بە یاوەری هەلیکۆپتەرەکانی ڕوسیا، كاروانێكی گەورەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا چوونە ناو شاری منبەج و لەسەر هێڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕ جێگیر بوون

262
0
هاوبەشی :

كاروانێكی گەورەی سەربازی هێزەکانی رژێمی سوریا چوونە ناو شاری منبەجەوە، ئەمەش دوای ئەو لێكتێگەیشتنە دێت لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە چاودێری روسیا پێكهات، لە کاتێکدا هەڕەشەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی شارەکە بەردەوامە

چالاکوانانی ناوچەکە ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند کە كاروانێكی گەورەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە چەک و تانکی قورسەوە چوونە ناو شاری منبەج و لە بەرەکانی پێشەوە جێگیر بوون لە بەرامبەر چەکدارانی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە دەوڵەتی توركیا.

چالاکوانان هێزە سەربازیەكە بە پشتیوانی دوو هەلیکۆپتەری ڕووسی بەرەو هێڵی ڕووبەڕووبوونەوە ڕۆشتوون لە ڕووباری ساجوور.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە كە بەپێێی لێكتێگەیشتنێك لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكراتی و ڕژێمی سوریا، هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە شارەکانی کۆبانێ و تەل رەفعەت جێگیربوون و هەر بەپێی هەمان لێكتێگەیشتن هێزی سەربازی سوریا لە شاری منبەج جێگیر دەكرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەردەوام  هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەكات لە دژی قەسەدە بۆ داگیركردنی تەل ڕەفعەت و شاری منبەج، ئەم هەڕەشانەی دەوڵەتی تورك هەمیشە لە لایەن دەوڵەتانی جیهانەوە ڕەتكراوەتەوە بەتایبەتی ڕوسیا و ئەمەریكا.

 

هاوبەشی :