چۆن خراپ مەزەندەکردنی ئەردۆغان توانای هێزی ئاسمانی تورکیای پەکخستووە.
نووسینی: بوراک بەکدیل
وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاکرەیی
یەکێک لە پرسە هەرە گەرمەکانی گفتوگۆی ٥٠خولەکی نێوان ئەردۆغان و بایدن لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا رۆژی ١٤ی مانگی حوزەیرانی رابردوو، کڕینی سیستەمی موشەکی ئێس ٤٠٠ ی رووسی لەلایەن تورکیای ئەندامی ناتۆ و سزاکانی ئەمەریکا بە سەر ئەو وڵاتەدا بوو کە دوورخستنەوەی لە پرۆگرامی دروستکردنی نەوەی پێنجەمی فرۆکە جەنگیەکانی ئێف ٣٥یش دەگرێتەوە. جێگای سەرسووڕمانیش نەبوو کە دیدارەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات. ئەمەش هەواڵێکی خراپ و نالەبار بوو بۆ هێزی ئاسمانی تورکیا.
دە ساڵ زیاترە کە گەورە ئەفسەرە سەربازییەکانی تورکیا پلانیان بۆ ئاییندەی تواناکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان لە سەر ئەم گریمانەیان دارشتووە کە بەلانیکەم ١٠٠فرۆکەی ئێف ٣٥ لە سەرەتای ساڵانی بیستەکانی ئەم سەدەیە وەرگرن.
هێزی ئاسمانی تورکیا نەوەی چوارەمی فرۆکەکانی ئێف ١٦ی ئەمەریکی و فرۆکەکانی ئێف ٤ کە مۆدێلیان کۆنترە دژ بە میلیتانە کوردەکان لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری ئیراق و سوریا بەکار دێنێت.
تورکیا کۆتایی ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو بۆ جاری یەکەم فرۆکەی ئێف ١٦ی لە ئەمەریکا کڕی و دوای وەرگرتنی موڵەت فرۆکەیەکی جەنگی دروست کرد. بەمەش بوو بە یەکێک لەو پێنج وڵاتانەی کە ئەو جۆرە فرۆکەیە لەناوخۆی وڵاتەکەدا بەرهەم دێنن. ئێستا هێزی ئاسمانی تورکیا بە گشتی ٢٧٠ فرۆکەی جۆری ئێف-١٦سی/دی هەیە کە زۆربەیان دوای ١٠تا ١٥ساڵی دیکە بێکەڵک دەبن، ئەگەر بێت باشتر و نۆژەن نەکرێنەوە. ئەمەش بەندە بەوەی کە ئایا کۆنگرێسی ئەمەریکا رێگە بە فرۆشتنی پارچە یەدەکەکانی فرۆکە جەنگیەکان بە تورکیا دەدات یان نا. هەروەها خزمەتی نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی ئەم فرۆکانەش مایەی پرسیارە.
باشە چ بژاردەیەک لە بەردەستی تورکیادا هەیە تا هێزی ئاسمانی خۆی لە داڕمانی ناچاری بپارێزیت؟ لە وڵامدا زۆر نین.
هێشتا تورکیا فشاری بۆ ئەمەریکا ( و هاوپەیمانەکانی ناتۆ) دێنێت بەوەی کە رەنگە فرۆکەی جەنگی رووسی سوو ٥٧ هەڵبژێرێت، بۆ نمونە، لە حاڵێکدا کە هەست بە هەڕەشەی نەبوونی نەوەی نوێی فرۆکە جەنگیەکان بکات. ئەمەش تەفرەدانە.
جەنەڕاڵەکانی هێزی ئاسمانی تورکیا باش دەزانن کە دوای ٧٠ساڵ گوڕینی سیستەمی فرۆکەکانی ناتۆ بۆ سیستەمی فرۆکەکانی رووسیەوە وەکو ئەوە نیە کە ماشینێکی ئەمەریکی بە ئۆتۆمبیلێکی ژاپۆنی بگۆڕیەوە . بونیادنانی پێکهاتەیەکی نوێی کارپێکردن و هەموارکردن و گونجاندنی فرۆکەخانە سەربازیەکان و سیستەمی نوێی چاککردنەوە و خزمەتکردن و ساخبێری ، وێرای ئەوە کە تێچوویان زۆرە، هەروەها کاتی زۆریشی دەوێ و لە رووی تەکنۆلۆجیشەوە سەختە.
