هەموو ڕۆژێك ڕۆژی ژنانە، شكۆدار بێت ٨ مارس

388
0
هاوبەشی :

‎بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لە سەردەمە بەرایی یەكانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان تاكە چركەیەك نابینیت كە ژنان ئافراندنێك و خولقاندنێكی نەكرد بێت كە نەكەوتبێتە خزمەتی كۆمەلگای مرۆڤایەتی یەوە، مێژووی گەردوون بێ كۆتایە لە بەرخودان و ئافراندنی ژنان ڕۆڵ و كاریگەرییەكی گەورەیان هەیە لە پێشخستنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، ژنان ماندوو بوون وقوربانی یەكی مەزنیان داوە لە بەرەو پێش بردنی كۆ مەڵگادا.
‎لە سەردەمە دێرینەكانەوە، هەزاران ساڵ لە مەوپێش ئایدۆلۆژیا و ڕێكخستنی كۆمەڵگا بە شێوەیەكی گشتی مۆركی ژنی پێوەیە، هەر ژن بووە پیاوی لە هۆڤێتی ڕزگار كڕدوە چونكە پیاو لە سەرەتادا لە ناو ژیانێكی هۆڤێتی(ترسناك و دڕندەیی) دا دەژیا.
‎تواناو ووزەی ژنان بێ ئەندازە و بێ كۆتایە، ژن بۆ جاری یەكەمین كۆمەڵگای خولقاند و هەر ژن بوو بۆ یەكەمین جار كۆمەڵگای پێشخست و كاریگەرییەكی زۆریان هەبووە لە دروست بوونی كۆمەڵگا و دەست پێكردنی ژیان و دروست كردنی شوێنی نیشتەجێ بوون و حەوانەوە و بە ماڵی كردنی گیانەوەران و ناسینی ڕۆكە سوود بەخش و زیان بەخشەكان و دۆزینەوەی كشتوكاڵ و پەرەپێدانیان، كەواتە ژن كۆمەڵگای ئافراندوە و فێری چۆنیەتی بە دەست هێنانی خۆراك و خواردەمەنی بووە و ئاگری دۆزیوەتەوە و ژیانی كۆمەڵكاری پێش خستوە و هێزێكی هەرەوەزیی و كۆمەڵكاریی دۆزیوەتەوە
‎تایبەتمەندیەكی مەزنی ژن خولقێنەری گوزارە كردنە و زایین(وەچە خستنەوەیە) خەسڵەتی بەخشینی ژیان بە كۆمەڵگە و بوونی دایك لە كۆمەڵگەدا لە هەموو شت مەزنتر دەبینێت.
‎لەگەڵ پێشكەوتنی كۆمەڵگای چینایەتیدا پیاوان زیاتر باڵا دەست بوون و هێز زیاتر لای پیاوان كۆبۆتەوە، واتە دەربازبوون بۆ كۆمەڵگای چینایەتی مانای بالادەست بوونی زیاتری پیاوان و لە هەمان كاتدا ژنانیش هێزی خۆیان لەدەستداوە و بەكۆێلە كراون.
‎لە مێژوودا تەواوی ئیمپڕاتۆرەكان پیاون، گەر بەڕادەیەكی كەم و دەگمەن ئیمپڕاتۆڕی ژنیش هەبێت ئەوانەش ژنی پیاوانەن، واتە ژنانێكن بە گوێرەی پیاوان و زوربەی زۆری سیاسەتمەدار و فەرماندەكان لە پیاوانن.
‎لەسەردەمانێك كە كۆمەڵگا دەربازی جیاوازی چینایەتی بوو و شارستانیەكانی پێش كەوتن، لە شارستانی سۆمەرەوە تا شارستانی سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژی ئەمڕۆمان بەپێشەنگایەتی دەوڵەتی ئەمریكا و ئەوروپا و تەواوی دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهان سیستەمی پیاو سالاری سەپاندوە و تێدا ژنان بە كۆێلە كراون.
‎ ڕاستی یەكی بەم جۆرە هەیە لە مێژوودا كە ژنان ڕۆڵێكی مەزنیان لە بەمرۆڤ بوونی مرۆڤایەتیدا هەبووە كە ملێۆنان ساڵی خایاندوە، لەوكاتەی كە كۆمەڵگا دەربازی كۆمەلگای چینایەتی بووە، چینە فەرمان ڕەواكان لەڕێی پیاوانەوە سیستەمی پیاو سالارییان پەیڕەو كرد و ژنان بەكۆێلە كران و ڕۆڵ و هێزیان لە كۆمەلگادا لاواز كردوە و بەها و جوانی یەكانیان زەوت كراوە.
‎ژنانیش لەبەرامبەر بەو زوڵم و ستەمەی بەرامبەریان دەكرێتێ لەكۆمەلگای چینایەتیدا بەردەوام لە بەرخودان و تێكۆشاندا بوون بۆ دەستەبەر كردنی ماف و ئازادییەكانی كۆمەڵگا، یەكێك لە ڕووبەڕووە مەزنەكانی ژنان لە سیستەمی زاڵمی سەرمایەداری ٨ مارسی ١٨٥٧ یەكێكە لەو تێكۆشانە مەزنانەی كە ژنان بەڕوویی جەورو ستەمی سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەدارریدا وەستاوەتەوە داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان كردوە لە پێناوی ژیانێكی شایستەدا بۆ خۆیان و هاو ڕەگەزەكانیان و خێزانەكانیان،

