کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان هەڵوێستی خۆیان نیشاندا دژ بە تۆمەت دروستکردنی مەسرور بارزانی بۆ ژنە چالاکوان (شنیار ئەنوەر)

421
0
هاوبەشی :

کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاریی ڕایان گەیاند:-

هەر تۆمەت و توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنێک بکرێت، توندوتیژییە بۆسەر تەواوی ژنان، بۆیە دەبێت داوای لێبووردن لە تەواوی ژنان بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی١٥ كانونی یەكەم لە سەکۆی ئازادیی شاری سلێمانی، کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاریی، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند دژی سەرۆكی حكومەتی كوردستان  بۆ تۆمەت دروست كردنی بۆ ژنە چالاكوانی سیاسی (شنیار ئەنوەر).

لە ڕاگەیابدراوەكەی كەمپینەكە ئاماژە بەوە كرا بوو:  بوختانی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای کوردییدا بە توندوتیژیی و کوشتن کۆتایی دێت، هەمیشەش بۆ بێدەنگکردنی ژنان، بوختانی ئەخلاقیی دەدرێتە پاڵیان، لەکاتێکدا لە هەفتەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانداین، چۆن دەبێت ئاوا تۆمەت بۆ ژن دروست بکرێت؟.

کەمپەینەکە، ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتەی بۆ ژنێکی کوردی چالاکوان کراوە بەناوی ‘شنیار ئەنوەر’، دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی ئەخلاقیی، یاسایی، فەرمانڕەوایی و ئاینیی و کۆمەڵایەتیی، بەتایبەت بۆ کەسێک، کە پۆستێکی باڵای هەبێت، لەناو حکومەتدا، ئەوا زۆرتر مایەی شەرمەزارییە.

هەر لە ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکەدا هاتبوو: ژنان هەمیشە قوربانیی سەرەکیی بوون لە شەڕ و ململانێکدا، لە سەردەمی بەعسیشدا بۆ ئەوەی پیاوێک ڕادەست بکرێت، بە شکانی ئابڕووی هەڕەشەیان لێدەکرد، ئێستاش هەر ژنێک کە لەبەرژەوەندیی خەڵک کار بکات و بەرژەوەندیی دەسەڵات نەپارێزێت، تۆمەتی بۆ دروست دەکەن.

لە کۆتاییشدا، جەخت کرابووەوە، کە کەمپەینەکە ئەو بوختانە بۆسەر هەموو ژنان دەبینێت و ڕایدەگەیەنیت، کە نەک تەنیا لە شنیار، بەڵکو پێویستە داوای لێبووردن لە تەواوی ژنان بکرێت.

هاوبەشی :