەروەری‌تری لە یاسای بنەڕەتییدا چەسپاندوون. لە هەمانکاتدا پێکهاتەی فرەنەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانیی ناو کۆمەڵگای ئێرانی کردوەتە ئامانجی سیاسەتگەلی تاڵانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و ئاسیمیلەکردنی کولتووری. لەناوبردنی مافی ژیان لەلایەن ئەم حکومەتەوە هاوکات بووە لەگەڵ گەشەسەندنی هەژاری و نایەکسانی و وێرانکردنی ژینگه.

به‌ڵام لەم هەموو ساڵە تاریکانەی ستەم و خنکاندندا، چ لە ماڵ، چ لە شەقام و قوتابخانە و کارگەکاندا ڕەنگی بەرخۆدانی نەپساوەی گەل کاڵ نەبوەتەوە. تووڕەیی گشتیی لەپاش کوشتنی ژنی کورد ژینا ئەمینی لە ۱۶ی سێپتەمبەر بەدەستی کۆماری ئیسلامی، بەرخۆدانه لێک‌دابڕاوەکانی لە ژێر ناوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکخست. ئێستەش نزیک بە چوار مانگە، ئەم شۆڕشە بووە بە هەوێن بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئازادی و ژیان بۆ هەمووان. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی که له کوردستان دەستی پێکرد ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە ڕووبار و دارستانەکانی ئێرانی دەرباز کردووە و منداڵان، گەنجان، ژنان، کرێکاران و هەموو چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی دیکە لە ژێر دروشمی ـ ژن، ژیان، ئازادی- کۆ کردووتەوە تاکوو بەم دەسەڵاتە خوێنڕێژه بڵێن نەخێر. هەرچەند بەردەوامی ئەم شۆڕشە سەرتاسەرییە تا ئەم ساتە سەرکوتی خوێناوی، رەشبگیری، زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕانی لەگەڵدا بووه و بە نرخ و تێچووی زۆر لەوانە لەدەستدانی سەدان گیانی ئازیز دەستەبەر بووە.

بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخۆدانی کوردستان و بەلووچستان و بەرزکردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێمە وەکوو ـ هاوکاری هاوبەشی هێزە چەپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی/ ئاڵمان ـ کوڵن ـ بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە یەکسانیخواز و دیمۆکراتیکەکانی کوردستان و ئێران و لایەنە دیمۆکراتیکەکانی نێو ئەوروپا بەتایبەت وڵاتی ئاڵمان لە رۆژی ٢٨ی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری کوڵن چالاکییەک لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین. بۆیە بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەکان دەکەین کە بە ڕەنگ و هێمای خۆیان لەم رێپێوانەدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ببێتە چالاکییەکی کاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێران.

◼️شوێنکاتی چالاکی: ٢٨ی مانگی یەکی ساڵی ۲۰۲٣، ئاڵمان ـ کوڵن، کاتژمێر ١٣ تا ۱۷ ، ڕۆیشتن لە مەیدانی Neumarkt

◾️هاوکاری هاوبەشی هێزە چەپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی/ئاڵمان ‌ـ کوڵن

[email protected]

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

https://t.me/enqelabrojava

هاوبەشی :