سەلیمە مەزاری ژنە پێشەنگی ئەفغانی ڕێبەرایەتی ’’ جوڵانەوەی گەل’’ دەكات دژی بزوتنەوەی كۆنەپەرستی تالیبان

501
0
هاوبەشی :

سەلیمە مەزاری ژنێکی ئەفغانییە، کە وەکو ڕێبەرێک هێزی “جووڵانەوەی گەل”ی لە دژی تاڵیبان دروست کردووە و لە ویلایەتی بەڵخ لە ئەفغانستان، لە سەنگەرەکانی بەرگرییدا، لەگەڵ خەڵکەکەی بەرنگاری چەکدارانی تاڵیبان دەبێتەوە .

کراسێکی سپیی لەبەردایە، کە بە گوڵی سوور خەمێڵنراوە، کڵاشێنکۆفێکی بەدەستەوەیە و بوێرانە لە سەر چیایەکی بەرز پلانی شەڕ دادەڕێژێت، چەند پیاوێکی دیکە چاویان لە دەستی ئەوە و بە سەرسامییەوە سەیری دەکەن، ئەمە یەکەم تێگەیشتنە لە وێنەی ئەو ژنە ئەفغانییەی کە فەرمادەیی شەڕی دژ بە گرووپی تاڵیبان دەکات لە ویلایەتی بەڵخ لە ئەفغانستان.

سەلیمە مەزاری، سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەو ساڵی ١٩٨١ لە خانەوادەیەکی ئەفغانی لە تاران لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی خوێندن لە بەشی کۆمەڵناسیی لە ساڵی ٢٠١١ ، گەڕاوەتەوە ئەفغانستان و دەستی بە کار لە دامودەزگا حکومییەکاندا کرد، ساڵی ٢٠١٧ لە ویلایەتی بەڵخ، وەکو قائیمقامی شاری “چهار کنت” لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا، هەڵبژێردرا.

هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنییەوە بۆ پۆستی قائیمقامیەتی “چهار کنت”، بەهۆی زاڵبوونی ڕوانگەی پیاوسالاریی لە ویلایەتی بەڵخ و قبوڵ نەکردنی وەکو ژنێک لەلایەن سەرجەم بەڕێوبەر و کاربەدەستەکانی شاری چهار کنت و ویلایەتی بەڵخ، ڕێگریی لێدەکرا و کۆسپیان لەبەردەمدا دروست دەکرد، تەنانەت لەدوای هەڵبژاردنیشیەوە بۆ پۆستی قائیمقامیەت، ١٥ڕۆژ ڕایانگرت و پۆستەکەی ڕادەست نەکرا تا لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەفغانستانەوە دەستوور بە ڕادەستکردنی پۆستی قایمقامیەتی چهار کنتی پێدرا، کە ناوچەیەکی سەختی کوێستانیی و هەژارترین ناوچەی ئەفغانستانە.

سەلیمە لەگەڵ دەستبەکاربوونی، دەستی بە بەرنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە هەرێمەکەی خۆیدا کرد و چەندین بەرپرسی گەندەڵکاری ڕووبەڕووی دادگا کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرووپی تاڵیبان، لە سەدا ٧٠ی گوند و ناچەکانی چهار کنتیان خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و سەرانەیەکی زۆریان لە خەڵکی هەژاری ئەو شارۆچکەیە وەردەگرت، ئەو هاوڵاتیانەی کە هاوکاری کردنی تاڵیبانیان رەت بکردایتەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن تاڵیبانەوە دەکوژران.

سەلیمە کە دەبینێت لە بەرامبەر ئەو کردەوانەی تاڵیباندا، پۆلیس، هێزەچەکدارەکان و کاربەدەستانی ویلایەتی بەڵخ هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و بەرنگاری تاڵیبان نابنەوە، بۆیە داوا دەکات لە خەڵکی چهار کنت، کە خۆیان چەکدار بکەن و بەرنگاری تاڵیبان ببنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک ڕازیی بکات، لەگەڵیاندا دەڕواتە سەنگەرەکانی بەرگریی و ڕووبەڕووی ‌هێرشەکانی تاڵیبان دەبنەوە، بەو پێیەش لە یەک ساڵی ڕابردوودا تەنها ٢٠هاوڵاتی بەڵخ لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا گیان لەدەستداوە و لەبەرامبەردا تاڵیبان لە هەموو هێرشەکانیدا شکستی هێناوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو ویلایەتەی ئەفغانستان.

سەلیمە مەزار بە پێشکەوتنی خەڵک لە سەنگەرەکانی بەرگرییدا، توانی هێزێکی بەرگریی خۆیی لە ئەفغانستان، لەژێر ناوی “جووڵانەوەی گەل” دروست بکات، بە وتەی خۆی ئێستا، لە ولسوالی(شارۆچکەی) چهار کنت، ٧٠٪ لەژێر دەستی هێزەکای جووڵانەوەی گەلدایە و تەنها ٣٠٪ی لەژێر دەستی چەکدارانی تاڵیبان دایە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەفغانستان ١٠٪ هەرێمەکان لەژێر دەستی حکومەتی ئەفغانستاندا ماوە.

ئێستا خەڵکی چهار کنت بە گەورە و بچووکەوە لەپشتی سەلیمەدان و هێزێکی بەرگریی گەورەیان دروست کردووە، هاوکات سەلیمە مەزاری بە خەڵکی شارۆچکەکەی خۆی وتووە:”تا زیندوو بم، بەرگریی لە خەڵکەکەم دەکەم و لە سەنگەرەکانی بەرگرییدا دەبم، ئەگەر بینیتان کەوتوومەتە دەستی تاڵیبان، تیربارانم بکەن”.

لە پاش بەرخۆدانی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بەسەر دێوەزمەی داعش، ئیرادەی ئازادیخوازی ژنانی کورد، لەسەر ژنانی جیهان بە تایبەتی ژنانی چەوساوەی ئەفغانستان زۆر کاریگەریی دانا و ورەی بەخشییە ژنانی ئەفغانی، بەو پێیەش  حزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان هەم بۆ پشتیوانیی لە کۆبانێ و هەم بۆ عەفرین، چەندین جار لە ئەفغانستان چالاکی و خۆپێشاندانیان ڕێکخستووە.

هاوشێوەی پێشەنگایەتی ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستا لەناو کۆمەڵگای ئەفغانستانیش، ژنانی دیکەش وەک سەلیمە، سەهۆڵبەندی دواکەوتویوی دەتوێننەوە و بە شێوەیەکی چالاک ڕۆڵی پێشەنگایەتیی دەگێڕن لەو وڵاتەدا.

هاوبەشی :