تاك… ئینتیما… به‌هاكان
نوسینی: حەسەن جودی
كه تاك له نێو سێگۆشه‌ی ناهاوسه‌نگییه‌كانی ” سرووست – كۆمه‌ڵگه – ده‌وڵه‌ت” قوتده‌درێت، سیمای سرووشتیانه‌ی تاكێتی خۆی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی خودی (كائن ذاتي) له‌ده‌ستده‌دات و هه‌وڵده‌درێت به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها ته‌نیا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی (ره‌عیه‌ت – مێگه‌لایه‌تی) پێناس بكرێت. ئیدی ئینتیمای بۆ سرووشت تادێت لاواز ده‌بێت. له بوونه‌وه‌رێكی سرووشتی خاوه‌ن خوده‌وه به‌ره‌و بوونه‌وه‌رێكی ته‌واو كۆمه‌ڵایه‌تی داماڵراو له ئینتیمای سرووشتی و دابڕاو له خودێتی خۆی ئاراسته‌گیر ده‌بێت. ئه‌و كاته به‌هاكانیش له ته‌وه‌ره‌ی تاكدا جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن ئینتیمای له سرووشته‌وه بۆ ئینتیما بۆ كۆمه‌ڵگه په‌یوه‌ندی سرووشتیانه‌ی نێوان ” تاك – سرووشت” ده‌شێوێ و سه‌راوژێر ده‌بێت، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و به‌هایانه‌ی له په‌یوه‌ندیشدا هه‌بوون شوێن بۆ ئه‌و به‌هایانه‌ی له میانه‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خوڵقاون چۆڵ ده‌كات. ئیدی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سرووشتی یاخود بڵێین؛ وه‌ك پارچه‌یه‌ك له سرووشت پێناسی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. چونكه نه‌ك هه‌ر ئینتیما و به‌ها سرووشتییه‌كانی لاواز ده‌بن، به‌ڵكو مرۆڤ ته‌نیا به هه‌بوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ده‌ناسرێت و پێناس ده‌كرێت. كۆمه‌ڵگه‌ش هه‌مووو هه‌وڵێكی ئه‌وه‌یه ئینتیما و به‌های كۆمه‌ڵگه‌بوون به مرۆڤ بدات.
ئه‌م پرۆسه‌یه؛ كه له گه‌وهه‌ردا پرۆسه‌ی ونبوونی پێناس و ئینیتما و به‌های سروشتی خودی مرۆڤه، وه‌ك تاكێكی نێو سرووشت، كه هێدی هێدی له سرووشتی خۆی نامۆ ده‌بێت، پرۆسه‌یه‌كه به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌بوون. كۆمه‌ڵگه‌بوونێك كه هه‌وڵده‌دات خۆی له سرووشت و یاسا و رێساكانی سرووشت داببڕێنێ. سرووشتێكی دیكه ” سرووشتی كۆمه‌ڵگه” و یاسا و رێسای دیكه ” دابونه‌ریت و رێسا ئایینییه‌كان و..هتد” بۆخۆی بئافرێنێ. ئیدی چیدی سروشت نابێته سه‌رچاوه‌ی پێناس و ئینتیما و به‌هاكان بۆ مرۆڤ، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه شوێنی سروشت ده‌گرێته‌وه، یاخود هه‌وڵده‌دات شوێنی بگرێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا مرۆڤ به‌ڕاده‌ی “هه‌نگ” و ” مێرووله”ش ژیر نه‌بوو. چونكه ئه‌و بوونه‌وه‌رانه و بوونه‌وه‌ری دیكه‌ی هاوشێوه‌یان پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگه‌بوونی خۆیان ئه‌نجامدا، به‌ڵام سروشتی خۆیان و پێناس و ئینتیما و به‌های سروشتیانه‌ی خۆشیان له ده‌ست نه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ كردوویه‌تی. ئه‌مڕۆ خه‌ریكه خۆیشی و ته‌واوی سروشتی هه‌ساره‌ی خۆیشی له ده‌ست بدات.
له بنچینه‌دا؛ مێژووی به كۆمه‌ڵگه‌بوون و مێژووی شارستانییه‌ته‌كان مێژووی تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و سروشته. ئه‌گه‌رچی له سه‌رتاپای مێژوو و قۆناخه‌كانی هزر و رامان – به ره‌وته ماته‌ریالی و میتافیزیكییه‌كه‌یه‌وه – به‌هانه‌ی تێكدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه هاوسه‌نگییه‌ی نێوان سرووشت و مرۆڤ و هه‌وڵدان بۆ سه‌رله‌نوێ ئافراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی دیكه ده‌خه‌نه‌ڕوو، وه‌لێ له ئاكامدا پێناس و ئینتیما و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یاسا و رێساكانی كۆمه‌ڵگه بۆ مرۆڤ زۆر له‌وانه‌ی سرووشت مه‌ترسیدارتر و دژوارترن. چونكه سرووشت له گه‌وهه‌ری خۆیدا هاوسه‌نگی و ته‌بایی و پێكه‌وه هه‌بوونی نێوان شته‌كان (بوونه‌وه‌ره‌كان)ه نه‌ك لابردن و نه‌هێشتنی ” ئه‌وه‌ی دیكه”. بۆیه ناتوانین قه‌ناعه‌ت به‌وه نه‌كه‌ین كه یاسا و رێساكانی كۆمه‌ڵگه و كۆ‌مه‌ڵایه‌تیبوون له یاسا و رێساكانی سرووشت – بۆ نموونه یاسای دارستان وه‌ك ده‌ڵێن – دژوارتر و مه‌ترسیدارتر نه‌بووبن به‌سه‌ر تاكی مرۆڤدا!!. ناتوانین ئه‌وه نه‌بینین كه ئه‌ژدیهایه‌تی “ده‌وڵه‌ت” له كاره‌سات و رووداوه سرووشتییه‌كان مه‌زنتر و هه‌ڵڵوشێنتر نه‌بێت!!!.
ئیدی له‌و مێژووه دوور و درێژه‌ی به كۆمه‌ڵگه‌بوون و ژیاریبوون ره‌وتی تاكێتی تاك هه‌وڵیداوه بگه‌ڕێته‌وه ئامێزی سرووشت و په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگانه له‌گه‌ڵ سرووشت ده‌ستپێبكاته‌وه، وه‌لێ ره‌وتی تاكڕه‌وێتی تاك به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ئاڕاسته‌ی گرتووه. تا ئه‌م ساته‌ی ئێستاش ئه‌م دوو ره‌وته له نێو ململانێ و كێشمه‌كێش دان.
حەسەن جودی(2004)
تێبینی: ئەم تابلۆیە هی هونەرمەندی پۆڵۆنی (تۆماس کۆبیرا)یە.