دەرچە پیرۆزبایی نەورۆز دەكات، خوازیارە خەڵكی كوردستان بەشداری نەورۆزی قەندیل بكات
ڕۆژی دووشەممە، ڕێكەوتی ٢١ ئاداری ٢٠٢٢، لە بناری قەندیل لە باشوری كوردستان ئاهەنگی پیرۆز كردنی نەورۆزی ئازادی بەڕێوەدەچێت، بۆیە داواكارین لە گەلی خۆمان لە باشور خاوەنداری لە بەها نەتەوەیەكان و كەلتوریەكانمان بكەن ، ڕووەو قەندیلی مەنزلگای ئازادی بە ڕێپێوانێكی شۆڕشگێڕانە بكەونە ڕێ، بەشداریەكی بەرفراوان بكەن لە پیرۆز كردنی نەورۆزی ئەمساڵمان.
نەورۆز سمبوڵی ئاشتی و دیموكراتی و پێكەو ژیانی گەلانە، سەرچاوەی عەشق و وڵاتپارێزی و ژنی ئازادە، كانگای بەرخودانە بەرامبەر بە سیستەمی دەسەڵاتداری ستەمكار و دژە ژینگە، هێز و توانایە بۆ ئاواكردنی ژیانێكی هەرەوەزی و وەك یەكی دوور لە چەوسانەوە.
دەبا هەموومان پێكەوە پێوانەكانی كۆمەڵگەیەكی ئازاد كەتێدا مرۆڤ بەپێی پێوانە گەردونیەكان ئازاد بێت، بكەینە بنەمای بەرخودانمان بۆ خولقاندنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان و تەواوی مرۆڤایەتی.
بە دەرباز بوونمان بۆ ساڵی نۆی ٢٧٢٢، ئەركی ئەخلاقی و ویژدانیمانە كە خاوەندارێتی لە ڕێبەری گەلان ئاپۆی مەزن بكەین و فشار بخەینە سەر كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ ئازادكردنی دەست بەجێی ڕێبەرمان. لە هەمان كاتدا دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر.
دووبارە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی دەرچە میدیا پیرۆزبایەكی گەرم ئاڕاستەی گەلی خۆمان، گەلانی ئازادیخواز و سەرجەم مرۆڤایەتی دەكەین، بەتایبەتی پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی زیندانیانی سیاسی دەكەین.
دەرچە میدیا
٢٠ ئاداری ٢٠٢٢