پێم دەڵێن بێدەنگ بە چونکە دۆخەکە ئاڵۆزە؟! منیش دەڵێم دەبێ دەنگ هەڵبڕین لەبەر ئەوەی دۆخەکە نەک تەنیا ئاڵۆزە، بەڵكو هەستیار و بڕیاردەر و چارەنووسسازە

426
0
هاوبەشی :

نوسەر ، دلێر ئاکرەیی

هێزەکانی سوڵتان پەنجا رۆژە بە هەموو جۆرە چەک وکەرەسەی سەربازی و جبەخانە و تەکنۆلۆژیای سەردەمەوە هێرشی ناوچە ‏شاخاوییەکانی باشوری کوردستان دەکات و گەریلاکانی هەپەگەش بە ئیرادەیەکی پۆلایین و ورەیەکی بەرز و تەکتیکی نوێی ‏شەڕی پارتیزانیەوە بەرگریان لێدەکات و داگیرکەران سزا دەدات…‏
کەچی ئەوانەی شانازی بە چەک و تەکنۆلۆژیا و دڕندەیی سوڵتان دەکەن یان خەڵکی پێیان دەترسێنن، یان ئەوانەی لە هێزی ‏زۆر و زەوەندی دوژمن دەتۆقێن، یاخود راستینەی بەرخۆدانی گەریلاکان نایبینن یان نایانەوێت ببینن، دەبێ لەم سیناریۆیە ورد ‏ببنەوە:‏
ئەگەر ئێوە لە دوورەوە لە هێزەکانی سوڵتان تۆقاون کە هێشتا پاسەوانانی چیاکان بە خوێن و گیانی خۆیان دەیانپارێزن و ناهێڵنن ‏داگیربکرێن، ئەو کاتەی کە ئەو شاخانە دەکەونە ژێر رکێفی ئەو هێزانەوە ئەوسا لە ئارامی و ئاسودەیی ژیان بێبەش دەبن. ‏ئیدی یان دەبێ ببن بە کۆیلەی سوڵتان یان پەنا ببەنە بەر شوێنەکانیتری سەر گۆی ئەم زەوییە، یان بۆ ئەو شوێنانە ‏رادەگوازرێن کە سوڵتان فەرمانیان بۆ دەردەکات ومێژووش پێمان دەڵیت تا ناوی سوڵتان لە دونیادا ماوە، لەوێ دەمێننەوە ؟!!.‏
بێدەنگی و بێباکی و نامەردایەتی و سەردانواندنی ئەو کەسانەی بەرامبەر بە هەڕەشە و پەلامارەکانی سوڵتان، دەبنە لێزمەی ‏مەرگ و بەسەریاندا دەبارێ. ئەو کەسانەیشی کە بۆ بەدەستخستنی پارۆ نانێک دەست بەكڵاوەکانیان گرتووە، جگە لە ‏شکۆشکاندن و کۆیلێتی هەرگیزچێژ لە هەڵمژینی هەناسەی ئازادی وەرناگرن.‏
کەچی ئەوانەی کە دەبنە کەوا سووری پێش لەشکری دوژمن ئەوە لەم دونیادا جگە لە رووڕەشی و شۆرەیی وسەرشۆڕیەوە ‏شتێکی دیکەیان بۆ نامێنێتەوە و ناووناتۆرەیان لە لاپەڕە رەشەکانی مێژوودا بۆ هەتا هەتا تۆمار دەکرێت و ناسڕێتەوە.‏
بۆیە نامەوێ بێدەنگی هەڵبژێرم، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لە باشوری وڵات دەقەومێت چارەنووسەکەی منیش دەستنیشان دەکات.. ‏
ئیدی بە کەس مەڵێن بێدەنگ بە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە خەڵکەکە بڵێن تا هێزتان تیایە دەنگ هەڵبڕن، تا بتوانن هاوار بکەن و ‏بیقێڕینن، چونکە هێشتا کاتی هاوارکردن و قیڕاندنمان لە بەردەستدا ماوە، ئەگەر سوڵتان خۆڕاگری چیاکانی بەزاند، هاوار و ‏قێڕینیشمان لێ قەدەغە دەکات..‏
راستە چەک و تەکنۆلۆژیای سوڵتان خاکی کوردان دەکێڵێت، گوندی کوردان خاپوور دەکات ، زەوی و پاوانەکانیان بە هەموو ‏جۆرە بۆمب و قومبارە و گوللە تۆپ و موشەک و جۆرەها تەقەمەنی بارانڕێژ دەکات، ،گوندنشینان دەربەدەر دەکات، سیاسەتی ‏زەوی سووتێندراو پیادەکات، دار و دارەستانەکان دەبڕێت، بەڵام ئەگەر سوڵتان لەم جەنگە چارەنووسسازەدا سەرکەوت و ‏چیاکانی کوردستانی فەتح کرد، ئەوە خەڵکی بیانی هاوردەی ئەوێ دەکات و وەکو پاسەوانی شاخەکانی باشوری قەڵەمڕەوی ‏خۆی دایاندەمەزرێنێت.. ئەگەر بۆ سوڵتان لوا و دوا شاخی داگیرکرد کە دەڕوانێتە بیرە نەوتیەکانی بابەگوڕگوڕ، ئەوسا لەوێوە ‏هەناسەی دڵخۆشی و شادی هەڵدەمژێت. پاشان دەست بە هەڵمەتی راگواستن و کۆچپێکردن و دەربەدەرکردن دەکات… چونکە ‏باش دەزانێت تا چیاکان بە دەست کوردەکانەوە بێت دڵی ئوقڕە ناگرێت… ‏
