گەریلایەک چیرۆکی بینینی ڕێبەر ئاپۆ دەگێڕێتەوە

254
0
هاوبەشی :

سەردار ستار یەکێک لەو ٢٧ گەریلایەیە، کە ساڵی ١٩٩٦ لە باشوری کوردستانەوە چوون بۆ شام بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، باسی بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ ئۆجالان دەکات.

لەبارەى یەکەم ساتى بینینى ئۆجالانەوە، سەردار ستار دەڵێت:”من ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ دەستەیەک لە هەڤاڵاندا چووم بۆ شام، دەستەکەمان لە ٢٧ هەڤاڵی باشوری کوردستان پێکهاتبوو، هەر کە یەکەم ڕۆژ گەیشتینە شام چاومان بە ڕێبەرایەتی کەوت، کاتێک سەرەتا چاومان پێی کەوت لە گۆڕەپانێکی تۆپی پێ دا یاریی دەکرد لەگەڵ کۆمەڵێک هەڤاڵ-دا، دوای ئەوە یارییەکە تەواو بوو ئێمە پێکەوە خواردنمان خوارد و ڕێبەرایەتی دوای نان خواردن دەستیکرد بە قسەکردن لەگەڵماندا، حەماسەت و خرۆشانی ئەو ساتە بە بەردەوامی بە زیندوویی لە دڵ و مێشکماندا ماوەتەوە.

هەروەها دەشڵێت: تەنانەت نەک هەڤاڵان، بەڵکو ئەو ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندانە، کە لە دەرەوە هاتبوون هەمان حەماسەت و خرۆشان و ورەی گەورەیان تیادا دروست بوو بوو. بێگومان بینیی ڕێبەرایەتی بۆ هەڤاڵان تامەزۆرییەکی زۆر گەورە بوو، بۆیە من ئەوە بۆ خۆم بە شانسێکی گەورە دەزانم.

ناوبراو باس لەو کاریگەرییانە دەکات، کە کەسایەتى ئۆجالان لەسەر ئەوەى بەجێهێشتووە و دەڵێت: بێگومان بزووتنەوەی پەکەکە لە ڕێبەرایەتی و شەهیدان پێکهاتووە، ئەگەریش کەم بێت ماوە ماوە لەگەڵ شەهیداندا ماوینەتەوە، بەڵام کاتێک مرۆڤ ڕێبەرایەتی دەبینێت ئەو بینینە بۆ مرۆڤ دەبێت پاڵپشتییەکی جیاواز، بۆیە ئەگەر کەسێک وردبین بێت لە کاتی مانەوەی لەگەڵ ڕێبەرایەتیدا هەست بە گۆڕانکاری لە خۆیدا دەکات، کەسایەتی بەو جۆرە دەبێت، بێگومان ئەوە بۆ منیش هەر وابوو، دوای ئەوەی من ڕۆیشتم باشتر لە ڕێبەرایەتی تێگەیشتم، چونکە پێشتر ئێمە دونیایەکی بچووکمان بۆ خۆمان دروستکردبوو، یانی ئێمە بە تەواوی بەو شێوەیە سەیری ژیانمان دەکرد و بەو شێوەیە لێکدانەوەمان بۆ دەکرد، بەڵام دوای ناسینی ڕێبەرایەتی لەوە تێگەیشتین، کە ئێمە چۆن لە بەرە جیاوازەکانی ژیاندا سەیری ڕووداو دیاردەکان بکەین، ڕێبەرایەتی جیهانێکی گەورەی هەیە و تێگەیشتن لێ هەر وا ئاسان نییە.

‘هەموو جموجوڵێکی ڕێبەرایەتی بۆ ئێمە وانەیەک بوو’

هەوەرها وتى: هیچ یەک لە جموجوڵەکانی بە ڕێکەوت نەبوون، هەموو جموجوڵەکانی مانادار بوون و بە تێگەیشتنێکی قوڵەوە ئەنجامی دەدان، بە بەردەوامی بۆچوونەکانی یان جوڵەیەکی زۆر شت و مانای لە خۆی دەگرت، تەنانەت جارێکیان لە یەکێک لە وانەکاندا هیچ قسەیەکی نەکرد، یانی شێوازی ڕێبەرایەتی بۆ پەروەرەدە تەنها تیۆری نەبوو، خۆی لە خۆیدا هەموو ژیانی بۆ ئێمە پەروەردە بوو، لەبەر ئەوەش هەر جموجوڵێکی، هەر هەنگاوێکی بۆ ئێمە وانەیەک بوو، لەبەر ئەوەش ڕێبەرایەتییەکی مێژوویی بوو، کەسایەتییەکی مێژوویی بوو، یانی هەموو جوانییەکانی لە خۆ گرتبوو، قوڵترین هەستەکان لە کەسایەتی ئەودا خۆیان دەخستەڕوو.

ڕیبەرایەتی هیچ کات وتەکان و قسەکانی لە پەروەردەیەکی تردا دووبارە نەدەکردەوە، لەبەر ئەوەش خاوەنی شێوازێک بوو، کە بە بەردەوامی خۆی نوێ دەکردەوە، خاوەنی ئاخێورگە و لێبوردبوونەوەیەکی بەو ڕادەیە قوڵ بوو، لەبەر ئەوەی وانەکانی ئێمە هەموو کات هەمەرەنگ و دەوڵەمەند و جیاواز بوون، ئێمە لە ڕاستیی لێبوردبوونەوە تێدەگەیشتین.

‘ئەو وتەیەی ئەو کە من هەرگیز لە بیرم نەکرد…’

سەردار ستار، باسى لە دوا قسەکرد، کە ئۆجالان لەکاتى ماڵئاوایکردندا پێى وتووە و وتى: دوای ئەوەی من گەڕامەوە بۆ وڵات، من هەرگیز ئەو وتانەی ڕێبەرایەتی بۆ کە منی کردبوون لە بیر نەکرد و بە بەردەوامی لەسەر بنەمای ئەو وتانە درێژە بە رێگای خۆم دەدەم. لە کاتی ماڵئاوایکردندا یەک بە یەک هەڤاڵانی لە باوەشکرد. لە کۆتایدا و کاتێک منی لە باوەش کرد وتی ‘دەستبەرداری کوردستان مەبە، هەر ئەوەندە بەسە، لە وڵاتی خۆت ڕامەکە…’

ئەو وتەیەی سەرۆکایەتی بۆ من بووە هێزی سەرەکیی تێکۆشان، من هەموو کات ئەو بەڵێنە، کە هەرگیز دەستبەرداری وڵاتی خۆم و نەبم و تێکۆشانی خۆم قوڵتر بکەم، بۆ خۆم دووبارە دەکەمەوە، بۆ ئەوەی جارێکیتر لە چیا ئازادەکانی کوردستان ڕێبەرایەتی ببینم، من بە هەموو هێزی خۆمەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەم…”.

هاوبەشی :