ساڵیادی شەهید بوونی شەهید گەرمیانی دە ساڵەبە دەستی پارتی لە چەمچەماڵ بەرز ڕاگیرا

342
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە

دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینی ڕێكەوتی ٢٥ شوباتی ٢٠٢٢ لەگۆڕستانی شێخ سەعید لەچەمچەماڵ ١١ هەمین ساڵیادی شەهید گەرمیان بەڕێوە چوو، شەهید گەرمیانی تەمەن دە ساڵ لە ساڵی  ٢٠١١ لەبەردەم لقی پارتی  شەهیدکرا، لەو یادەدا دایکی شەهید گەرمیان بەشداری كرد و ئەوەی ئاشكرا كرد کە داوای سوڵحی عەشایەریان لێ دەکەن.

ڕێزان عەسکەر دایکی شەهید گەرمیان لە وتەیەکدا وتی “١١ ساڵ  تێدەپەڕێت بەسەر شەهید کردنی گەرمیانی كوڕم كە شەهید كرا تەنها  تەمەنی ١٠ ساڵ بوو، ئێمە ١١ ساڵە داوا لەدەسەڵاتدارانی حکومی  وحزبی دەکەین، ڕۆڵەکەمان خۆپیشاندەر نەبوو، گەر گەرمیان لەژیان بوایە ئێستا خوێندکاری زانکۆ دەبوو، تەمەنی ٢١ ساڵ دەبوو”.

وتیشی: تا ئێستا یەک دانیشتی دادگا تایبەت بە کەیسی شەهید گەرمیان ئەنجام نەدراوە، لەکاتێدا داوای سوڵحی عەشایەریمان لێدەکەن و دەیانەوێ کەیسی شەهید گەرمیان ببەنە دادگای تەمیزی هەولێر و بۆ بەلاڕێدانی کەیسەکە، هاوشێوەی کەیسەکانی دیکە، ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید گەرمیان داوا دەکەین خوێنی شەهیدانی ١٧ی شوبات بەفیڕۆ نەچێت.

دوای وتاری ژمارەیەک لە کەسایەتی و چالاکوانان، خەڵاتی ڕێزلینان بەخشرا بە هەریەکە لە زریان کامیل، ئەوکچە خوێندکارەی لە زانکۆ سلێمانی لەسەر داواکردنی دەرماڵە بریندارکرا، لەگەڵ مامۆستای ئاینی سەید ئەحمەد پێنجوێنی.

هاوبەشی :