ئەگەر بە دەستی خۆمان دیكتاتۆرەكان لە دەسەڵات لانەبەین، ڕەنج بەخەسار دەبین

355
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ شەممە، ڕێكەوتی٩نیسانی ٢٠٢٢ ، نۆزدە (١٩) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێنانەخوارەوەی سەدام حسێنی دیكتاتۆر لەسەر كورسی دەسەڵات لە عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە پێشەنگایەتی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.

گەلانی عێراق زۆر خۆشحاڵ بوون بە ڕووخاندنی سەدام حسێنی دیكتاتۆر، چونكە پێیان وابوو هەر دەسەڵاتێك دوای سەدام حسێن بێتە سەر دەسەڵات، باشتر دەبێت لە دەسەڵاتەكەی ئەو دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرە خوێن مژە، خەڵكی عێراق بە ئازادی دەگات. بەڵام بەداخەوە ئەم هاوكێشەیە تەواو پێچەوانە دەرچوو.

دیكتاتۆرێك لە بەغداد لابرا، بەڵام هەزاران دیكتاتۆر دەسەڵاتیان گرتە دەست لەهەر هەرێم و ناوچەیەك، هەر شار و شاروچكەیەك، تەنانەت لە هەر گەڕكێك و گوندێك، گەلانی عێراقیان تووشی شەڕی ناوخۆ و چەندین قەیران و بەدبەختی تر كرد، وەك هەژاریی و كەم خۆراكی، بێ دەرمانی و نەخۆشیە مەترسیەكان، نەمانی ئاشتی و ئارامی، لەدەستدانی تەواوی خزمەت گوزاریەكان، بە تاڵان بردنی تەواوی سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی چەندین بەدبەختی و چارە ڕەشی تر، ئەمە جگە لەوەی هیوا بۆ ئازادی و دیموكراتی لە ناو كۆمەڵگەی عێراقدا بوونی نەما و بزر بوو، لە بری ئەوانە خەلكی عێراق بێ هیوای و بێ بڕوای و  بێ متمانەی باڵی بەسەردا كێشاوە و خۆزگە بە ڕژێمی سەدامی دیكتاتۆر دەخوازن.

سەدام حسێن و دەسەڵاتەكەی مەترسی بوو لەسەر ئاشتی، ئازادی، دیموكراتی گەلانی ناوچەكە، بەڵام دەسەڵاتدارانی دوای سەدام حسێن نەك مەترسین لەسەرئاشتی، ئازادی و دیموكراتی، بەڵكو مەترسین لەسەر ئەخلاقی كۆمەلگە، نان و ژیانی مرۆڤەكان، ژینگە و سامانە سروشتیەكانی عێراق تەنانە کەرامەتی مڕۆڤیشیان خستۆتە مەترسیەوە.

ئەمە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات كە ئەگەر گەلانی ئازادیخواز بەدەست و چنگ و پەلی خۆیان دیكتاتۆرەكان لەسەر دەسەڵات لانەبەن و ئیرادەی خۆیان لەجێگەی دانەنێن، دەبنە ئامڕازی زلهێزە ستەمكارەكان، هێزە مەزهەبیەكان، نەتەوەپەرستی چاو چنۆك و ڕەگەزپەرستەكان ، ڕەنج بەخەسار دەبن.

دەبا لەساڵیادی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ستەمكاری سەدام حسین سۆزبدەین و بڕاو متمانە بۆ كۆمەڵگە بگەڕینینەوە و خۆمان پەروەردەو بە ڕێكخستن بكەین و پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانمان بەهێز بكەینەوە و بە چنگ و پەلی خۆمان گەلانی كوردستان و عێراق لەم بارە سەخت و گران و ژیانە كارەستبارە ڕزگار بكەین و ئیرادەی گەلانی ئازادیخواز لە شوێنیان دابنێن.

 

سەركەوتن یان  سەركەوتن

دەرچە میدیا

٩ نیسانی ٢٠٢٢

هاوبەشی :