مێژووێک لە ئاگر… ٤٤ ساڵ تێکۆشان، بەرخۆدان و ئافراندن

332
0
هاوبەشی :

نوسینی :- حەسەن جودی

بزووتنەوەی پەکەکە وەک پشکۆیەک لەژێر خۆڵەمێشی هەزاران ساڵەی مێژوودا خۆی حەشار دابوو و هەر پزیسکی دەدا، تا لە زەمەنێکی شەوەزەنگی بەستەڵەکگرتوودا بڵێسە دەدات و گڕ و کڵپە دەسێنێ و گڕکان ئاسا هەڵدەقوڵێ، هەڵدەقوڵێ و گڕ لە مێژووێکی شووم، لە قەدەرێکی سەپێنراو بەردەدات… مێژووێکی نوێ دەئافرێنێ… ئیدی مێژوو لەسەرووی قەدەرە سەپێنراوەکانەوە رێڕەوی خۆی دەگرێ…
لەم چوارچێوەیەدا؛ کاتێک بە هەگبەیەکی پڕ لەپرس و رامانەوە دەچیتە نێو دەریای مێژووی بزووتنەوەی پەکەکەوە، بەسەرهات و رووداوەکان، پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، پەلکێشی خۆیانت دەکەن و تا قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتیت دەبەن، بەجۆش و مۆڕاڵێکی بەرزەوە، بە باوەڕی و ئیرادە و وزەیەکی تۆکمەوە، جارێکی دیکە دەتگەڕێننەوە نێو رۆژگاری ئەمڕۆ، لەبانێژەی ئەمڕۆشەوە ئاسۆی داهاتووێکی پرشنگدارت نیشان دەدەن. بەمەش سەفەر بەنێو مێژووی پەکەکەدا، وەک سەفەرە بەنێو سەمفۆنیایەکی نەمردا، وەک سەفەرە بەنێو رۆمانێکی بێکۆتاییدا، سەفەرە بەنێو شیعرێکی هارمۆنیدا، داستانێکی پڕ لە ماجەڕادا… بێگومان وەک چۆن لەپشت ئەو سیمفۆنیایەدا؛ ئۆرکسترایەکی مەزن، مایسترۆیەکی دانا، بیسەرێکی عاشق دەبینی، ئەوا مسۆگەر لەناواخنی ئەو رۆمانەدا پاڵەوانەکان، بەمەیل و توانستی خۆیانەوە، لەنێو ناکۆکی و ململانێ دان و تادێت گرێی نێو گرفت و رووداوەکان ئاڵۆز دەبێت و رووەو کردنەوە و چارەسەری دەچێت. هەر بەهەمان شێوەش لەو شیعرەدا لەبری ریتمێکی سواو، پانتاییەکی تاریک، چێژ لە هارمۆنیایەکی هەمەچەشنە و پانتایەکی پڕ لە ئیستاتیک وەردەگریت. کاتێک کە بەپەیژەی رووداوەکانی ئەو داستانەدا هەڵدەزنێی لەپێشتدا حیکایەتخوانێک بەهەموو مەندی و حیکمەتی خۆیەوە، شێڵگیرانە هەوڵدەدات ئاراستەی رووداوەکان بەرەو ئاقاری ئازادی ببات، بە قازانجی هەموو ئەوانەی عاشق و دێوانەی ئازادین بشکێنێتەوە… چونکە بەهانەی یەکەم و کۆتایی بۆ لەدایکبوونی ئەم سیمفۆنیایە، ئەم رۆمانە، ئەم شیعر و داستانە تەنیا و تەنیا ئازادییە…
بۆیە کە مرۆڤ بەنێو ئەو مێژووەدا دەگوزەرێ، بەردەوام گوێت لەو زایەڵەیە دەبێت کە بەنەغمەیەکی پڕ لەسۆزەوە دەچریکێنێ و دەبێژێ:” ئەگەر ژیانێک هەبێت، با بە ئازادی و بۆ ئازادی بێت، ئەگەر مردنێکیش هەبێت، با هەر بە ئازادی و بۆ ئازادی بێت”. ئەمە فەلسەفە و کرۆک و ناوەڕۆکی بانگەوازی ئەو پشکۆیەیە کە لەگەڵ یەکەم پزیسکی خۆیدا جاڕی دا…
بێگومان کە مرۆڤ بەنێو مێژووێکی ئاگریندا دەگوزەرێ، موچرک بەدوای موچرک بەگیانیدا دێت، تا ئاستی سەرسامبوون و شۆکبوون دەڕوات؛ چۆن مرۆڤ موچرک نایگرێت و سەرسام و شۆک نابێت کە دەبینێ؛ لەپێناو ئەو بانگەوازییە نەمرەدا هەر جەستەیە و دەسووتێ، هەر گیانە و هەڵدەکڕوزێ… کوا چ سیمفۆنیایەک هەیە وەک ئەم سیمفۆنیایە نەغمەکانی گڕ بن؟ کوا چ رۆمانێک و شیعرێک و داستانێک هەیە وەک ئەم رۆمانە، ئەم شیعر و داستانە حەرفەکانی کڵپە بن؟ چۆن مرۆڤ هێدمە نایگرێت؛ هەر بەتەنیشت ئەو رۆح و جەستانەی دەبنە تۆپەڵێک ئاگر و گڕ لە هەموو ناشیرینییەکانی گەردوون بەردەدەن، رۆح و جەستەگەلێکیش هەن لەبەرد بەردترن، لەبەستەڵەک بەستەڵەکترن، وەک بڵێی گڕی هەموو گەردوون ناتوانێ بیانجوڵێنێ و خاوێنیان بکاتەوە… ئیدی ئەوە سیمفۆنیایەکە بێهەڵچوون و داچوون نابێت، رۆمانێکە بێ ناکۆکی و ململانێ نابێت، شیعرێکە و داستانێکە بێ توخمی نەزۆک و شەڕانگێز نابن…!! بەڵام سیحری ئاگرینی ئەو مێژووە لەچی دایە؟ لەکوێ دایە؟ ئەمە نهێنییەکە و بەتینی گەرم و بڵێسەداری خۆی تا قووڵایی خۆی دەتبات، ئینجا پێت دەڵێت “ئەوە منم … ئیدی بمناسە و لێم تێبگە….”

هاوبەشی :