نرخی نەوت و غاز و ئاڵتون و پشكەكان قەیرانەكان مەترسیدارتر دەكەن و سۆسیالیزم دەهێننەوە سەر شانۆ

365
0
هاوبەشی :

نوسینی:- ئەنوەر نەجمەدین

تا دێت هەڵاوسان زیاد دەکات، بەتایبەت لە تورکیا و ڕوسیادا. داخوازییش لەسەر کەرەسەی خاو بەتایبەت نەوت و غاز و لەویشەوە نرخی خۆراک، شڵەژانێکی ئێجگار گەورەی لە ئەمریکا و ئەوروپادا دروست کردووە. وە ئەگەر وەک Matt Egan لە CNN Business دا نووسیویەتی: نرخی نەوت بگاتە ١١٠ دۆلار، تێکڕای هەڵاوسان لە ئەمریکایشدا ١٠% ی تر بەرزدەبێتەوە. ئەگەر لەوە زیاتر بێت ئەوا ڕێسێرڤی ئەمریکی دەکەوێتە ژێر زەبرێکی گەورەوە بۆ داگرتنی نرخی بازاڕ (داگرتنی نرخە هەڵاوساوەکان). ئەمەیش وەک تورکیا، بە بەرزکردنەوەی سوودیی بانکی کۆتایی دێت کە دەبێتە بارگرانیەکی گەورەتر بەسەر جزدانی هەژارانی ئەو ووڵاتانەوە. لە بەرامبەریشدا نرخی ئاڵتون هەڵدەکشێت و نرخی پشکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دادەبەزێت. هەمیشەیش لە قوڵبونەوەی قەیرانەکاندا، سەردەمێک دێت پارسەنگ لە تەرازووی پێداندا (میزان المدفوعات) وون دەبێت لە نێوان ووڵاتاندا. بۆ پارسەنگی پێدان و کەمکردنەوەی هەڵاوسان، هەموو ئەو ووڵاتانە ناچاردەبن دەست بۆ ڕێسێرڤ و ئاڵتون ببەن. بۆیە داخوازی لەسەر ئاڵتونیش بەرزدەبێتە. ئەمەیش نرخی ئەو کانزا گرنبەهایە دەباتە سەرەوە کاتێک هاوردە و هەناردەی زیاد دەکات. بۆیە لێرە بەدواوە شەڕی داعشانە بەش ناکات بۆ سەرمایەداران وەک ساڵی ٢٠١٤. بۆیە جەنگەکان گەورەتر دەبن. تاکە ئاڵترناتیڤێکیش لەدەستی مرۆڤایەتیدا مابێتەوە بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە، دەرچوونە لە دەست سەرمایەداریی و گەڕانەوەیە بۆ ژیانی هەرەوەزکاریی کۆمۆنی! سۆشیالیزم دەبێتەوە بە پێویستیی وەستاندنی یاسای قەیرانەکان. ئەمە بە گۆڕینی کەشتی بە شەمەندەفەر، شەمەندەفەر بە ئۆتۆمۆبێل و فڕۆکە، تەلەفۆن بە ئینترنێت ڕوونادات، ئەمانە هیچ شتێک لە سروشتی سەرمایەداریی ناگۆرن، بەڵکو تەنها دەورانی سەرمایە و کەڵەکەبوون خێراتر دەکەن و نێوانی قەیرانەکان چڕتر دەکەنەوە. تاکە ئاڵترناتیڤ سۆشیالیزمە، ژیانی هەرەوەزکاریی کۆمۆنیە. ئەمەیش تەنها بە دابەشکردنەوەی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان و هێزیکار ڕوودەدات بەسەر بوارە بەرهەمهێنە جیاوازەکاندا لەسەر بنەمای پێویستی نەک لەسەر بنچینەی ئاژاوەی بەرهەمهێنان و ڕکابەری. ئەوە تاکە ڕێگایە بۆ دەرچوونی مرۆڤایەتی لە هەژاری و بێکاری و گرانی و برسێتی و جەنگ. ڕزگاریی ئینسانی مەحاڵە بەبێ دەرچوون لە سەرمایەداری و گەیشتن بە شێوازی بەرهەمهێنانی سۆشیالیستی.
٢٤ / ٢ / ٢٠٢٢

هاوبەشی :