راستیەکی دیکەش هەیە کە شەڕی کورد کوژی شەڕێکی مەترسیدارو کارەساتبارو ماڵوێرانکەرانەیە و دەبێ هیچ کوردێک تا ‏خەونیشی پێوە نەبینێت، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە لەوانەیە گوللـەیەکی وێڵ ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری ‏شەڕێکی نەخوازراوەوە.‏
ئەوەی تا ئێستا کراوە بۆ وەلانان یان خامۆشکردنی هۆکارەکانی ئاگری شەڕی خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان هیچ ‏دەرهاوێشتەیەکی لە سەر ئەرزی واقیع بەدی ناکرێت. هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەگەر تەنیا نارەزاییەکان لە چوارچێوەی ‏زارەکیدا بمێننەوە و هیچ هەنگاوێکی کرداری لە شێوەی کارتی فشار بۆ بەرگرتن لەو شەڕە نەنرێت، بڕوا ناکەم ببنە بەربەست ‏‏ لەبەردەم هەڵگیرسانی ئەو شەڕە نگریسە کە بەرۆکی هەر هەموومان دەگرێتەوە. چونکە هات و هاوار و هەڕەشە و گوڕەشەی ‏سوڵتان و دەس و پێوەندەکانی بە زەقی دەبینرێت و بە روونیش دەبیسترێت، کە کەشێکی خەمناکی پڕ مەترسیی خوڵقاندووە. ‏دەنگی دەهۆڵی جەنگ و زوڕنای راگەیاندنەکانی سوڵتان و دارودەستەکانی، ریتمی مەرگ دەبارێنن. ریتمێک خوێنی بێتاوانانی ‏لێ دەچۆڕێ. چونکە دڵی سوڵتان ئارام نابێت تا ئەفسانەی چیاکانی کوردان نەسڕێتەوە کە لە دێر زمانەوە بۆیان ماوەتەوە و بوون ‏و مانەوەیان پاراستووە..‏
سوڵتان ئەمەش دەزانێت کە تا زنجیرە چیاکانی مەتینا، گارە، قەندیل، ناوچە شاخاویەکانی ئاڤاشین، زاپ ، سیدەکان ، ‏چۆمان،رەواندۆز، رانیە و ئەوانی دیکە کۆنتڕۆڵ نەکات، ناتوانێت باڵادەستی خۆی بە سەر ناوچە تەختاییەکانی ویلایەتی موسل ‏و بیرە نەوتیەکانی کەرکوک و شوێنەکانیتری باشوری کوردستاندا بسەپێنێت..‏
بەڵێ ئەردۆغان باش دەزانێت بۆ ئەوەی خەونە گەورەکەی جێبەجێ بکرێت و ببێتە سوڵتان، دەبێ سەردەمی ئەتاتورکی باوکە ‏گەورەکەی تێپەڕێنێ و لە سەدساڵەی پەیماننامەی لوزاندا ویلایەتی موسل بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دایکی نیشتمان، بەڵام ئەمجارە ‏بە نەوت و گاز و سەروەت و سامانەوە… ئەمەش بە بێ داگیرکردنی چیا سەرکەشەکانی باشوری کوردستان مەحاڵە دڵی سوڵتان ‏ئاو بخوات.‏
ئیدی سوڵتان چاوی بڕیوەتە ئەو چیایانەی کە سیمبۆڵی لە مێژینەی کوردان و رازی مانەوەیان و نیشانەی شانازی و ‏سەرفیرازیانە و دەیەوێ ئەو راستینەیە بسڕێتەوە کە کوردان جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی دیکەیان نیە ..‏
ئەگەر دەتانەوێ ئەو راستینەیە نەسڕێتەوە و عەرشەکەی سوڵتان نەبینن، نەک تەنیا کڕ و کزو داماو نەبن، بەڵکو بەشێوەیەک ‏دەنگ هەڵبڕن کە دڵی ئەردۆغان و نۆکەر وهاوکارەکانی بتۆقێنن.

هاوبەشی :