ژنانی كرێكاری كارگەی ڕستنی نیوێۆرك، پاش ٥١ ساڵ لەو مێژووە لە هەمان كارگە لە نیوێۆڕك لە هەمان ڕۆژی ٨ مارسی  ساڵی ١٩٠٨  بۆ داكۆكی لە مافە سەرەتاییەكانی ژیانی خۆیان و باشتركردنی مووچە و شوێنی كارو ژیانیان، دەستیان كرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەڵام خاوەن كارگە و پاسەوانەكانی كارگەكە دەرگای كارگەكە دائەخەن و كرێكارانی لەشوێنی كارەكەیان زیندانی ئەكرێن، پاشان بەهۆیەكی نادیارەوە ئاگرێك كەوتەوە و بەهۆیەوە ١٢٩ ژنە كرێكار گیانیان لەدەستدا، پاش دووساڵ لەو بەروارە لەدانیمارك بە فەرمی ٨ مارس ١٩١٠ كرا بە ڕۆژی جیهانی ژنان دواتر نەتەوە یەگرتوەكان دانی پیانا و ئێستا لە تەواوی جیهاندا ئەو ڕۆژە بۆ ڕۆژی ژنان بەفەرمی ناسراوە.
‎كۆمەڵگایەك ڕادەی دیموكراتی و پێشكەوتن و یەكسانی بەوە دیاری ئەكرێت كەتاچەند ژن ئازادە ئەگەر ئازادی ژنان نەبێت كۆمەڵگا ئازاد نابێت كۆیلەیی و نادادپەروەری لە ئازاد نەبوونی ژنەوە دەست پێ ئەكات هیچ كۆمەڵگایەك ناگات بەئازادی و دیموكراتی ئەگەر ژنان ئازاد نەبێت

‎ با پیاوان واز لە دوو ڕووییە بهێنن كە ژنان لە هۆنراوەكاندا بە تاوس ئەچێنن و لە گۆرانیدا بە ئاسك و مامز و لە ڕۆماندا پەپولە و لە ڕاستیشدا كۆیلەیان دەكەن لە بەرامبەریاندا توندو تیژی بەڕێوەدەبەن تا دەگاتە كوشتنیان، لە هەمان كاتدا پیاوان خۆشیان كۆێلەی سیستەمی دژە مرۆڤایەتی سەرمایەدارین، هەر بۆیە دەبێت پیاوان لەو ڕاستیە بگەن و خۆیان ووشیار بكەنەوە و بەپشت بەستن بە تواناو ووزەی بێ كۆتای ژنان ئەو كۆت و بەندەی سیستەمی سەرمایەداری كردویەتی مل و دەست و پێیان بشكێنن و خۆیان و ژنان ئازاد بكەن بگەن بە عەشق و ئازادی و ژیان پڕ واتاكەن

‎ئێستا ژنانی كوردستان و ژنانی گەلانی ناوچەكەو جیهان بەشدارن لە شۆڕشی كوردستان و گەلانی ناوچەكە لە بەرخودانێكی مەزن و كەم وێنەدان بۆ گەڕانەوەی بەهاكانی كۆمەڵگا و واتاداركردنەوەی ژیان

‎شكۆدار بێت ٨ مارس
‎ڕۆژی ژنان لە ژنانی كوردستان و سەرتاسەری جیهان پیرۆز بێت

‎بەرقەرار بێت ئازادی و ژیانی كۆمیناڵ، وەك یەكی و ژنی ئازاد، پێكەوە ژیان و دادوەری كۆمەڵایەتی، و یەكسانی و ژینگە پارێزی
‎شەرمەزاری بۆ دەوڵەتانی سەرمایەدارو تاڵانكەران و ویرانكەری ژینگەو دژە ئازادی وشەڕ و قاتوقڕی
‎ئازادی بۆ ڕێبەر و بیرمەندی ئازادی و مرۆڤایەتی ئاپۆی مەزن
‎سەركەوتن سەركەوتن

دەرچە میدیا

هاوبەشی :