كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق: بە دروشمی بە ئیرادەی ژنانی ئازاد بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە

283
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ شەممە، ڕێكەوتی ٣٠ تەموزی ٢٠٢٢ ، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق لە ئوتێل بەغداد، لە شاری  بەغداد پایتەختی عێراق بەڕێوە دەچێت، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی دێت.

كۆنفرانسەكە بۆ  بەرەنگاربوونەوەی قڕکردنی ژنان و بەتایبەتی ژنانی ئێزیدیی بە دروشمی “بە ئیرادەی ژنانی ئازاد بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە”

ئەم كۆنفرانسە پێنج پانێڵ لە خۆدەگرێت،  لە وتارەكانی  سەرەتای كۆنفرانسەكەدا ، ئاماژە بە  کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان كرا، داواکرا ئەو کۆمەڵکوژییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بە جینۆساید بناسێنرێت و بکەرانی بدرێنە دادگا و بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق کرا وەك هەر پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق ئێزیدییەکانیش بپارێزرێت.

وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن بوشرا ئەبو عەیس، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەوە پێشکەشکرا و ئاماژەی بەوەدا، لە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکاندا سێ هەزار ئێزدیی کۆمەڵکوژکران و پێنج هەزاریش ڕفێندراون، هەروەها ٤٠٠ هەزار ئێزیدیی ئاوارەی شارەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سلێمانی بوون، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر و لە بازاڕەکانی سووریادا وەک کەنیزەک مامەڵیان پێوەکرا.

هەروەها وتیشی: داعش جینۆسایدی دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدا، هەموو جۆرەکانی دەستدرێژیی و توندووتیژیی بەرامبەر ژنان ئەنجامدا، هەموو تاوانەکان لە بەڵگەنامەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش تۆمار کراوە.

باسی لەوەشکرد، ئامانجمان لەم کۆنفرانسە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ٣ی ئابی ئێزدییەکان ئەوەیە، کە دۆخی عێراق و سووریا بەتایبەت بۆ ئێزدییەکان بخرێتە بەردەم دادگا و تاوانەکانی داعش بچەسپێنرێت و بکەرانی بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها وەک لایەنی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، لەم کۆنفرانسەدا داوا دەکەین کە جینۆسایدی شەنگال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت.

دواتر ژیاندا ئێزیدخان، ئەندامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی فەرمانی ئیزدییەکان، ئەوە دەهێنینە زمان کە تا ئێستا کۆمەڵکوژیی لەسەر ئیزیدییەکان بەردەوامە، کۆبوونەوەی ئێمە بۆ ڕووبەروو بوونەوەی پیلانگێڕییەکانە، ئەمڕۆ کە ژنانی جیهان پێکەوە کۆدەبنەوە لە سایەی تێکۆشانی ژنانە لەپێناو ئازادیدا، ژنانی ئێزیدخان دەریانخست کە ئیرادەیان بەهێزە و لە هەموو ئەو پیلانگێڕییانە بەهێزترە کە بەسەر کۆمەڵگەی ئیزدییەکاندا دێت و بەرخۆدان دەکەن، پێشەنگەکانمان ڕێیان بۆ دیاریکردین و ئێمە بەردەوامیی بە تێکۆشانی ئەوان دەدەین.

هەروەها وتیشی: ئێمەش کۆمەڵگای عێراقین و پێویستە عێراق شەنگال وەک شوێنەکانی دیکە بپارێزێت، ئێمەش وەک یەژەشە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و ژنان دامەزراوین و هەتا کۆتایی پارێزگاریی لە شەنگال دەکەین.

لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، هەیبە حەدادین، لەسەر ناوی هاوپەیمانی دیموکراتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا-نەدا، پەیامێکی ڤیدیۆیی پێشکەشی کۆنفرانسی ژنان کرد.

دواتر جولیادا لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی کورد لە ڕووسیا، پەیامێکی پێشکەسکرد و وتی: ئەمڕۆ دۆخی ئێزدییەکان، دۆخ و ئازاری ئێمەشە، ٣ی ئاب کوشتن، لێدان زوڵم و زۆری، دەستدرێژی و توندووتیژی دژی ژنان و منداڵانە و ئازاری هەموومانە، دوژمن و چەتەکان ویستیان کۆمەڵگە و شارستانییەتێک لەناو ببەن، بەڵام بینیمان کە پیلانەکانیان سەرکەوتو نەبوو گەلی ئێزدی پارێزرا لەلایەن یەپەگە، هەپەگە و یەپەژەوە، بێگومان ئێمە خیانەتیشمان بینی کە لە گەلی ئێزدی کرا و ئەوە ئازاری گەورە بوو بۆ گەلی کورد و بەتایبەت بۆ ژنان چونکە ژنانی ئێزیدی فرۆشران و کۆیلە کران.

هەروەها وتیشی: ئێمە وەک ژنانی ئێزدی لە ڕووسیا ئەرمینیا و گورجیستان دەستکەوتی باشمان لە خەباتی نەتەوەیی و گەلی خۆمان بەدەستهێنا، ئەمڕۆ دەبینین بە یەکێتی و ڕێکخستن و زاناییی خۆمان دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان، چۆن ژنانی ئێزیدی بە یەکێتی خۆیان بوونە قەڵغان، پەیامی ئێمە ئەوەیە بە ڕێكخستن و یەکگرتن دەتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین  و سەرکەوتووبین.

لە ئێستاشدا پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسەکە بەناونیشانی (قڕکردنی ژنان وەک پایەیەکی سەرەکی لە جینۆسایددا، قڕکردنی ژنان واتای چییە؟ هۆکار و ئامانجەکانی چین؟) بەڕێوەدەچێت.

هاوبەشی :