شەڕ و ڕاگەیاندن

215
0
هاوبەشی :

نوسینی:- عادل عوسمان

شەڕێک لە گۆڕەپانی باشوری کوردستان بەڕێوە دەچێت، کەبەشیکردنەوەی سەرپێی و ئەکادیمیک لێی تێناگەیت. لەسەر ئەم هێرشە داگیرکاریەی ئەمجارە، زۆر قسە کرا. زۆرکەس، لە مامۆستای زانکۆ، سیاسەتمەدار و قسەکەری گشتی، لەڕووی سۆزو خۆشەویستی، ئامانجدارو بەمووچە! قسەیان کرد. هیچیان نەچوە چوارچێوەی شیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، سەربازی، جوگرافی گرنگەوە. کە ئامانجی شەڕەکە، لایەنەکانی بەشدار، ئامادەکاریەکان و دەرهاویشتەکانی نیشان بدات.
بەداخەوە، هەندێک پێش ڕوداوەکان دەکەون و بەناوی باسکردنی ڕاستیەوە کاریگەری لەسەر مۆراڵ و ورەی خەڵک دەکەن. ئەوانە بیانەوێت و نەیانەوێت، ئان ئاراستەکراون، یان لە پەلەپەلیدا چاوی خۆیان کوێر دەکەن. بۆیە بیانەوێ و نەیانەوێت دەچنە چوارچێوەی خزمەت بەشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەوە. کۆمەڵگە کاتێک مۆراڵی نەبوو، هێزی پاراستنی نەیتوانی خۆی و کۆمەڵگەکەی بپارێزێت، دەرفەت بۆزۆر ئاڵۆزی و تێکچون و سەر ئێشە دەکاتەوە. گۆڕەپانی شەڕو هێرشێکی داگیرکاری لەو شێوەو، دەرهاویشەکانی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان و پەیوەستیشی بکەیتەوە بەو ئامادەکاریەی هێزەکانی پاراستنی گەل، ئەوا دەبینیت، ئەو شەڕە چ پانتایی و قوڵاییەکی هەیەو لەقۆناغێک و گۆڕەپانێک و دەڤەرێکیشدا ناوەستێ و قەتیس نامێنێت. بۆیە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە، پێویستی بە هوشیاری، ئامادەکاری وزانیاری هەیە، نەک هەڵچون و ئەگەربکرێت بڵێین سۆزو و پێدانی زانیاری هەڵە. لەدورەوە دانیشتن پێویستی بەسەبرو حەوسەڵە هەیە، لەناو زانیاریەکاندا، پێویستی بەڕاستگۆیی هەیە، پێدانی زانیاری هەڵەو لەسەر وەستانی و بەگوێرەی ئەوە جوڵە کردن لەڕاستگۆییت دەدات و دەتخاتە گۆشەی بێ متمانەییەوە.
بۆیە هەڵسەنگاندنی ڕاستی ڕەوش، ئەگەر تێشیدا نەبویت و زانیاریشت لەسەری نەبوو، ئەوا دەتوانیت لەجوڵەو ڕاگەیاندنی دوژمنەوە تێی بگەیت. کوڕەژارۆ، کە وا پاگەندەکرا، کەلەلایەن سوپای تورک و هاوکارەکانیەوە داگیرکراوە! بەڵام یەکتۆز دوای ئەوە لەبێ دەنگی هەڵڵای شەڕو ڕاگەیاندنی لێدانی بەچەکی کیمیاوی ئەو پاگەندەیە هەڵوەشایەوە. ئەوا ئێستەش لەسەر زاری فاشست، وەزیری بەرگری تورکانەوە ڕاگرتنی هێرشەکان بەهۆی سەختی ناوچەکەو زۆری ئەشکەوت ( لەڕاستیدا بەرخۆدانی گەریلایە)ەوە ڕاگیراوە بۆ پرۆسەیەک و کاتێکی تر.
قوڕبەسەری ئەو قسەکەرانە، ئەوەیە: کە لە ئامادەگی هێزی پاراستنی گەل و تێکۆشانی گەل و دژە کوردو کوردستانی ئەم هێرشە داگیرکاریەوە نانوسن و ناڵێن، بەڵکو لەو زانیاریە کتوپڕو هەڵەشانەو قسەی دوژمنەوە دەڵێن. بۆیە دەکەونە هەڵەوە.
شەڕی ئەمجارە، شەڕی تێکۆشانی گەلی ئازادە نەتێدەشکێت، نە گۆڕەپانیش چۆڵ دەکات. بەڵکو شەڕی هەستانەوەی شۆڕشگێڕی گەلی باشورو بەڕێکخستن بونیشیەتی. بۆیە بەردەوامی تێکۆشان بەهێرشێک ڕاناگیرێت و تەنیا گۆڕەپانێکیشی نیە. هەر ڕۆژو کات و ساتێک گەلی کورد لەو پێناوەدا ڕەنج دەدات و تێدەکۆشێت بۆ سەرکەوتن.

هاوبەشی :