گەندەڵی ھزری

311
0
هاوبەشی :

نوسینی: ئیبراهیم فەرەج

دایکی گەندەڵیەکان گەندەڵی ھزییە . چونکە گەندەڵی ئەخلاقی ھۆکارەکەی گەندەڵی ھزرو باوەڕە دۆگماو دکتاتۆریەت و دەسەڵاتخوازیەکانە.

ئەوە گەندەڵی ھزروبیری دەسەڵاتدارانە. وادەکات کە ھزرو بیری بەشێک کەم و زۆر لە کۆمەڵگەش گەندەڵ بێت.

کاتێک ھزر (بیر) گەندەڵ دەبێت .ئیتر ڕێگایەکی ڕاست و خزمەتگوزار، بۆ گەلان وژینگەکەیان بوونی نابێت. ھیچ کارێک لەجێی خۆی نابێت.

ھەربۆیە زەردەشتی بیرمەندو فەیلەسوف گوتویەتی بیری باش وتەی باش کرداری باش.
مرۆڤ کەبیرکردنەوەی باش بوو . قسەکانی و کردارەکانی دەبنە یەک و باش دەبن . زەردەشت بیری باشی خستۆتە پێش وتەو کرداری باش.
چونکە دەزانێت بیری باش (ھزری باش). ڕێگای یەکەمە بۆ ئەو دووخاڵە گرنگەی تر.

جیھان لەناوگێژاوێکدایە یەکێک لەھۆکارەگرنگەکانی گەندەڵی زھنییە.فیکرو ئایدیۆلۆژیاکانی لیبرالیزم ،سوسیال دیموکرات ، شیوعیەت ،چەپی دۆگماتیزمی دژبەر لەگەڵ دیموکراتی ونوێبونەوە ،ئاینگەرایی و مەزھەبگەرایی و ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتخوازی دۆگمای دژبەر لەگەڵ دیموکراتی ونوێبونەوە ، ناسیونالیزمی پەڕگیرو ڕەگەز پەرست ……ھتد. ئەمانە ھەرھەموویان گەندەڵی لە زھندا دەچێنن .مرۆڤی خۆپەرستی قازانج ویست، دژە ژیان و ژینگە، دژبەر لەگەڵ بەھا ئەخلاقیەکان دەئافرێنن .
بۆچی باسی ئایدیۆلۆژیا ھەمەجۆرەکان دەکەین ؟ چونکە ئەوە ئایدیۆلۆژیا ھەژمونگەراو دۆگماکانە، سەرچاوەی کێشەو قەیرانە سیاسی ، ئابوری ، سەربازی ،کۆمەڵایەتی ، ژینگەیی ،ئەخلاقیەکان و ،…….ھتد

بۆیە لەئێستادا قسە لەجەنگی ئەتۆمی و لەناوبردنی مرۆڤایەتی و ژینگەکەی دەکرێت . چونکە ئەو سیستمانە مرۆڤی چاوچنۆکی فراوانخوازو قازانج پەرستی ھەژمونگەرای ھزر گەندەڵیان خستۆتەوە.

ئەو وشکەساڵیەی لەئێستادا بەرۆکی ئەوروپاو ئەمەریکای گرتۆتەوە و ھاواریان لێ ھەستاوە . لەمێژە ئەفەریقاو ئاسیای گرتۆتەوە بەڵام ئەوان ھەردەربەستی گۆی زەوی و ژینگەکەی نەدەھاتن . ھۆکارەکەی گەندەڵی ھزری قازانج پەرستی ئایدیۆلۆژیای نیو لیبرالیزمە.

ڕێگا چارەو ئەلتەرناتیف فەلسەفەی مودێرنیتەی دیموکراتیە .کەبیرمەندو فەیلەسوف ئۆجالان باسی لێوە دەکات .کۆمەڵگەی ئازادو دیموکراتی و سیاسی و ئەخلاقی دەئافرێنێت .ھزرو بیری یەکتر قبوڵ کردن و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو دیموکراتیانە ی گەلان بەرھەم دێنێت .بەھەموو بیرو باوەڕە فیکری و نەتەوەیی و ئاینی ومەزھەبە جیاوازەکان .

مرۆڤ دەکاتە خاوەنی ڕۆح و زھنێکی پاک و لێبوردەو ژن وژیان و ژینگە دۆست . خاوەن بەھا ئەخلاقیەکان لەسیاسەت وبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە . گەندەڵی ھزری و بیری دۆگماتیزم تێکدەشکێنێت . ھەرکەسێکیش ھزری گەندەڵ بێت ھاوشێوەی عوسمان ئۆجالان وئەو سەدان کەسەی بەھۆی ھزری گەندەڵی عوسمان. ھزری ئەوانیش گەندەڵ بوو، جێگایان نەبوەوە . چونکە نەخۆشی گەندەڵی ھزری گەر چارەسەر نەبێت ھاوشێوەی سەرەطان بەھەموو شوێنێکا بڵاو دەبێتەوە.

ئەم بیرو ھزرە ش بۆ ئەوەی دۆگما نەبێت بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە.
خۆنوێ کردنەوە ی ھزری خاڵێکی گرنگە بۆ نەکەوتنە داوی دۆگما بوونی ھزری . ھەرحیزب و تێکۆشانێک بیەوێت دوور بێت لە گەندەڵی ھزری .پێویستە بەئاراستەی سیاسەتی ئەخلاقی و دیموکراتیانەی ژینگەو ژیان دۆست خۆی نوێ بکاتەوە.

ھزری جوان و بەسوود یەکسانە بەمرۆڤی جوان و بەسوود.
ھزری ناشیرین و گەندەڵ یەکسانە بەمرۆڤی ناشیرین و گەندەڵ.

هاوبەشی :