تورکیا لە بواری تیۆریدا شانازی بە پرۆگرامی فرۆکە جەنگیەکانی خۆی دەکات کە ساڵانێکە پێوە خەریکە. کاربەدەستانی بواری بەرگری و فەزایی تورکیا هەواڵی بەپەلە نزیکەی هەموو رۆژێكیان بڵاو دەکردەوە و خەڵکیان سەرقاڵ کردبوو سەبارەت بە بەرەو پێشەوەچوونی پرۆگرامەکەیان. هەروەها پیشەسازی فەزایی تورکیاش رایگەیاند کە دەستی کردووە بە دروستکردنی دووەم گەورەترین تونەلی هەوائی لە ئەورۆپا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا فرۆکە نوێیەکەی ناسراو بە تی ئێف ئیکس تاقی بکەنەوە و لە گەڵ زانکۆیەکی تورکیاش رێککەوتووە تا سیستەمی سۆفتوێری فرۆکەکەشی بۆ فەراهەم بکات و هێزی ئاسمانی تورکیاش نمونەیەکی بچووککراوی فرۆکەکەی نمایش کرد.
ئەمانە حیکایەتی خەیاڵین کە تورکەکان حەزیان لێیە گوێبیستی بن. ئەو گێڕانەوەی حکومەتی تورکیا سپۆنسوری دەکات کە گوایە فڕۆکە جەنگیەکەی تورکیا لە قۆناغی دروستکردن دایە، تەنیا بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە و هیچیتر.
ژمارەی ئەو تورکانە کەمن کە دەزانن ئەندەزیاریی فڕین بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێی فرۆکەکان، لە باشترین دۆخدا دەیان ساڵی گەرەکە. هێزی ئاسمانی تورکیا یەکەم جار ئامانجی ئەوە بوو کە فرۆکە نوێیەکە لە سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بفڕێنێت کە رێکەوتی ساڵی ٢٠٢٣یە. بەڵام ئێستا باس لە ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ دەکات. کەچی ئەم وادەیەش واقیعی نیە.
لە راستیدا هێشتا دیزاینی ( هێلکاری) فرۆکە نوێیەکەی ئێف تی ئێکس نەکێشراوە- چونکە ناتوانرێ دیزانی فرۆکەیەکی جەنگی بەر لە هەڵبژاردنی ماتۆرەکەی بکێشرێت. تورکیاش تەکنۆلۆژیای دروستکردنی ماتۆری فرۆکەکانی لەبەردەستدا نیە، کەچی بانگەشەی پەرەپێدانی دەکات. ئەم بانگەشەیەش هەروا بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە.
گەورە کاربەدەستانی ئەردۆغان خۆیان بچووک دەکەنەوە کاتێک هەوڵ دەدەن قنیات بە جەماوەرەکە بێنن کە پیشەسازی بەرگری خۆجێی تورکیا لە بواری تەکنۆلۆژیای فرۆکە جەنگیەکاندا، پەرجوو و موعجیزە دروست دەکات.
هەمان کات ئەردۆغان ترسی لێنیشتووە سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتری ئەمەریکا، بۆیە تورکیا وەگەڕخستنی سیستەمی موشەکی زەوی-ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی دوا خستووە… هەرچەندە کاربەدەستان بە نیاز بوون سیستەمەکە مانگی نیسانی ٢٠٢٠وەگەڕ بخەن، بەڵام هێشتا ئەرتەشی تورکیا ئەو موشکانەی وەکو خۆی بەپاکێتکراوی بەجێهێشتووە. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە ئەنقەرە ٢ملیار دۆلار و نیوی بۆ سیستەمێک بە مۆسکۆ داوە کە رەنگە هەرگیز وەگەر نەخرێت.
باڵویزی رووسیا لە ئەنقەرە ئەلەکسی ییرخۆف گاڵتەی بە دوودڵی تورکیا کرد لەمەڕ وەگەڕنەخستنی سیستەمی موشەکی ئێس٤٠٠ی رووسی کە ٢ملیار دۆلار و نیوی پێداوە کاتێک وتی:
”ئەمە سەودایەکی فرۆشتنە، پارەکەمان وەرگرتووە. تورکەکان دەتوانن سواری موشەکەکان بن و بچنە کەنار دەریا یان پەتاتە لە گەڵیان خۆیاندا هەڵگرن. ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە و خۆمان پێوە سەرقاڵ ناکەین “. ئەوەش مایەی شەرمەزاریەکی زۆرە بۆ تورکیا!
بەڵام نمایشکردنەکە بەردەوامە. ئیسماعیل دەمیر کە گەورە کاربەدەستی ئەردۆغانە بۆ کڕینی کەلوپەل و کەرەسەی بەرگری، رۆژی ٢١ی مانگی حوزەیران وتی: “پرسی پیشەسازی بەرگری لە بواری دیپلۆماسیدا پرسێکی یەکجار گرنگە “. راست دەکات! تورکیا پێکهاتەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیای بە دوو ملیار دۆلار و نیو کڕیوە، کە لە توانایدا نیە وەگەر بخات، دەرئەنجامەکانی ئەو سەودا و مامەڵەیەش نمونەی پەند وەرگرتنە لەبارەی چۆنیەتی خراپ هەڵسوکەوتکردن لە گەڵ پیشەسازی بەرگری لە بواری دیپلۆماسیدا.؟!.