ئەیهان سەعید: سێ خەجالەتننامە و یەک بانگەواز بۆ زیندانیانی بادینان
(گۆڕان، یەکێتی و نەوەی نوێ و لایەنەکان یەک توز وەفا بۆ کادرەکانتان ھەبێت و لەبەردەم دادگا ئامادەبن).
دوو شەممە ١٦/٥/٢٠٢٢ دادگاییکردی پێنج چالاکوانی بە ناحەق زیندانیکراوی شێلادزێ لە دادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت.
لەم دوسیەیەدا دەبێت سێ لایەن خەجالەت بن:
یەکەم: دەبێت پارتی خەجالەت بێت و فێری ئەلف و بێی دیموکراسی ببێت و چیتر بە ناحەق و بە نایاسایی چالاکوان و رۆژنامەڤان لەسەر بۆچونی جیاواز و خۆپیشاندانی مەدەنی زیندانی نەکات و بە چەک و زەبروزەنگ خەلکی بادینان سەرکوت نەکات تا خۆی بسەپێنێت.
دووەم: دەبێت دەستەڵاتی دادوەری لەم ھەرێمە خەجالەت بێت و سەروەری خۆیان بپارێزن، نەکەونە ژێر ڕکێفی حزب و ئەمر لە ھێزە ئەمنیەکەیان وەربگرن.
سێیەم: دەبێت یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێ خەجالەت بن کە کادرەکانیان لە زیندانن و ئەوانیش تەنیا خەریکی بەیاننامەی بێکردار و چەند راپۆرتێکی میدیایین، ئەگەر ڕاست دەکەن گشتان لەبەردەم دادگا ئامادەبن.
ئەو زیندانیانە تازە دادگایی دەکرێن کادری یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێی تێدانە کە باجیان داوە و ھێشتا رەسمی پرۆفایلیان لۆگۆی ئەم حزبانەن و سەربەخۆشی تێدایە بەم شێوەیە:
مەحمود ناجی صديق (چاڵاکڤان و ھەلسۆراوی دیاری
گۆڕان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان و خۆبەشی نەوەی نوێ) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
کوڤان طارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان و کادری یەکێتی) ..
شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
یەک تکاو بانگەواز بۆ لایەنەکان:
ئەگەر سەرکردایەتی ئەم سێ ھێزە یەک توز شعور و وەفیان بۆ کادرەکانیان ھەبێت رۆژی دوو شەممە پێنج ھەزار ئەندام و کادرو لایەنگری خۆتان لەبەردەم دادگا کۆدەکەنەوە یاخۆد کەسی یەکەمی حزبەکان و جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرکردایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بچنە بەردەم دادگا نەک تەنیا چەند پەرلەمانتارێک کە پشتریش ھەلوێستی باشیان ھەبوو.
بە دیدگای ئێمە ئەگەر ئەمە نەکەن دوو ئەگەر ھەیە:
یەکەم: یان بڕواتان بە خەباتی مەدەنی و ھەلوێست وەرگرتن نیە، تەنیا سیاسەتکردن بە سەرکۆرسی و پشت مێزەکان دەزانن و غرورتان رێگە نادات کاتژمێرێک بۆ کادرەکانتان بچنە دەرەوی ژورەکانتان، لە کاتێکدا ئەوان ٥٤٧ رۆژە لە زیندان ئازار دەچێژن.
دووەم: ئەگەر ناتوانن ئەندامانتان خرکەنەوە واتە پێگەی جەماوەریتان نەماوە و چارەیێ لە دۆخی خۆتان بکەن، یان دەتوانن و لەگەڵ درۆشم و پرەنسیپەکانتان ڕاست ناکەن و ناتانەوێ دڵی پارتی لە خۆتان بڕەنجێنن.
بێگومان پێویستە ھێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش وەکو کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و چینی نوخبە ھەمان ھەلوێست وەربگرن، چونکە ئەم زیندانیانە خەلکی سەربەخۆشی تێدایە و لەسەر ڕەخنەو خۆپیشاندان بۆ ماف و موچە دەستگیرکراەن کە پرسێکی گشتیی یە و ئەرکی ھەموو لایەکە دژی ئەم نادادیە بوەستێت.
دوسیەی زیندانیانی بادینان لەوە دەرچوە باسی نایاسایی بونی و جۆری ئەشکەنجە و ھەڕەشەی لەسەریان بکەین ، ھەر لە شێوازی ڕفاندنیان و رێگەپێنەدان بۆ بینینی پارێزەری خۆیان کە بەپێ (اصول محاكمات جزائية) بکۆژێکیش مافی پارێزەری ھەیە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەکەیان بچێتە دادگا، بەڵام ساڵێک و شەش مانگە ئاسایشی پارتی رێگربوون لە ڕەوانەکردنی دوسیەکە بۆ دادگا.
چاوەڕێی ھەلوێستی لایەنەکان و ئازادبونی زیندانیانی بادینانین، لە ئەگەری ھەر بڕیارێکی نادادپەروەرانەدا مژدەی شکستێکی دیکە بە پارتی دەدەین کە سومعەیان لەسەر ئاستی دەرەوە ناشیرینتر دەبێت، لە ھەڵبژاردنی چون پێشتر بادینان ئێوەی سزادا و تەنیا لە دھۆک ١٣٧ ھەزار دەنگتان لەدەستدا ئەمجارە دەنگەکانتان زیاتر کەم دەبێت.
تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین، چونکە ئەوان بێ تاوانن و ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن.
ئەیھان سەعید – رۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان
١٤ی ٥ی ٢٠٢٢