شەهیدانمان گرانترین نرخ و بەهاكانی نەتەوەییمانن، بە تێكۆشانمان ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی ئاسودە دەكەین

347
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ ٣٤ سال تێپەڕی بەسەر كۆمەڵكوژی شاری هەڵەبجەدا، لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨ ، دوای ئەوەی دەوڵەتی ئێران لە تەواوی بەرەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق تێكشكا بوو، دەوڵەتی داگیركەری عێراق هێزەسەربازییەكانی خۆی ئامادەكرد بۆ هێرش كردنە سەر گەلی كوردستان، ئەو ڕژێمە دژە مرۆڤایەتیە زۆر دڕاندانە بە چەكی كیمیاوی قەدەغەكراو، هێرشی كردە سەر خەڵكی شاری هەڵەبجەو دەوروبەری كە بووە هۆكاری شەهیدبوونی پێنج هەزار كەسی مەدەنی كە زوربەیان ژن و پیر و منداڵ بوون.

ئەم هێرشە دڕندانەیە لە كاتێكدا بوو شەڕی ئێران و عێراق لە كۆتایی هەشتەم ساڵیدا بوو، دەوڵەتی ئێران لە تەواوی بەرەكانی جەنگی باشور و ناوەڕستی عێراق تێكشكابوو، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی پشتیوانیەكی زۆر لە دەوڵەتی عێراق دەكرا و چەندین جار ئەو دەوڵەتە فاشستە چەكی كیمیاوی دژی ئێران لە بەرەكانی باشور و ناوەڕاست بەكارهێنابوو، دەولەتی عێراق لە چەند شوێنێكی كوردستانیش دژی هێزەكانی ئەحزابی كلاسیكی كوردی و خەڵكی كوردستان ئەو چەكە قەدەغەكراوەی بەكارهێنابوو، ئەمانەو كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی عێراق بێ دەنگ بوون.

سەرەڕای ئەمانە دەوڵەتانی سەرمایەی جیهانی دەیان ویست شەڕی عێراق- ئێران بوەستێنن و لە ڕاگەیاندراوەكانیاندا دەیان وت نابێت لە شەڕی ئێران و عێراق براوە و دۆڕاو هەبێت.

سەدام حسێنی دیكتاتۆر لەو كات و ساتەنەدا هەڕەشەی توندی لە گەلی كوردستان دەكرد،  جگە لەوەش خەڵكانی نیشتیمان پەروەر و خەمخۆرانی وڵات و چەندین دەستە و گروپی شۆڕشگێڕ سەرانی ئەحزابی كلاسیكی كوردیان ئاگادار كردەوە لە ڕەوشی ترسناكی باردۆخی ئەوسای باشوری كوردستان، بەڵام  ئەو ئەحزابانە بێگوێدانە چارەنوس خەڵكی كوردستان و خاكەكەی، بێگوێدانە هاوكێشە نێونەتەوەییەكانی ئەو كات نەخوێندنەوەی ڕووداوەكان، دەوڵەتی داگیركەری ئێرانیان پەلكێش كرد بۆ باشوری كوردستان بوون بە كەواسوری بەر لەشكری داگیركەری دەوڵەتی ئێران، شەڕی ئێران عێراقیان هێنایە كوردستانەوە و بیانویان دایەدەست ڕژێمی بەعسی سەدامی ئەوسای عێراق بۆ كۆمەڵكوژی خەلكی كوردستان و سوتماك كردنی خاكەكەی و چۆڵكردنی لە دانیشتوانە ڕەسەنەكەی.

لەساڵیادی ئەو كارەساتە دەروون هەژێنەدا كەبەسەر نەتەوەكەمان هاتوە، ئێمە وەك دەستەی بەڕێوەبەری دەرچە میدیا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجەو و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دائەنەوێن، سۆزدەدەین ڕێگەی ئازادی بەرنادەین

دەرچە میدیا

١٦ ئاداری ٢٠٢٢

هاوبەشی :